وێنە و ڤیدیۆ... هەیفا، ئەلیسا و راغب عەلامە ماڵیان وێران بوو

بریندار لە ماڵەکەی هەیفا وەهبی هەیە
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

ئەو تەقینەوە بەهێزەی دوانیوەڕۆی دوێنێ لە بەندەری بەیرووت روویدا، بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 100 کەس و کاریگەریی ئەوەندە زۆر بوو، لە دووری چەند کیلۆمەترێک بینرا و هەستی پێکرا، بەو هۆیەشەوە ماڵی هونەرمەندان هەیفا وەهبی، ئەلیسا و راغب عەلامە وێران بوو.

 

ئەو ژنەی ماڵەکەی هەیفا وەهبی بەڕێوەدەبات، بریندارە

هەیفا وەهبی سۆشیاڵ میدیاکانی خۆی بەتایبەتی ئینستگرامی کە 6.4 ملیۆن فۆڵەوەرزی لێی هەیە، بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک و بڵاوکردنەوەی زانیاری لەبارەی تەقینەوەکە تەرخانکرد.

هەیفا لە ستۆرییەکانی لە ئینستاگرام چەند ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە، کە ماڵەکەی نیشاندەدەن، بەرامبەر شوێنی تەقینەوەکەیە و بەهۆی هێزی تەقینەوەکەش زۆربەی کەلوپەلەکانی شکاون، دەشڵێ "ئەو ژنەی ماڵەکەم بەڕێوەدەبات، بریندار بوو".

ماڵەکەی ئەلیسا دوای تەقینەوەکە، وێنە: تۆڕی کۆمەڵایەتیی توویتەر
ماڵەکەی ئەلیسا دوای تەقینەوەکە، وێنە: تۆڕی کۆمەڵایەتیی توویتەر

ئەلیسا لە هەمووان توڕەیە

ماڵی هونەرمەند ئەلیساش لە شوێنی تەقینەوەکە نزیک بووە و بەهەمان شێوە چەندین کەرەستەی ماڵەکەی بەهۆی بەهێزیی تەقینەوەکە شکاون.

ئەلیسا راستەوخۆ لەدوای تەقینەوەکان لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی توویتەر بەپێچەوانەی ئەو نەرمونیانییەی پێی ناسراوە، لە زنجیرەیەک توویتدا هێرشی کردووەتە سەر حکومەت و سەرکردەکانی وڵاتەکەی.

لە توویتێکدا ئەلیسا دەڵێ "ماڵەکەم هەمووی شکا، بەڵام گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە خوا لوبنان بپارێزێت. دڵم سووتاوە و خەم بۆ رەوشی وڵاتەکەم دەخۆم". هەروەها لە توویتێکی دیکەدا دەڵێ "ماڵ تێکچوو، بەڵام کێ ئەوانە دەگەڕێنێتەوە کە مردن، کێ بەیرووتمان بۆ دەگەڕێنێتەوە".

 

راغب عەلامە: ئێمە سەلامەتین

بەیانیی ئەمڕۆ راغب عەلامە، هونەرمەندی بەناوبانگی لوبنانی لە توویتێکدا ئاشکرای کرد ماڵەکەی هەمووی کاول بووە، بەڵام دەڵێ "سوپاس بۆ خوا ئێمە هەموومان باشین، تەنیا زیانێکی ماددی زۆرمان بەرکەوتووە، خوا شیفای هەموو نەخۆشەکان بدات و تۆڵەش لە چینی فەرمانڕەوا بکاتەوە کە گاڵتە بە ژیانی خەڵک دەکەن".

 

هـ.ر.