بەستنەوەی کۆمپیوتەرەکانی دەزگای هه‌واڵگری عێراقی به‌ مانگە دەستکردەکانی ئیسرائیل

Kurd24

لەوڵاتە عەرەبییەکاندا ھەمیشە زوومی چالاکییە ئەمنییەکانی دەزگای مۆسادی ئیسرائیلی، بەتایبەت لەسەرسێ وڵات بووە؛ عێراق و سووریا و میسر، بەڵام لەساڵانی حەفتاو ھەشتاو ھەتا نەوەتەکانیش ئیسرائیل ئەو حیسابەی بۆ رژێمی سیاسی عێراقی کردووە بۆ ھیچ وڵاتێکی تری عەرەبی نەکردووە، ئەوە واقیعێکە و ئینکار ناکرێت؟ ئەگەر بڵێین رژێمەکە دیکتاتۆر و خوێنڕێژ بووە تاوانی ئەنجامداوە، ئەوە بابەتێکی دیكه‌یه‌؟ ئێمە ئێستا باسی بابەتێکی سەدلەسەدی ئەمنی دەکەین، باسی ململانێی دەزگا سیخوڕییەکان دەکەین، ھاجسی دەوڵەتی ئیسرائیل بەرامبەر مەترسی عێراق، ھەمیشە پەیوەندی بە ئایدیۆلۆژیای بەعسی عێراق و بیرکردنەوەی شەخسی سەددام ھەبووە، بەشێوەیەک لەدوا لووتکەی وڵاتانی عەرەبی لەبەغدا، پێش داگیرکردنی کوێت، لەھۆڵی کۆبوونەوەی سەرۆکەکان سەرۆکی لیبیا موعەمەر قەزافی دەڵێت: "پێم باشە ئێمەی عەرەب حاجیزی دەروونی لەگەڵ ئیسرائیل بشکێنین و پەیوەندیمان لەگەڵیان ئاسایی بکەینەوە، لەوکاتەدا سەددام زۆر بە تووڕەیی و بەشێوەزاری عەرەبی عێراقی بەتوندی پێی دەڵێت: "إنچب!"، واتە بێ دەنگبە، دواتر روو لەھەمووان دەکات و دەڵێت؛ والله ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دروست بکات بەو دەمانچەیەی دەیکوژم، ئەگەر لەسەر جێگای نووستنیش بێت". تادواچرکەساتی ژیانیشی ھەڵگری ئەو بیروباوەڕە بوو!! ھەر بەو عەقڵیەتەش خۆی و عێراقی فەوتاند.

ئیسرائیلییەکان ھەموو کاتێک عێراقیان بە مەترسی یەکەم دادەنا لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، بۆیە ئەو کاتەی سەددام لە 2003 رووخا، بەرپرسێکی ئیسرائیل رایانگەیاند: "نحن الان في أمان" واتە ؛ ئێمەئێستا لەئەمانداین.

میسر كاتێک ساڵی 1978 رێککەوتنی کامپ دێڤیدی لەگەڵ ئیسرائیل مۆرکرد، بە پراکتیکی لەململانێی عەرەب و ئیسرائیل چووە دەرەوەو تەنھا عێراق و سووریا لەخەتی یەکەمی شەڕەکە مانەوە، بەتایبەت عێراق، بەحوکمی بەھێزی سوپاکەی کە دواتر گەیشتە ڕیزبەندی پێنجەم سوپای جیھان، جگە لە پێگەی بەھێزی ئابووری عێراق و شوێنە ستراتیجیەکەی و توندوتۆڵی دەزگا ئەمنییەکانی و زۆر ھۆکاری تریش، بۆیە دەزگای مۆسادی ئیسرائیل بەردەوام ھەوڵیداوە بەربەستی ئەمنی عێراق ئیختیراق بکات، ھەندێ جار سەرکەوتوو بووە و ھەندێجاریش شکستیھێناوە یەکێک لە سەرکەوتنەکانی ئەو دەزگایە ئەوەبوو، کاتێک ساڵی 1966 توانیان لەڕێگای فرۆکەوان مونیر ڕۆفا، فرۆکەیەکی جۆری مێک 21  رووسی لەعێراق بڕفێنن و بیگەیه‌ننە ئیسرائیل، بۆ زانینی خاڵە بەھێز و لاوازەکانی فڕۆکەکە تاوەکو ئێستاش فڕۆکەکە لەمۆزەخانەی ھێزی ئاسمانی ئیسرائیل ماوە، ئەوەبوو لە شەڕی حوزەیرانی 1967ی نێوان عەرەب و ئیسرائیل، سوپای ئیسرائیل ژمارەیەکی زۆری مێک 21 میسری خستە خوارەوە، جگە لەوە ئەو کاتەی عێراق ھەوڵی بنیاتنانی بەرنامەی ئەتۆمی دەدا بەھاوکاری فەرەنسا، مۆسادی ئیسرائیلی توانی چەند زانایەکی عێراقی و غەیرە عێراقی بکوژن، کە لە دەزگاکانی وزەی ئەتۆمی کاریان دەکرد، کە بە (مفاعل تموز النووي) ناسرا بوو، ساڵی 1981 ئیسرائیلیەکان لەپرۆسەیەکی سەرکەوتووی زۆر ورد و کەم وێنەدا، لەماوەیەکی پێوانه‌یی کورتدا توانیان بەسەرکەوتوویی بۆردومانی بکەن و وێرانی بکەن و سەرجەم فرۆکەکانیش بەسەلامەتی بگەڕێنەوە ئیسرائیل، جێگای باسە لەم پرۆسە سەربازیی و لۆجیستیەدا، بۆ یەکەم جار  تواناکانی فڕۆکەی ئێف 16 ئەمریکی تاقیکرایەوە، ئەمە جگە لەوەی کاتێک سەددام خەریکی دروستکردنی گەورەترین تۆپ بوو لەجیھان، کە بەتۆپی زەبەلاحی بابل ناونرابوو، "المدفع العملاق بابل أوأضخم مدفع في العالم" کە عێراق بەنیاز بوو دوای دروستکردنی تۆپەکە لە چیاکانی حەمرین جێگیری بکات و ئیسرائیل و نەیارەکانی پێ بۆردومان بکات، بەڵام ئیسرائیلیەکان توانیان زاناکە کەناوی پۆڵ بوو له‌ بنه‌ڕه‌تدا نه‌مسایی بوو، به‌ڵام ھەڵگری رەگەزنامەی کەنەدی بوو، بكوژن. پۆڵ ماوەی 10 ساڵ کاری بۆ پیشه‌سازی سه‌ربازی عێراق دەکرد و سەددام بودجه‌یه‌كی کراوەی پارەی خستبووە بن دەستی تەنھا بۆ تەواوکردنی "المدفع العملاق"، لەدانیشتنێکی تەلەفزیۆنیدا سەددام به‌ ئاشكرا باسی رووداوی کوشتنەکەی پۆڵی کرد.

لێرەدا دەبێت ئەوەش بگوترێت کە سەرکەوتنە ھەواڵگرییەکانی مۆسادی ئیسرائیلی زیاتر بەرامبەر میسر و سووریا بووە و کەمتر توانیویانە بەربەستی ئەمنی ناو عێراق ببەزێنن، نموونەش چیرۆکی سیخوڕی بەناوبانگی ئیسرائیلی لە سوریا، ئیلی کۆھین، کە لە ژێر ناوی کامیل ئەمین سابت، ساڵانێکی زۆر کاری سیخوڕی ئەنجامدەدا و توانیبووی بچێتە ناو قووڵایی کۆمەڵگه‌ی سووری و پەیوەندییەکی زۆر توندوتۆڵ لەگەڵ ناوەندە سیاسی و عەسکەرییەکانی سووریا لەبەرزترین ئاست دروست بکات لەسەردەمی سەرۆکی سووریا ئەمین ئەلحافیز، تا ئەو کاتەی ئاشکرا دەبێت و لە 18ی ئایاری ،1965 لەگۆڕەپانی مەرجە لەدیمەشق ئیعدامدەکرێت، ھەروەھا چیرۆکی تەجنیدکردنی ئەشرەف مەروان، زاوای جەمال عبدالناصری سەرۆکی میسر، ئەمە جگە لە باروخ میزراحی و ھیبە سەلیم، کە زانیاری زۆر گرنگ و حەساسی دابووە دەزگای مۆسادی ئیسرائیلی، بە جۆرێک کاتێک سەرەتای حەفتاکان بەنھێنی سەردانی تەلئەبیبی پایتەختی ئیسرائیل دەکات، گۆڵدا مایه‌ری سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، گەورە ژەنەرالەکانی سوپای ئیسرائیلی دەنێرێتە پێشوازی ھیبە سەلیم، ھەر بۆیەش کاتێک موخابەراتی میسری ئاشكرایان كرد گۆڵدا مایه‌ر لەسەروبەندی رێکكەوتنی میسر و ئیسرائیل، لە رێگای وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا ھێنری کیسنجەر زۆر ھەوڵیدا رزگاری بکات و داوای لە میسر کرد ئازادی بکەن و بچێتە ئیسرائیل، بەڵام ئەنوەر سادات بەپەلە ئیعدامی کرد، چیرۆكی ژیانی سیخوڕی ھیبە سەلیم، لەلای میسرییەکان کراوەتە فیلمێک بەناونیشانی «الصعود الى الهاوية» کە ھونەرمەندی میسری مديحة كامل رۆڵی ھیبە سەلیم دەبینێت، لەبەرامبەردا میسریەکانیش توانیویانە چەندین جار دیواری ئەمنی ئیسرائیل بشکێنن و بگەنە ناو جەرگەی دامەزراوەکانی کۆمەڵگای ئیسرائیلی، نمونەش چیرۆکی جومعە ئەلشەوال و کیبۆرک یەعقوبیان  و شەمۆئیل باروخ و رەئفەت عەلی سلێمان ئەلھەجان، کە لە ئیسرئیل بەناوی جاک پیتۆن کاری بۆ موخابەراتی میسری دەکرد و توانی نەخشەی تەواوی ھێلی بەرگری بارلێف بخاتە بن دەستی میسرییەکان و بووە ھۆکاری سەرەکی سەرکەوتنی میسرییەکان  لەشەڕی ئۆکتۆبەری 1973 لەسەردەمی ئەنوەر سادات.  

لێرەدا دەبێت ئەوەش بڵێین بەپێی دۆکیومێنتەکانی حکومەتی عێراق کە لە ساڵی 2003ی لە پرۆسەی رووخانی سەدامدا کەوتووه‌تە دەست، وا دەردەکەوێت  لە سەرەتای ھاتنی حیزبی بەعس بۆ دەسەڵات، تاوەکو رووخانی رژێم، ئیسرائیل چوار جار داوای کردووە و ھەوڵی داوە بەھەر شێوەیەک بێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق ئاسایی بکاتەوە.

جاری یەکەم لە رێگه‌ی منیسکۆ سەرۆک وەزیرانی رۆمانیا بووە، کاتێک ساڵی 1976 سەردانی بەغدای کردوەو  ماوەی سێ كاتژمێر لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا داوای لە سەددام کردووە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە، لەبەرامبەر کۆمەڵێک دەستکەوت بۆ عێراق، بەڵام داواکەی منیسکۆ ڕەتکراوەتەوە.

ھەوڵی دووەم: بەڕێوبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئیسحاق رابین، بۆ ھەمان بابەت پەیوەندی بە نوێنەری عێراق لە نەتەوە یەکگرتوەکان نزار حەمدوون دەکات، بۆ ئەوەی داواکەیان بگەینێتە بەغدا و ئەوان ئامادەن لەھەر ئاستێک بێت لەگەڵ عێراق دانیشن، به‌ڵام وەڵامی عێراق بۆ نزار حەمدون؛ قەدەغەیە جارێکی دیكه‌ بە ھیچ شێوەیەک وەڵامی پەیوەندیان بدەیەوە و ئەم دۆسیە بە مۆری سوور بە تەواوی داخراوە و قابیلی ھیچ جۆرە گفتوگۆیەک نییە.

جاری سێیەم: سەرۆک موخابەراتی ئەڵمانیای ڕۆژئاوا کلاس کینگل سەردانی عێراق دەکات بۆ ھەمان بابەت و داواکەی ئەویش رەتدەکرێتەوە.

جاری چوارەم: دۆستێکی وەزیری بەرگری ئەو کاتی عێراق عه‌دنان خه‌یروڵڵا، کە ناوی سەرگیس ئۆزگلیان دەبێت، لەدەرەوەی عیراق دەژیت و بازرگانی چەک دەبێت، ناوبراو یەکێک دەبێت لەوانەی لە بازاڕی رەش چەک بۆ عێراق دەکڕێت، ئەویش ھەمان داوای تەلئەبیب دەگەینێتە عێراقییەکان، لەوەڵامدا عه‌دنان خه‌یروڵڵا پێیدەڵێت: "ئەم جارە بزانین یان ھەست بکەین ھەر جۆرە پەیوەندییەکت لەگەڵ ئیسرائیلییەکان ھەیە رێگات پێنادەین بە ھیچ شێوەیەك داخیلی عێراق بیت؟!".

لێرەدا پێش ئەم ھەوڵانە و دوای ئەم بێ ئومێدییەی ئیسرائیلییەکان لەدروست کردنی ھەر کەناڵێکی پەیوەندی لەگەڵ عێراق، ئەمجارە بەڕێگای ھەواڵگری لەدژی عێراق دەستیانپێکرد و ھەوڵەکانیشیان دابەش بووە لەنێوان سەرکەوتن و شکستدا بە جیاوازی کات و شوێن و جۆری چالاکییە ھەواڵگرییەکان؟ دەزگای ھەواڵگری سەربازی عێراق «الاستخبارات العسكرية العراقية» نەریتی کارەکەی وابووە ھەموو ساڵێک کاتێک پلانی ساڵانەی سەربازی عێراقی دادەڕشت وێنەیەکی لەو پلانەی بۆ ھەموو مولحەقاتی عەسکەری عێراق لە ھەموو باڵیۆزخانەکانی خۆی لەدەرەوە دەنارد، لەبەر ئەوەی بەشێک لە پلانی دەزگای ھەواڵگری عێراق پەیوەندی بەکاری مولحەقەکانی عەسکەری ھەبوو، بۆ ئەنجامدانی چالاکی ئەمنی و ھەواڵگری لەسەر ئاستی باڵیۆزخانەکان لەدەرەوەی عێراق، ساڵی 1979 عێراق 28 مولحەقیەی سەربازی لە دەرەوەی عێراق ھەبووە لەو ساڵەدا دەزگای موخابەراتی عێراقی تووشی شۆک دەبێت کاتێک دەبینێت تەواوی وردەکاری و پلانی ساڵانەی دەزگای ھەواڵگری سەربازی عێراق بەمانشێت لەبەرگی گۆڤارێکی بەریتانی و لەلاپەڕەی یەکەمی گۆڤارەکە بڵاودەبێتەوە، لەبەغدا وەکو  دەڵێن؛ دونیا وێران بوو... چۆن ئەم پلانە گەیشتە دەست ئەم گۆڤارە؟ لەکام ڕێگاو بەچ شێوەیەک؟ یەکەم جار دەزگای موخابەراتی عێراقی بەدواداچوونێکی ورد بۆ گۆڤارەکە دەکات و بەدەردەکەوێت گۆڤارەکە لەلایەن ئیسرائیلییەکانەوە تەمویل دەکرێت و لە لەندەن چاپ دەکرێت!

لێكۆڵینه‌وه‌ بەچڕی دەستیپێکرد، بێ شک ھەموومان دەزانین کە ھەموو نووسراوێکی فەرمی ژمارە و رێکكەوتی دەرچوونی لەسەرە، ئەو ژمارە و رێکەوتەی کە لەسەر بەرگ و لاپەڕەی گۆڤارە بەریتانییەکە بڵاوکرابۆوە، ھەمان ئەو رێکكەوت و ژمارەی نووسراوە بوو، کە بۆ مولحەقی عەسکەری مەدرید لە ئیسپانیا رەوانە کرابوو، ئێستا سەرچاوەی دزەپێکردنەکە ئاشکرابوو، کە کۆپییەک لە پلانەکە لە مولحەقی عەسکەری عێراق لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا کەوتۆتە دەستیان، کە موقەدەم روکن ئەیاد ناجی بەرپرسی بوو بەیاوەری نائب زابتێکیش کاروباری خۆیان لەوێ ڕادەپەڕاند. ئێستا ئاشکرابوو کەپلانەکە لەدەست ئەم دووانه‌یە؟ یان یەکێکیان گەیشتۆتە دەست ئیسرائیلییەکان ئەوەبوو ھەردووکیان بانگی بەغدا دەکرێن، لەکاتی لێکۆڵینەوە موقەدەم ئەیاد تووشی شۆک دەبێت؛ گۆڤاری چی و پلانی چی ئێوە باسی چ دەکەن؟ من ھیچ تێناگەم؟!، بەڵام نائب زابتەکە بەرگەی لێکۆڵینەوە ناگرێت و دوای ماوەیەکی کەم ئیعتراف دەکات و دەڵێت: "لەرێگه‌ی منەوە گەیشتۆتە دەست ئیسرائیلییەکان"، قسەکانی تەواو دەکات: "ماوەیەک پێش ئێستا کچێکی جوانم ناسی، رۆژێک دەعوەتی کردم بۆ شوققەکەی و شەوێکی سوورمان بەیەکەوە بەڕێکرد؟ دیارە شوققەکە کامیرای لێدانرابوو، دوای ماوەیەک ھەڕەشەیان لێکردم و گوتی ئێمە: مۆسادی ئیسرائیلین ئەگەر کارمان بۆ نەکەی دانەیەک، لەم کاسێتە بڵاودەکەینەوە، منیش یەکسەر تەسلیم بووم، ئەوەبوو یەکەم کارم بۆ ئەوان دانەیەکم لەپلانی ساڵانەی ھەواڵگری لەقاسەکە دەرھێناو بەدزی بۆم کۆپی کردن".

دواتر ھەواڵگری عێراقی دەڵێت کەنائب زابتەکە لەزیندان خۆی کوشت؟ بەڵام موقەدەم روکن ئەیاد ناجی بێتاوان دەردەچێت و دەگەڕێتەوە شوێنی خۆی، ئیسرائیل لەم کارەیدا ئامانجی ئەوەبوو دوو مەسج بگەینێتە عێراقییەکان.

یەکەم: ناردنی نامەیەکی تەحەددا بۆ عێراق و پێیان بڵێن: "ئێمە ھەمووکاتێک دەتوانین لەناو ماڵی خۆشتان بەربەستی ئەمنیتان ببەزێنین. ئەوەتا پلانی نھێنی دەزگای ھەواڵگریتان لای ئێمەیە".

 دووەم: ئیسرائیل بەجیھان بڵێت عێراق بەئیعازی سۆڤیەت کاردەکات، چونکە پلانەکەی ھەواڵگری عێراق، بریتی بوو لەچۆنیەتی بەدەستھێنانی زانیاری گرنگ لەسەر ئیسرائیل و ھەندێك وڵاتی ئەوروپی".

ڕووداوێکی دیكه‌؛ ساڵی 1979 عێراق چه‌ند كۆمپیوته‌رێكی گەورەی ئەلکترۆنی زۆر تایبەت لەفەرەنسا دەکڕێت، کە ئەوکات شتێکی دەگمەن بووە بۆ سەیڤکردنی ھەموو زانیارییەکانی دەزگای ئەمن و ئیستیخبارات وموخابەرات، لەترسی ھێرشی ئیسرائیل لەفەرەنساوە چەند کەشتیەکی جەنگی فەرەنسی پاسەوانی ئەو کەشتیە دەکات كه‌ كۆمپیوته‌ره‌كانی پێیە تاوەکو دەگاتە مینای بەسڕە. دیارە مۆسادی ئیسرائیلی ئاگاداری سەفقەکەی عێراق بووە لەگەڵ فەرەنسا، نموونەیەکی نزیکتر لەساڵی نەوەدەکان عێراق دەیەوێت ژمارەیەک کۆمپیوتەر بۆ دەزگای موخابەرات بکڕێت و لەبەرئەوەی عێراق بەئابڵوقەی ئابووری گەماڕۆدرابوو نەیدەتوانی بە راستەوخۆ ھیچ شتێک لەدەرەوە ھاوردە بکات، تەنھا دەبێت کارەکە لەرێگای تەرەف یان دەستی سێیەم ئەنجام بدرێت، ئەوە بوو عێراق لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی بۆندێک واژوو دەکات بەناوی کڕینی ژمارەیەک کۆمپیوتەر بۆ سەنتەری نیشتمانی حاسیبات لە بەغدا، کە سەنتەرێکی تەواو زانستی بووە و دکتۆر ھیلال ئەلبەیاتی بەڕێوبەری گشتیەکەی بووە، ھەر ئەویش لەگەڵ وەفدێکی موخابەرات بۆ واژووكردنی گرێبەستەکە رەوانەی دەرەوەی عێراق دەکەن . کاتێک کۆمپیوته‌رەکان دەگاتە عێراق، لەلایەن موخابەراتی عێراقییەوە پشکنینیان بۆ دەکرێت و دەردەکەوێت لەناو ھەموو کۆمپیوتەرەکان جیھازێک ھەیە راستەوخۆ بەمانگی دەستکرد بەستراوەتەوە و ھەر داتایەک داخیلی کۆمپیوتەرەکە بکرێت، راستەوخۆ دەگاتە مانگی دەستکرد، عێراق لەوە دڵنیابووەوە کە ئەو جیھەتەی ئەم کارەی کردووە، دەزگای مۆسادی ئیسرائیلییە و ھەر ئەوانیش لەپشت پەردە ئاسانکارییان بۆ عێراق کردووە بۆ ئەوەی کۆمپیوتەرەکان بەئاسانی و زوو بگاتە عێراق، چونکە ناو کۆمپیوتەرەکان ھەمووی ئامێری تێدا چێنرابوو.

لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەش بەدەرکەوت کە دکتۆر ھیلال بەیاتی و وەفدەکەی موخابەرات، کاتێک بۆ واژووکردنیگرێبەستەکە رەوانەی دەرەوەی عێراق کراون، بەبێ ھیچ مەبەستێکی خراپ و بێ ئەوەی ھەستی پێ بکەن، وردەکاری و زانیاری گرێبەستەکە لای ئەوان دزەی کردووە و گەیشتووه‌تە دەست ئیسرائیلییەکان، لێرەدا دکتۆر ھیلال بەکەمتر لەپێنج ساڵ حوکمی زیندانی بۆ دەردەچێت و کاتێک خزمێکی دیاری ئەو لەعێراق دەچێتە لای سەدام بۆ ئەوەی عەفوی بکات و بەری بدات، سەددام دەڵێت: "ئەوە قابیلی سزایەکی توندترە"، بۆیە دادگاییکردنەکەی بۆ دووبارە دەکاتەوە و حوکمەکەی دەگۆڕێت بۆ زیاتر لەپێنج ساڵ.