ئه‌مڕۆ دوای 100 رۆژ یارییه‌كانی پرێمه‌رلیگ ده‌ستپێده‌كاته‌وه
دوای نزیكه‌ی 100 رۆژ له هه‌ڵپه‌سێردرانی به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئه‌مڕۆ ركابه‌رییه‌كانی پرێمه‌رلیگ ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه، رۆژێكی پڕ له هه‌ست و سۆز ده‌بێت، دوو یاریی له دوو یاریگه‌ی چۆڵ، به‌ر له یاریه‌كانیش یاریزانان خوله‌كێك بێ ده‌نگ ده‌بن بۆ گیانی زیاتر له 40 هه‌زار كه‌س كه به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا له به‌ریتانیا گیانیان له‌ده‌ستداوه.
پرێمه‌رلیگ ده‌بێته سێیه‌م خول له‌سه‌ر ئاستی خوله گه‌وره‌كانی ئه‌وروپا به‌بێ ئاماده‌بوونی هانده‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه، بۆندزلیگا له 16ـی ئایاری رابردوو ده‌ستیپێكرده‌وه و له هه‌فته‌ی رابردووش یانه‌كانی لالیگا ده‌ستیان به ركابه‌رییه‌كان كرده‌وه، حكومه‌تی به‌ریتانیاش بڕیاریداوه رێوشوێنی ئه‌منی توند بگرێته به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی هانده‌ران له‌به‌رده‌م یاریگه‌كان له كاتی به‌ڕێوه‌چوونی یارییه‌كان كۆ نه‌بنه‌وه.
92 یاریی له‌م وه‌رزه‌ی پرێمه‌رلیگ ماوه و ئه‌مڕۆ به دوو یاریی دواخراوی گه‌ڕی 28 جارێكی دیكه ده‌رگای پرێمه‌رلیگ ده‌كرێته‌وه، له یه‌كه‌م یاریدا كه كاتژمێر 8:00ـی ئێواره به كاتی هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئاستۆن ڤیلا میوانداریی شیفیڵد یونایتد ده‌كات، له گرنگترین یاریشدا مانچێسته‌ر سیتی هه‌ڵگری نازناوه‌كه له یاریگه‌ی ئیتیحاد له كاتژمێر 10:15 خوله‌ك میوانداری ئارسێناڵ ده‌كات.
به دۆڕانی مان سیتی له‌م یارییه به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر چاره‌نووسی ئه‌م وه‌رزه‌ی خوله‌كه پێشوه‌خته له به‌رژه‌وه‌ندی لیڤه‌رپوول یه‌كلایی، ئه‌وكات لیڤه‌رپوولی پێشه‌نگ ته‌نیا بردنه‌وه‌یه‌كی پێویست ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بۆ جاری یه‌كه‌م له‌وه‌ته‌ی ساڵی 1990 ببێته پاڵه‌وانی پرێمه‌رلیگ، كه ئه‌م یانه‌یه له دێربی مێرسیساید رووبه‌ڕووی ئێڤه‌رتۆن ده‌بێته‌وه، به‌ڵام مان سیتی ده‌یه‌وێت پاڵه‌وانبوونی لیڤه‌رپوول دوابخات و ته‌واوی یاریزانه‌كانی بۆ ئه‌م یارییه ئاماده‌ن، ده‌یانه‌وێت بۆ جاری حه‌وته‌م له‌سه‌ریه‌ك سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ئارسێناڵ تۆمار بكه‌ن، كه سیتیزن له دوایین 33 یاریی له یاریگه‌ی خۆی 28 بردنه‌وه‌ی به‌ده‌ستهێناوه.
له‌لایه‌كی دیكه تۆپهاوێژه‌كان له‌سه‌ره‌تای وه‌رز كۆمه‌ڵێك ئه‌نجامی خراپیان تۆمار كرد، به‌ڵام میكێل ئارتیتای راهێنه‌ر كه‌مێك ژیانی بۆ ئه‌و یانه‌یه گه‌ڕانده‌وه و له دوایین هه‌شت یاریی له پرێمه‌رلیگ تامی دۆڕانی نه‌كردووه، له سێ گه‌ڕی رابردووش بردنه‌وه‌ی به‌ده‌ستهێناوه، ئه‌م یانه له‌نده‌نیه كه ئێستا له خانه‌ی نۆیه‌م ده‌بینرێت ململانێ ده‌كات بۆ هه‌ڵهاتن له سیناریۆی یه‌كێك له خراپترین وه‌رزه‌كانی كاتێك له ساڵی 1995 له پله‌ی دوازده‌م كۆتایی به وه‌رزه‌كه هێنا، كه ئێستا گانه‌رز به كۆكردنه‌وه‌ی 40 خاڵ له خانه‌ی نۆیه‌م ده‌بینرێت و به جیاوازی 42 خاڵ له لیڤه‌رپوولی پێشه‌نگ دووره.