ئەمڕۆ لە سلێمانی 12 کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە

بچووکترینیان ئافرەتێکی تەمەن 41 ساڵە

K24 - سلێمانی

جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد "ئەمڕۆ 12 کەس لە پارێزگای سلێمانی بەهۆی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، کە بچووکترینیان ئافرەتێکی تەمەن 41 ساڵە".

لە راگەیەندراوەکەدا شێخ عەبدوڵڵا سەنگاوی، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی دەڵێ "ژمارەی قوربانیانی پارێزگای سلێمانی تا ئەم ساتە گەیشتووەتە 12 هاووڵاتی کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە. رۆژانە ئامارەکانی مردن بە کۆرۆنا بەرزتر دەبنەوە، تکاتان لێ دەکەین هاووڵاتییانی ئازیز ئاگاتان لە ئازیزانتان بێت و خۆپارێزی ئێوە پاراستنی گیانی ئٔەوانە".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا باسی ناشتنی قوربانییانی کۆرۆنا دەکات و ئاماژە بەوە دەدات "ئێمە رۆژانە پرۆسەی ناشتنی تەرمی قوربانییانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەڕێوەدەبەین و، پێویست ناکات ئێوە خەمی چۆنییەتی ناشتنی ئازیزانتان بێت، چونکە ئەوان کەس و ئازیزی ئێمەشن".

تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا لە کۆتاییەکانی مانگی ئایارەوە لە هەرێمی کوردستان زۆر زیادی کردووە، بەجۆرێک تائێستا 3182 کەس تووشی بوون، کە زیاتر لە دوو لەسەر سێی تووشبووەکانیش لە پارێزگای سلێمانین، هەروەها هەتاوەکو ئێستا وەزارەتی تەندروستی بەفەرمی گیانلەدەستدانی 126 کەسی بە کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی راگەیاندووە، (ئەو ژمارەیە جگە لەوانەی ئەمڕۆیە کە بە پەتاکە گیانیان لەدەستداوە).

 

هـ.ر.