عەلی دەسەڵاتی حەق؟
عه‌زيز ئه‌لسه‌يد جاسم، برای موحسین موسه‌وی، کەسایەتی سیاسی و فکری ناوداری عێراق، کە ئێستا لە ئەمریکایە (ئه‌گه‌ر هه‌ڵه نه‌بم)، نووسەرێکی شیعە و شیوعی بوو، لە نووسین یەکێک بوو لەقوتبەکانی حزبی شیوعی عێراق، لە شەست و حەفتاکان لە ئه‌ده‌ب، فکر، زمانەوانی و مێژوو، ھاوشانی تەھا حوسێن و عه‌باس مه‌حموود عه‌قادی میسر بوو، ئەگەر زیاتر نەبێت.
سەرەتا وتارەکانی لە رۆژنامەی (طريق الشعب) بە ناوی ""الرفیق موریس" بڵاودەکردەوە، ئەو پێیوابوو نابێت حزبی شیوعی عێراق ئیمتیدادی سۆڤیەت بێت، دوای ئەوەی نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی پێشکەشی حزبی شیوعی کرد، کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە، سەددام حوسێن بە ئەفکارەکان و تێزه‌كانی عه‌زیز عزیز ئه‌لسه‌يد جاسم سه‌رسام بوو، نووسینەکانی لە ڕۆژنامەی (طريق الشعب) ده‌خوێنده‌وه، ھەرچەندە سەددام تا سەر ئێسقان رقی لەشیوعییەکان بوو، بەتایبەت دوای تێکچوونی "به‌ره‌ی نیشتمانی – الجبھة الوطنیة) لە 1979، ئەوەبوو به‌بێ ئاگادار "ئه‌بو هه‌یسه‌م، واتا ئه‌حمه‌د حه‌سەن به‌كر" لە رێگه‌ی فازیل بەراک به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئه‌من زۆر لە کادیرانی حیزبی شیوعی و حیزبی دەعوە پاكتاوکران، دوای وازھێنانی لە حزبی شیوعی، عه‌زیز لێرە و لەوێ بۆ بژێوی ژیان دەینووسی، رۆژێک سەدام تەلەفۆن بۆ عه‌بدولخالق سامه‌رائی دەکات و لێی دەپرسی، ئەو نووسەرە کێیە؟ ئەویش دەڵێت برای موحسین موسه‌وییه، سەدام دەڵێت پێمخۆشە بێتە بەغدا و لە رۆژنامەی "الثورة" بۆمان بنووسێت و ھەموو پێداویستی ژیانی بۆ دابین دەکەین، ئەویش وەکو کەسێکی بێلایەن دێتە بەغدا و سەددام خانووێکی لە نزیك "ئەبو نەواس" پێدەدات.
عه‌بدولخالق سامه‌رائی، ھەتا بڵێی کەسێکی پاک و داوێن‌پاک و رۆشنبیر و بە توانا بووە، بە شایەدی کاک مه‌سعود و مام جەلال کە لە یادەوەرییەکانیان باسیان کردووە، نیوەی مووچەی بۆ کتێب کڕین تەرخان کردبوو، ئەو پێی باش نەبوو سەدام ببێتە کەسی یەکەمی بەعس لە عێراق، دواتر عه‌زیز بووە دۆستێکی گیانی به گیانی و زۆر نزیکی عه‌بدولخالق سامه‌رائی، ئەو شیعە و شیوعی بوو، سامەڕائیش سووننە و بەعسی بوو! بەڵام ئاستی تێگه‌یشتن و رۆشنبیری و بۆچوونه‌كانی راست و تێزه‌كانی راستەقینە و بەرژەوەندی وڵات و بوێری، ئەو دووەی له قاڵبی خۆشەویستی کۆکردەوە؟
سامەرائی یەکێک بوو لە گەورەترین و رۆشنبیرترین سه‌ركرده‌كانی حزبی بەعس، دکتۆر حه‌مید عه‌بدوڵڵا گەورە رۆشنبیری عێراق دەڵێت: "زۆرجار سەددام تەلەفۆنی بۆ عه‌بدولخالق سامه‌رائی دەکرد و پێی دەگوت؛ ها گاعد ويا عزيز، ئەویش دەیگوت نعم. سەددام؛ هسة أگيكم، (واتە ئێستا دێم)".
عه‌بدولخالق سامه‌رائی ساڵی 1979 له باڵه‌خانه‌ی "الحياة"ی سەر به هه‌واڵگری عێراقی لە سەردەمی بارزان تکریتی له سێداره درا، بەتۆمەتی بەشداری سامەرائی له پیلانگێری محه‌مه‌د عائش و هاوڕێكانی دژ بە سەددام بەپاڵپشتی حافیز ئەسەد، كه له هۆڵی "الخلد" سیناریۆکە بەڕێوەچوو، لە دوای کوشتنی سامەرائی، عه‌زیز زۆر بێتاقەت بوو، تەنانەت وازی لە نووسین ھێنا، ھەمیشە دەیگوت ژیان ھیچ چێژ و به‌هایه‌كی نەماوە، رێرەوی قیادە نەوعێکە و رەوتی ژیانیش لەلایەکی دیكه‌یه، لە کۆتایی حەفتاکان و تاسەرەتای نەوەتەکان، تا داگیرکردنی کوێت بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ رەخنەی لە سەددام دەگرت، ئەوه‌بوو کتێبێکی به‌ناوونیشانی "علي سلطة الحق" بە نھێنی لە ئوردن و بەبێ رەزامەندی وەزارەی ئەوقافی عێراق بۆ چاپ‌کرا، ئەوەی زۆر سه‌یر و سه‌رسوڕهێنه‌ره، لە دوای چاپکردنی کتێبەکە، دانەیەک بە دیاری بۆ سەددام و دانەیەکی دیكه‌ش بۆ فازڵ به‌ڕاكی به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگری دەنێرێت.
سەددام زۆر تووڕە بوو، ئەوەبوو لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بە سەرپەرشتی دەزگای هه‌واڵگری لەسەر کتێبەکە دروست دەکات، لیژنەکە لە کۆتاییدا داوا له سەددام دەکات ئیعدامی بکات، بڕیاری سەددام؛ ئەو مێش ھەنگوینەمان قەبووڵە کە پێوەمان دەدات، بەڵام ھەنگوینمان پێ دەدات. به‌س ئەو زەردەواڵەمان قەبوڵ نییە کە بەس پێوەمان دەدات و ھیچمان پێشکەش ناکات، بەڕەڵڵای بکەن لەگەڵ ھەموو ڕەخنەکانی، بەڵام بیرۆکەی زۆرباشی پێشکەش کردووین، واته ھەنگوینەکەی لە پێوەدانەکەی گرنگترە، لێیگەڕێن.
عه‌زیز خەڵکی نەجەف بوو، کوڕەکەی به ناوی عه‌لی، دەڵێت: "لە دوای شەڕی کوێت له راپه‌ڕینی شه‌عبانیه‌ی 1991، حزبی دەعوە و ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی و رێكخراوی بەدر، ھەموویان پێیان گۆت عێراق ئازاد دەبیت و جەنابت وەزیری رۆشنبیری". هه‌روه‌ها دەڵێت: "باوکم نەیگوت بەڵێ، نەشیگوت نەخێر"، دواتر کە حکومەتی عێراقی ئەو کات نەجەف و شارەکانی باشووری گرتەوە، عه‌زیز سه‌ید جاسم دەسگیرکراو بزرکرا.