سەرکەوتن لە شەڕی رزگارکردنی دارستانەکانی کوردستان دوایین چانسی مانەوەی پڵنگی فارسییە

K24- گاردیان

نهێنیی مانەوەی پڵنگی فارسی لە هەرێمی کوردستان، دارستانە بەڵام ئەگەر شەڕی رزگارکردنی دارستانەکانی کوردستان بە سەرکەوتن کۆتایی نەیەت، رەنگە ئەوجۆرە پڵنگەش لەنێوبچێت.

تاوەکو ساڵی 1980 دارستان قەدپاڵی چیای پیرەمەگروون  و دەوروبەریشی داگیرکردبوو، ئەو پڵنگە فارسییانەش زیاتر لەلای راوچییەکانەوە دەبینران، بەڵام بڕینەوەی نایاسایی دارەکان لەم دواییە، بەنزیکەیی نیوەی دارستانەکەی لەنێوبردووە.

بەپێی ئامارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نەتەوە یەکگرتووەکان: لەماوەی نێوان ساڵانی 1999 بۆ 2018  بەنزیکەیی نیوەی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان (زیاتر لە 890 هەزار هێکتار) لەنێوچوون، بەزۆری بەهۆی بڕینەوەی نایاسایی دار و ئاگرەوە، هەر لەو ماوەیەدا پڵنگی فارسی کە رۆژانێک بینینیان باو بوو، مەزەندە دەکرێت تەنیا 800 بۆ 1200 دانەیان لە جیهاندا مابن.

هانا رەزا، شارەزای بایۆلۆجی لە رێخراوی سرووشتی عێراق کە زیاتر لە دە ساڵە چاودێریی ئەو گیاندارە گۆشتخۆرانەی ناوچەکە دەکات، قسەی بۆ رۆژنامەی گاردیان کردووە و دەڵێ "ئەگەر دارستانەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی لەنێوبردنی دار بەڕووەکانەوە لەنێوبچن، چانسی مانەوەی ئەو پڵنگەش بەرەو نەمان دەچێت".

بەپێی رێکخراوی سرووشتی عێراق، جگە لەوجۆرە پڵنگە، بەلایەنی کەمەوە 31 جۆر باڵندەش لە هەرێمی کوردستان مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە، لەکاتێکدا ئاسکی فارسی و شێری ئاسیایی پێشتر لە ناوچەکە هەبوون و لەنێوچوون.

سروشتی شارباژێڕ لە وەرزی بەهار، وێنە: کۆرش ئارارات
سروشتی شارباژێڕ لە وەرزی بەهار، وێنە: کۆرش ئارارات

سەرەڕای ئەوانە، بەڕووی قەوقازی، کە یەکێکە لە چوار جۆر دار بەڕووەکانی چیاکانی کوردستان، لەڕووی جوگرافیای ناوچەکەوە لە ژێر هەڕەشەی لەنێوچووندایە، و خەریکە بەتەواوی لە "دارستانەکانی هەرێمی کوردستان لەنێودەچێت".

رەزا دەڵێ: هەرساڵێک کە دەگەڕێمەوە سەر چیای پیرەمەگروون، دەبینم ژمارەی دارەکان کەمتر بووەتەوە، نەک تەنیا لە یەک چیا، بەڵکو بەگشتی دارستانەکانی بەڕوو لە هەرێمی کوردستان لەکەمبوونەوەدان.

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی لەنێوچوونی دارستانەکانی بەڕوو، بەهۆی بڕینەوەی دارەکانە، کە بەهۆی رەوشی ئابووری، خەڵک ناچاربوون وەکو سووتەمەنی سوودیان سوود لە دارەکان ببینن لە چەند ساڵی رابردوودا.

دلیڤا عەبدوڵڵا، سەرۆکی شارەوانیی قەرەداغە کە یەکێکە لەو شوێنە کەمانەی هەرێمی کوردستان، وێنەی ئەو پڵنگە فارسییەی لێ گیراوە.

بەهۆی کەمیی توانای دارایی پۆلیسی دارستان، ناتوانن بەتەواوی رێگە لەوانە بگرن کە دارستانەکان دەبڕنەوە، یان ئەوانەی بەنایاسایی راو دەکەن.

بزنەکێوییەک لەنێو سرووشتی قەرەداغ، وێنە: کۆرش ئارارات
بزنەکێوییەک لەنێو سرووشتی قەرەداغ، وێنە: کۆرش ئارارات

زۆربوونی راوکردنیش لە قۆپی قەرەداغ، کە زنجیرە چیایەکە نۆ لووتکە لەخۆدەگرێت، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی بزنەکێوی و بەرازی کێوی لە ناوچەکە، بەمەش ژمارەی پڵنگی فارسیش بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، چونکە ئەو دوو ئاژەڵە خۆراکی سەرەکیی پڵنگەکانن.

کەلاکی پڵنگێک کە لە کوردستان کوژراوە، وێنە: کۆرش ئارارات
کەلاکی پڵنگێک کە لە کوردستان کوژراوە، وێنە: کۆرش ئارارات

"رەنگە تاکە سوودێکی چاندنی مین، دوورخستنەوەی خەڵک بێ لە دارستانەکان". ئەو مینانەی لە دەیەکانی رابردوودا لەلایەن سوپای عێراقەوە چێنراون، وایانکردووە هەرێمی کوردستان ببێتە یەکێک لە پێنج ناوچەی جیهان لەڕووی زۆریی مینڕێژکردنەوە. مەزەندە دەکرێت لە ساڵانی شەڕی عێراق و ئێران (1980 بۆ 1988) زیاتر لە 20 ملیۆن مین لە خاکی هەرێمی کوردستان چێنرابن.

سامان ئەحمەد، سەرۆکی دامەزراوەی رووەکی، کە رێکخراوەکەی تایبەتە بە تۆمارکردن و پاراستنی رووەک و سەوزایی لە هەرێمی کوردستان، پێی وایە لەگەڵ رەوشی ئابووریی هەرێمی کوردستان و ئەو کێشە ئەمنییانەی هەن، تاکە شتێک کە رێگربووە لەوەی دارستانەکانی بەڕوو بمێننەوە، مینە چێنراوەکانن. ئەو هەروەها دەڵێ "ئێستا، رەنگە باشتر بێت کە ئەو مینانە لە شوێنی خۆیان بمێننەوە، چونکە خەڵک لە دارستانەکان دووردەکەنەوە و سرووشت ناشێوێنن".

مینێکی چێنراو لە دەربەندیخان، وێنە: کۆرش ئارارات
مینێکی چێنراو لە دەربەندیخان، وێنە: کۆرش ئارارات

ئێستا، رێکخراوی سرووشتی عێراق کاردەکات بۆ ئەوەی شوێنی تایبەت بە پاراستنی پڵنگی فارسی لە قۆپی قەرەداغ دابمەزرێنێت، داواکارییەکە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی کانوونی دووەمی 2019 قبوڵکراوە و، رێکخراوەکە هیواخوازە لە ساڵی 2021 عێراق ناوچەکە وەکو ناشناڵ پارک بناسێنێت.