دەرباز دوای چوارساڵ گەڕایەوە بەر خوێندن و بوو بە یەکەمی وێژەیی

.
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

یەکەمی وێژەیی سەر ئاستی ھەرێمی کوردستان، دانیشتووی قەزای دووکانە، ئەو گەرچی لە خوێندن دادەبڕێت، بەڵام پێش کۆچی دوایی باوکی بڕیاری گەڕاندنەوە بۆ خوێندن دەدات، ھەر لەوکاتەوە قۆناغ لەدوای قۆناغ بەسەر کەوتووی دەبڕێت، تا دەگاتە پۆلی 12 و دەبێتە یەکەمی سەر ئاستی ھەرێم.

دەرباز ئیسماعیل، یەکەمی وێژەیی سەر ئاستی ھەرێمی کوردستان وەكخۆی دەڵێ، چوار ساڵ لەسەر یەک وازی لە خوێندن ھێناوە، بەڵام پێش کۆچی دوایی باوکی دەگەڕێتەوە و دەست بەخوێندن دەکاتەوە، ئەو خوێندکارە بەگوتەی خۆی کاتێک ویستی گەڕانەوەی بوو بۆ خوێندن بەڵێنی بەخۆی و خانەوەداکەی داوە سەرکەوتنی باش تۆماربکات.

دەرباز، بە كوردستان24ی گوت: "دوای ئەوەی گەڕامەوە بەر خوێندن رۆژانە زیاتر لە شەش كاتژمێر سەعیم دەكرد، لە كاتی تاقیكردنەوەكانیش زیاتر لە 10 كاتژمێر دەمخوێند".

دوای راگەیاندنی ئەنجامی تاقیكردنەوەكان، وەزیری پەروەردە پەیوەندی پێوەکرد و  پیرۆزبای لێکرد. سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی كوردستانیش پیرۆزبای یەکەمبوونی لە دەربازکرد و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.