"قومارخانەکانی ھەولێر و یانەکانی رۆڵێت لە بەغدا"

Kurd24

لیوای مافپەروەری پۆلیس محيه‌دین محه‌مه‌د یونس، کە لەسەرەتای ھەشتاکان تاکو ساڵی 1991 بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوشاری ھەولێر و جێگر و بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر بووە لە بەشێک لەیادەوەرییەکانی لەکتێبی «الحياة حكايات» واتە "چیرۆکەکانی ژیان" دەڵێت: "لەکۆتایی ھەشتاکان و ئەوکاتەی جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر بووم، رۆژێکیان ئاگادار کراینەوە کە کۆبوونەوەمان ھەیە لەگەڵ وەزیری ئەوکاتی ناوخۆی عێراق کە سەمير ئەلشێخلی بوو، کۆبوونەوەکە تەنھا تایبەت بوو لەگەڵ بەرپرسە ئەمنییەکانی شارەکانی کوردستان کە ئەو کات پێیاندەگوت (منطقة الحكم الذاتي).

لیوا محیه‌دین لەدرێژەی قسەکانی دەڵێت: "لەدەستپێکی کۆبوونەوەکەدا سەمیر ئەلشێخلی وەزیری ناوخۆی عێراق سڵاوی سەددام حوسێنی پێ راگەیاندین و گوتی؛ ھەرچی شوێنی قومارکردن ھەیە لە گازینۆ و هۆتێل و ماڵ و لە ھەر جێگایەکی شارەکانی کوردستان دەبێت دابخرێت و زۆر بەتوندیش سزای خاوەنی قومارخانەکان بدرێت، زۆر بەوردیش چاودێری ئەو شوێنانە بکرێت و کۆمەڵێک تەعلیماتی وردی بۆ باسکردین".

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا شێخلی گوتی: "کێ پرسیاری ھەیە؟ منیش دەستم بڵند کرد و گوتم؛ گەورەم زۆرم پێ سەیرە ئێوە لەلایەک قومارخانە دادەخەن و سزای قومارچییەکان دەدەن و لەلایەکی تریش لە ئوتێلە پێنج ئەستێرەکانی بەغدا وەک شیراتۆن و فەڵه‌ستین میریدیان و ئیشبیلیە و رەشید و نەینەوا ئۆپڕۆی لە مووسڵ قومار و رۆڵێت و رابواردن جمەی دێت بۆ لەوێ قەدەغە نییە و لێرە قەدەغەی دەکەن؟ شێخلیش ھەندێک بەتوڕەیی سەیری کردم و گوتی، باتێتبگەینم بۆ لە بەغدا و مووسڵ دەبێت و بۆ لێرە نابێت! ئێمە لەحاڵەتی جەنگداین لەگەڵ ئێران و لە کوردستان 250 فەوجی دیفاع وەتەنیمان ھەیە «أفواج الدفاع الوطني» مەبەستی موستەشار و جاشەکانی ئەوکاتە، ئەو موستەشارانە مانگانە بەگوشپارە لەدەوڵەت وەردەگرن و ئێمەش باش باش دەزانین تەنھا لەسەدا 30٪‏ چەکدارەکانیان دەوام دەکەن و ئەوانی دیكه‌ ھەموویان بندیوارن و موستەشارەکان ئەو پارە زۆرەی بندیوارەکان بۆ خۆیان دەبەن، بۆیە ئێمەش وەکو دەوڵەت خۆ دەبێت رێگایەکمان ھەبێت بۆ  ئەوەی ئەو پارانەیان لێ وەربگرینەوە و بۆ دەوڵەتبیگەڕێنینەوە باشترین ڕێگاش ئەوەیە ھەمیشە ھەوڵمان داوە موستەشارەکان ڕوو لە بەغدا و هۆتێلە پێنج ئەستێرەکانی بەغدا بکەن و فێری مەی خواردنەوە و قوماریان بکەین؛ جگە لە بەدەست ھێنانی زانیاری بەسوود بۆ دەوڵەت و لەنزیکەوەش لەبن دەستی خۆمان دەبن. ئەوە سیاسەتی دەوڵەتە ئێستا تێگەیشتی، گوتم بەڵێ گەورەم  ئێستا تێگەیشتم. 

لێرەوە دەبێت ئەوەش بگوترێت کە ھەموو موستەشارەکانی ئەوکات بەھەموو تێبینیەکانەوە و بەوەی کەکردوویانە، بەڵام ھەموویان ئەو سیفەتانەیان نەبووە ئەگەر زۆرینەش وابووبێت. لێرەدا ئەوەی سەرنجی منی راکێشا لە یادەوەریەکانی لیوا محیەدين بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەوکاتی ھەولێرو و وەڵامەکەی سەمیر شێخلی وەزیری ناوخۆی ئەوکاتی عێراق دووشت بوو: یەکەم، بارزان تکریتی زڕبرای سەددام و سەرۆکی دەزگای هەواڵگیریی عێراق لە نێوان ساڵانی 1976-1983 لەیادەوەریەکانی ( السنوات الحلوة والسنينالمرة ) واتە ساڵانی تاڵ و خۆشی، دوپاتی ھەمان قسەکانی شێخلی دەکاتەوە و دەڵێت: ئەوکاتە بەرپرسیارەتی دەزگای ئەمنی عێراقم گرتە دەست وەکو سەرۆکی هەواڵگیریی بۆئەوەی لەڕووی داراییەوەپشت بەخۆمان ببەستین و ئەرکی دەوڵەت قورس نەکەین و هەواڵگیریی دەزگایەکی سەربەخۆ بێت، داهاتی ماددی زۆری ھەبێت، چەندین پڕۆژە و یانەی شەوانە و گازینۆ و سۆزانیخانە و هۆتێلمان کڕی وەکو مەلھایالطاحونة الحمراء کە لە بەغدا و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەناوبانگ بوو و سەرچاوەیەکی زۆر گرنگی پارە و زانیاری ھەواڵگری زۆرگرنگ بوون بۆ دەزگاکەمان.

دووەم: ئەوەی ئێستا ئێمە پێی دەڵێین بندیوار و عەرەبە عێراقیەکانیش پێی دەڵێن فەزائی، بۆ ئەو کات دەگەڕێتەوە و داھێنەرانیشی موستەشارە کوردەکانی ئەوکاتن!