بەوێنە.. لە کەمپێکی ئاوارەکانی ئیدلب نەخۆشی لیشمانیا بڵاوبووەتەوە
K24 - ئیدلب
لە کەمپی ئاوارەکانی ئیدلب بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی تەندروستی، نەخۆشی لیشمانیا بڵاوبووەتەوە و مەترسی هەیە پەرەبسێنێت و لە کۆنترۆڵ دەربچێت.
محەمەد ئیبراهیم، یەکێکە لەو کەسانەی لەگەڵ خێزانەکەیدا لە ترسی پەلامارەکان هەڵاتوون و هاتوونەتە کەمپی شام ئەلخەیر لە ئیدلب، لە لێدوانێکدا باسی لەوە کرد، کۆبوونەوەی ئاوی پیس لە ئاوەڕۆ سەرکراوەکاندا بووەتە هۆی بۆنی ناخۆش و کۆبوونەوەی میکرۆب، ئەمەش وایکردووە حەوت ئەندامی خێزانەکەی تووشی نەخۆشی لیشمانیا ببن.
لیشمانیا، نەخۆشییەکی گوازراوەی پێستە و بەهۆی پێوەدانی جۆرێک مێشوولە، کە بە مێشوولەی خاک ناسراوە تووشی مرۆڤ دەبێت. نەخۆشییەکە بەگوێرەی ژمارەی برینەکان، شوێنەکەی لە جەستە و توانای بەرگریی کەسە تووشبووەکە، چارەسەر دەکرێت.
ئیبراهیم مەککی، پزیشکێکی شاری ئیدلبە و لە لێدوانێکدا ئەوە دەخاتەڕوو: "بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشیی لیشمانیا، پێویستمان بە دەرمانی قەڵاچۆکردنی مێروو هەیە، هەروەها دەبێت مەنهۆڵ و ئاوەڕۆ سەرکراوەکان، سەریان دابخرێت".
425 خێزان لە کەمپی شام ئەلخەیردا دەژین. عەدنان قەدوور، بەرپرسی کەمپەکە ئەوەی ئاشکرا کرد: "نەخۆشیی لیشمانیا لەنێو ١٢٠ خێزانی کەمپەکەدا بڵاوبووەتەوە".
عەدنان قەدووی جەخت دەکاتەوە لەوەی، بەهۆی نەبوونی دەرمان و کێشەی کۆبوونەوەی ئاوی پیس، نەخۆشییەکە لە پەرەسەندندایە و رۆژانە ژمارەی توشبووان زیاتر دەبێت.
سەرچاوە: AA