بۆچی ئەمەریکا داوای نھێنییەکانی تانكی 72ی رووسی لە عێراق دەكرد؟

Kurd24

جەنگ تەنھا پێکدادان و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی نییە، بەڵکو لایەنی ململانێی ئەمنی و لۆجیستی و دیپلۆماسی و ئابووری و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و جەنگی دەروونیش داخیلی شەڕ دەبن، عێراق لەدوای خۆماڵیکردنی نەوت لە یەکی حوزەیرانی 1972، روویکردە بەھێزکردن و پێشخستنی توانا سەربازییەکانی سوپا و کڕینی نوێترین جۆری چەک لە بلۆکی ئیشتیراکی کە سۆڤیەت سەرە جەمسەری بوو.

عەمید روکن عەلی حوسێن عاگوب ئەلعوبەیدی، کە ئێستا لە ئوردنە و تاوەکو 2003/4/9 رۆژی رووخانی رژێمی سەددام بەشداری شەڕەکان بووە لە بەغدا و  ئامیر لیوای «السيطرة والانذار الاولي» واتە بەرپرسی ھەموو ئیتیساڵاتی عەسکەری دەزگاکانی بێتەل و ئاگادارکردنەوەی سوپای عێراق بووە دەڵێت "سەرەتای حەفتاکان دەوڵەت رووی کردە بەھێزکردنی سوپا  ئەو کات بڕیاردرا بە گوژمەی 4 ملیار دۆلار کە لەو کات مەبلەغێکی زۆر گەورە و خەیاڵی بوو، سوپا پڕچەک بکرێت بە سەرپەرشتی عامر محەمەد رەشيد کە لە ساڵی حەفتاکان سەرۆکی دەستەی لێکۆڵینەوەی زانستی و پێشخستنی توانای تەکنیکی و سەربازیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق بوو"، ناوبراو لە 2003 وەزیری نەوتی عێراق بوو لەکاتی رووخانی سەددام لەلایەن ھێزەکانی ئەمەریکا دەستگیرکراو لە 2012 ئازاد کرا.

لە سەرەتای حەفتاکان عێراق گرێبەستێكی سەربازی لەگەڵ سۆڤیەت بۆ کڕینی ژمارەیەک تانکی تی 72 واژۆكرد، کە بەشای دەبابەکان دەناسرا، ئەم جۆرە تانکە لەساڵی 71 دروست کراوە و لە 1973 خرایە خزمەتی سەربازی، سۆڤیەت تەنھا بەو وڵاتانەی دەفرۆشت کە بەشداری پەیمانی وارشۆ بوون و لەوڵاتە عەرەبیەکانیش تەنھا بە عێراق و سووریای داوە، عێراق لیوای زریپۆشی 10ی پێ پڕچەک کرد کە بەباشترین ھێزی نوخبەی  عێراقی دادەنرا، گرنگ لە شەڕی ھەشت ساڵەی عێراق - ئێران لەسەرەتادا سوپای عێراق لەماوەیەکی کەمدا و بەخێراییەکی بەرچاو داخیلی خاکی ئێران بوو چەندین شاری ئێرانی داگیرکرد، لەوانە عەبادان موحەمەڕڕە قەسرشیرین سەرپولی زەهاو و دزفول، بەڵام لەساڵی 1981 ھاوکێشەکە پێچەوانە بووەوە و عێراق تووشی شکستی سەربازی گەورەبوو تەنانەت تەنھا لەشەڕی موحەمەڕڕە و پەڕینەوەی ئێران لە رووباری کارۆن، زیانی عێراق 30 ھەزار دیل و کوژراو بوو، ئەوەبوو سەددام وەك کارداناوەیەک و بەتۆمەتی تەقسیریکردن لەجێبەجێکردنی ئەركی سەربازی، لیوا روکن سەلاح ئەلقازی، فەرماندەی فەیلەقی سێ و فەرماندەی فیرقەی سێی زریپۆش عەمید روکن جەواد ئەسعەد شێتنە، کە کورد بوو، ئیعدام دەکات.

فەریق ئەوەل روکن نەزار ئەلخەزرەجی سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق «1987-1990» لەکتێبی «الحرب العراقية الايرانية مذكرات مقاتل» و فەریق ئەوەل روکن رەعد ئەلحەمدانی قائید فەیلەقی دووی گاردی کۆماری لەکتێبی «قبل أن يغادرنا التاريخ» دەڵێن ؛ سەلاح ئەلقازی و جەواد ئەسعەد شێتنە دوو ئەفسەری ئازاو دڵسۆزی سوپای عێراق بوون، سەددام پەلەی کرد لە بڕیاری کوشتنیان و لەرووی ئەرکی سەربازییەوە ھەردووکیان ئەرکی خۆیان بەتەواوی ئەنجامدابوو.

دواتریش سەددام ھەردوو ئەفسەری بە شەھید حیساب کرد، تاوەکو ساڵی 1985 ئێران بەشێکی گرنگی خاکی عێراقی لە باشوور و باکوور و ناوەڕاستی عێراق داگیرکردبوو، تۆپەکانی ئێران دەگەیشتنە ناو سەنتەری شاری بەسرە و لە کوردستانیش لەحاجی ئۆمەران تاوەکو چیای گردمەندیل و ڕۆژھەڵاتی سلێمانی ھاتبوو جارجاریش ناو سۆران و سلێمانی بۆردومان دەکرد، لەساڵی 1985 شکستی سوپای ئێران لە زۆربەی جەبھەکان دەستیپێکرد و ھێزی ئاسمانی عێراق رۆڵی سەرەکی بینی، بەھۆی ئەوەی خاوەنی نوێترین فڕۆکەی شەڕکەری جەنگی بوو، وەک مێگ 28 و 29 سوخۆی 22 و 24 و 25 و جگە لە ھۆکەرھەنتەر و سەمتی رووسی و میراج و سوپەرئینتێندەری فەرەنسی، ئەوەبوو بەتایبەت دوای وەرگرتنەوەی قەزای فاوی ستراتیجی لە ئێران کە بەبووکی کەنداو ناسراوە بە سەرپەرشتی مەیدانی سەددام و رۆڵی کارای لیوا روکن ماھیر عەبدولرەشید، خەزووری قوسەی کوڕی سەدام و فەرماندەی فەیلەقی سێ کە لە حوزەیرانی 2014 لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد، پاش وەرگرتنەوەی فاو لەلایەن عێراقەوە، ئێران بە ناچاری تەسلیمی بڕیاری 598ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بوو، تایبەت بە راگرتنی شەڕ و خومەینی بەئاشکرا رایگەیاند؛ "وادەزانم کوپە ژەھرێکم خواردۆتەوە".

با بگەڕیێنەوە سەر ئەسڵی بابەتەکە؛ ساڵی 1981 کاتێک عێراق لەناو خاکی ئێران بوو، ئێرانییەکان بەھەموو توانایان شەڕی شکاندنی ئیرادە و مەعنەویاتی سوپای  عێراقیان دەکرد، بە تایبەت سوپای پاسداران، ئەوەبوو لە 6 کانونی یەکەمی 1981 لە نزیک رووباری کەرخ، شەڕێکی زۆر قورس روودەدات لەنێوان فیرقەی 16ی ئێرانی پڕچەک بەدەبابەی ئێم 60ی ئەمریکی پێشکەوتوو، لەبەرامبەر لیوای 10ی زریپۆشی عێراقی پڕچەککراو بەتانکی تی 72 ی رووسی، شەڕەکە بووە شەڕی دوو جەمسەر، دوو جۆرە تانک ؛ تانکی ئێم 60ی ئەمریکی و تی 72ی رووسی، شەڕەکە 3 كاتژمێر زۆر بەخەستی بەردەوام دەبێت، شەڕی دەبابە و دەبابە دەبێت، سەرۆکی ئەوکاتی ئێران ئەبوئەلحەسەن بەنی سەدر و سەرۆکی ئەوکاتی ئەنجومەنی شوورای ئێران، ھاشم رەفسنجانی راستەوخۆ و بەشێوەیەکی مەیدانی  سەرپەرشتی شەڕەکە دەکەن و پاش شەڕێکی خوێناوی، فیرقەی ئێرانییەکان ئیبادە دەبێت و ئەبو حەسەن بەنی سەدری سەرۆکی ئێران، دووچاری موحاسەبە دەبێت لەلایەن خومەینییەوە.

ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنجە  چەند خاڵێكە:

یەک: فیرقە لە رووی ژمارە و قەبارەیەوە زۆر لە لیوا زیاترە، یەک فرقەی عەسکەری 3 لیوایە، کەچی ھێزەکەی ئێران تووشی شکست بوو.

دوو: توانای شەڕکردنی دەبابەی رووسی لە بەرامبەر تانکی ئەمریکی کاراتربوو.

سێ: بێگومان  دەزگای ھەواڵگری ئەمەریکا لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە ھەموو ئەو شەڕانەیان تۆمار دەکرد و توێژینەوەیان لەسەر دەکرد و ئەنجامی شەڕەکەو توانای تانکە رووسییەکە، بووە جێگەی تێبینیان، بڕیاری دەزگای سی ئای ئی ئەوەبوو، ھەوڵبدەن نھێنییەکانی دروستکردنی دەبابەی تی 72 یان دەست بکەوێت، ھەروەک چۆن دەزگای مۆسادی ئیسرائیلی ساڵی 1966 دانەیەک لە فرۆکەی مێگ 21ی رووسییان لەرێگەی فرۆکەوانی عێراقی بەناوی مونیر رۆفا دەستکەوت، کە بە فرۆکە رووسییەکەی رایکرد بۆ ئیسرائیل، لەبەرامبەریشدا 5 ملیۆن دۆلاری ئەوکاتی وەرگرت، پێدەچێت کوردیش پەنجە مۆری ھەبێت لەمەوزوعەکە؟

ئەوەبوو ئەمەریکییەکان کەسێکی باوەڕپێکراوی خۆیان ڕەوانەی باڵیۆزخانەی عێراق لە جنێف دەکەن و ئامادەیی نیشان دەدەن، ئەگەر عێراق رازی بێت دانەیەک لە تانکی تی 72ی رووسیان پێبدات، یان رێگەیان پێبدات کەتیمێکی سەربازی و ھەوڵگری ئەمەریکا بێتە عێراق و پشکنین لەسەر دەبابە رووسیەکە بکەن، ئەوان ئامادەن سێ کەتیبەی تۆپخانەی پێشکەوتووی جۆری 75 مللیمی ئەمەریکی بە تەواوی چەك و چڵی پێویستەوە بەعێراق بدەن، ئەوکاتیش عێراق زۆر پێویستی بەچەک و پێداویستی بوو، بەتایبەت تانک و تۆپ لەبەر ئەوەی ماوەیەک بوو سۆڤیەت  چەکی بە عێراق نەدەفرۆشت.

پاش ماوەیەکی کەم عەقیدێک لە دەزگای ھەوڵگری ئەمەریکا سەردانی بارزان تکریتی دەکات لە بەغدا، کە ئەوکات  بارزان سەرۆکی موخابەراتی عێراقی  بوو، ئەمەریکیەکان ئامادەیی نیشان دەدەن کە شاندێكی عێراقی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتەکە سەردانی ئەمەریکا بکات، لێرەدا عێراق شاندەكە رەوانەی ویلایەتی مەیامی ئەمریکا دەکات، کە نوێنەرانی دەزگای هەواڵگری و وەزارەتی بەرگری و شارەزای تۆپی دوورھاوێژ لەخۆ دەگرێت، ئەمەریکیەکان زۆر پەرۆش دەبن بۆ بەدەستخستنی تانکە رووسیەکە، لەلای خۆیەوە بارزان بابەتەکە بەرز دەکاتەوە بۆ سەرۆک کۆمار و لە وەڵامدا سەددام دەڵێت: "لن نعبر النهر بزوارق قذرة (بە بەلەمی پیس لە ڕووبارەکە ناپەڕینەوە) ئێمە رێککەوتنمان لەگەڵ سۆڤیەت ھەیە، کە پارێزگاری لە نھێنیەکانی ئەو تانکە بکەین و نەیدەین بە ھیچ وڵاتێک، بە تایبەت وڵاتانی بلۆکی ڕۆژئاوا".

ئەوەی تێی بگەم جگە لەم وەڵامە ھۆکاری دیكەش ھەبووە، ئەویش؛ سەدام هەرگیز متمانەی بە ئەمەریکییەکان نەبووە، وەفیق سامەرائی ئەو کاتەی سەرۆکی دەزگای ھەواڵگری سەربازی عێراق بووە، لە شەری عێراق ئێران لە کتێبی «حطام البوابة الشرقية» دەڵێت: "لە گەرمەی شەڕدا زۆر زانیاری ھەواڵگریمان لەگەڵ ئەمەریکیەکان دەگۆڕییەوە و رۆڵی ئەمریکاش تەنیا درێژەپێدانی شەڕبوو؟! ئەوان زانیاری ھەوڵگریان دەدایە ھەردوولامان، سەدام ھەمیشە پێیدەگوتین؛ تەعامولی مەعلومات گۆڕینەوە لەگەڵ ئەمریکیەکان بکەن، بەڵام قەت متمانەیان پێ مەکەن؟!".

دوای ئەوەی عێراق پێشنیازەکەی ئەمەریکا ڕەتدەکاتەوە ئەمەریکیەکان توانیان دانەیەکی ئەو جۆرە تانكەیان لە سوورییەکان دەست بکەوێت، کاتێک لە شەڕێکی باشووری لوبنان سوپای سووریا توەشی شکست دەبێت، لە بەرامبەر سوپای ئیسرائیل و چەند دانەیەك لەو تانکانە لە مەیدانی شەڕ بەجێدێڵن، ئیسرائیلییەکانیش دەیدەنە ئەمریکا، دواتر ئەو ھەوڵەی ئەمەریکا و پێش ئەوەی تانکەکەیان لە ڕێگای سووریاوە دەست بکەوێت، سەدام لەشەڕی ناوچەکانی بەدرە و جەسان فەرمان بە فەرماندەی لیوا عەقید روکن ریاز تەھا ئەلشەکەرچی دەكات، ھەرچی تانکێکی تی 72ی رووسی لەمەیدانی شەڕ بەجێما یان پەکیکەوت، بەھەر شێوەیەک بێت بیسووتێنن و نابێت بکەوێتە دەست ئێرانییەکان و لەڕێگای ئەوانیش بگاتە دەست ئەمەریکییەکان .

ئەوەی لێرەدا گرنگەو شیاوی باسکردنە جەنگی 8 ساڵەی عێراق ئێران درێژترین جەنگی سەدەی بیستەم بوو، ھەردوولا دووچاری زیانی زۆر گەورەی ماددی و گیانی بوون کە بە ھەردوولا زیاتر لە یەک ملیۆن کوشتار و 750 ملیار دۆلاری ئەمەریکی زیانی ماددی هەبوو، تەنھا زیانی عێراق 350 ملیار دۆلار بوو، لێرەدا دەمەوێت زانیاریەکی ھەڵەی زۆر بەربڵاوی ناو ناوەندە سیاسییەکان و جەماوەرییەکان راستبکەمەوە، ئەویش؛ زۆر دەگوترێت وڵاتە عەرەبییەکان بە ھەموو شێوەیەک یارمەتی عێراقیان دەدا، بەڵێ یارمەتیان دەدا، بەڵام کۆی ھەموو یارمەتییەکانی وڵاتانی عەرەبی بۆ عێراق لە ماوەی ھەشت ساڵی جەنگ لەسەدا ‎%‎30 تێپەڕی نەكرد، ئەویش بەقەرز بووە، ھەر بۆیەش کاتێک شەڕ کۆتاییھات و کوێت یەکسەر داوای قەرزەکانی لە عێراق کرد، لەکاتێکدا ژێرخانی ئابووری عێراقیش لە بارێکی خراپ دابوو، ئەم داوایەی کوێت عێراقی زۆر تووڕە کرد و سەدام پێیگوتن؛ ئێمە ھەشت ساڵ بەرگریمان لێکردن و خوێنمان بۆتان دەڕشت، ئێوەش لە باڕ و گازینۆکانی لەندەن و پاریس و لاس ڤێگاس دەسووڕانەوە و راتان دەبوارد؟ ئەم داوایەی کوێت ھۆکارێکی راستەوخۆ بوو بۆ داگیرکردنی کوێت، جگە لە دیوە مێژووییەکەی.

زیانی ئێران 750 ھەزار کوشتار و بریندار و بێسەروشوێنبووی شەڕ بوو، عێراقیش 340 ھەزار قوربانی ھەبوو، بەڵام عێراق دیلی زیاتربوو لە ئێران، سەرکردەکانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بەدرێژایی ماوەی شەڕەکە بە رۆحییەتێکی بەھێزەوە بەشداری شەڕبوون، ریھانیان لەسەر عەقیدەی مەزھەبی دەکرد، نموونەش ناوی ئەو بەرپرسە باڵایانەی ئێران کە لەسەرەوە ئاماژەم پێکردن و بەشداری فیعلی شەڕ بوون، تەنانەت ڕۆڵی قاسم سولەیمانی یەکەمجار لە شەڕی عێراق- ئێران درەوشایەوە و بەدرێژایی شەڕەکە، ئێران کاری لەسەر خیتابی ئایینی و مەزھەبی دەکرد لە دژی عێراق و تاوەکو ئێستاش بەردەوامن.

سەددامیش ھەستی نەتەوایەتی قەومیەتی عەرەبی لە دژی ئێران دەجوڵاند و دەیگوت، عێراق پاسەوانی دەروازەی رۆژھەڵاتی ئوممەی عەرەبیە و ئەمە شەڕی عەرەب و فورسە، ناوی لە شەڕەکەش نابوو قادسيەی سەددام، وەکو ئاماژەیەکی مێژووی بۆ شەڕی قادسیەی نێوان موسڵمانە عەرەبەکان، بەسەرکردایەتی سەعد بن ئەبی وەقاس و کیسرای ئیمپراتۆری فارسەکان، کە بەسەرکەوتنی عەرەبەکان و رووخانی ئیمپراتۆریەتی فارسی کۆتاییھات، لە بەرامبەردا سەرکردەکانی بەعسی عێراقیش بەشداری و ڕۆڵی کارایان لە شەڕەکەدا ھەبوو، ھاوشێوەی ئێرانییەکان، بەجۆرێک ئەوەی کەم کەس دەیزانێت ئەوەیە، زۆر لە گەورە بەرپرسانی عێراقی لە سەردەمی سەددام کوڕ و کەسوکاریان لە شەڕ کوژراون، یان بەدیل گیراون نموونە، سەعید لۆلاح، برای سەعدون حەمادی سەرۆک پەرلەمانی عێراق و ماوەیەک وەزیری دەرەوە، براکەی بەدیل گیراو تاکۆتایی شەڕ لە ئێران دیل بووە.

کوژراوەکانیش خزر عەلی ئەلعامری، حەسەن عەلی ئەلعامری ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەعس، محەمەد ياسين رەمەزان برای تەھا یاسین رەمەزانی جێگری سەددام حوسێن، تاھیر عبدولڕەشید برای ماھیرعەبدولڕەشید قائید فەیلەق و خەزوری قوسەی سەددام حوسێن، رائید وەلید ئیسماعيل تایە ئەلنعێمی، فەرماندەی کەتیبەی دەبابات کوڕی جێگری سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق فەریق روکن ئیسماعيل تايه ئەلنعێمی، کە لە یادەوەرییەکانی بەڕێز مەسعود بارزانی «بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد» لەبەرگی سێیەم- بەشی دووەم زۆر ناوی ھاتووە، بە حوکمی ئەوەی ناوبراو ساڵی شەستەکان زوڵم و ستەم و کاولکارییەكی زۆری لە کوردستان ئەنجامداوە .

لە کۆتاییدا ئەوەی مەبەستمە بیڵێم ئەوەیە، ئەو سەردەم لەلای ئێرانییەکان ئەوەی بەرگری لە دەوڵەت نەکردبا، دیفاعی لە رژێمی سیاسی دەکرد، بە پێچەوانەوەش ئەوەی بەرگری لە رژێم نەکردبا، دیفاعی لە خاک و دەوڵەت دەکرد، لە عێراقیش بەھەمان شێوە بوو، بەتایبەت لای عەرەبی سووننە، بەڵام حەماسەتی ئێرانییەکان بۆ شەڕ و ئیندیفاعیان زیاتر بوو لە ژێر کاریگەری وتاری مەزھەبی، ئەویش لە ژێر كاریگەریی خومەینی، ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران، کە تازە حوکمی گرتبووە دەست، بەڵام عێراقییەکان لە رووی تەکنیکی سەربازی و دابینکردنی ئامادەکاری و پێداویستییەکانی شەڕ بەھێزتربوون.

بەھەر حاڵ، ئەگەر با بێت و ئەگەر باران بێت، ھەر بەفر كەمدەكات، بۆیە تاوەکو ئێستاش کاردانەوە خراپەکانی ئەو جەنگە کاولکارییە لەسەر ھەردوو وڵات، عێراق و ئێران ماوە.