لە ئەمەریکا دەست بەسەر بارێک قژی دەستکرددا گیرا کە "بەزۆر" بە موسڵمانانی چین دروستکراوە

K24 - هەولێر

لە ئەمەریکا دەست بەسەر بارێک بەرهەمی لە قژ دروستکراودا گیرا، کە لە چین دروستکرابوو، بەهۆی ئەوەی گوماندەکرێت ئەو موسڵمانانەی دروستیان کردووە، لە چین بەزۆر کاریان پێدەکرێت.

بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکا دەڵێن، ئەو بارەی دەستی بەسەردا گیراوە لە 13 تۆن مووی مرۆڤ پێکدێت، کە بارۆکە و کەرەستەی دیکەی لێ دروستکراوە و، مەزەندە دەکرێت بای 800 هەزار دۆلار بێت.

برێندا سمیس، یاریدەدەری سەرۆکی کۆمیسیۆنی پاراستنی کڕیار و سنوورەکان لە وەزارەتی بازرگانیی ئەمەریکا دەڵێ "بەرهەمهێنانی ئەو بەرهەمانە لەڕێگەی سەرپێچییەکی زۆری مافەکانی مرۆڤەوە بووە، ئێمە بە دەستبەسەرداگرتنی پەیامێکی روون و ئاشکرا دەنێرین کە ئەمەریکا بازرگانیی نایاسایی و نامرۆڤانە قبوڵ ناکات".

ئەمساڵ ئەمە جاری دووەمە ئەمەریکا دەست بەسەر باری قژدا دەگرێت کە لە چینەوە هاوردە کراون، بەگومانی ئەوەی ئەوانەی دروستی دەکەن، رووبەڕووی مامەڵەیەکی نامرۆڤانە دەبنەوە.

ئەوانەی ئەمریکا باسیان دەکات، موسڵمانانی ئۆیگۆرن. چین لەلایەن میدیا جیهانییەکان و ئەمەریکاشەوە تۆمەتبار دەکرێت بەوەی ژمارەیەکی زۆری ئەو موسڵمانانە کە بەرەچەڵەک تورکن و کولتوور و زمانیان جیاوازە، لە کامپەکان لە رۆژئاوای چین جێکردووەتەوە.

میدیاکان باس لەوە دەکەن، چین هەوڵدەدات کولتوور و زمان و ئایین لەبیر ئەو موسڵمانانە بباتەوە بە جێگیرکردنیان لە کەمپەکان، هەروەها چەندین مامەڵەی دیکەی نامرۆڤانەیان لەگەڵدا دەکات، بەڵام چین سەرجەم تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە.