ئەندامێکی لیژنەی دارایی: لە سلێمانی و هەڵەبجە بەشێکی بەرپرسان پاڵپشتی لە باندێکی بازرگانان دەکەن

روونی دەکاتەوە چۆن بازرگانان خۆیان لە پێدانی باج دەدزنەوە و ماددەی قەدەغەکراو هاوردە دەکەن

K24 - هەولێر

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، بە داتا روونی دەکاتەوە بۆچی داهاتی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران کەمبووەتەوە، لەبەرامبەردا بازرگانان روویان لە دەروازەی سنووریی باشماخ و پەروێزخان و خاڵە سنوورییە نافەرمییەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە کردووە.

بەهجەت عەلی ئیبراهیم، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ (چوارشەممە، 26-8-2020) لە یاداشتنامەیەکدا بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، بە 7 خاڵ چۆنییەتی کارکردنی دەروازە سنوورییەکان رووندەکاتەوە، پێشنیازدەکات باج لە هەموو خاڵە سنوورییەکان یەکبخرێت لەپێناو زیادکردنی داهاتی گەنجینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

"بەرپرسان بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پاڵپشتی لە باندێکی بازرگانان دەکەن"

لە سەرەتای یاداشتەکەدا بەهجەت عەلی دەڵێ "دوای بەدواداچوون بۆ کاری بازرگانیکردن و هاوردە و هەناردە لە فڕۆکەخانەی سلێمانی و دەروازەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، دەرکەوت باندێکی بازرگانان بە پاڵپشتیی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بەشێکی بەرپرسانی ئەو دەڤەرە، یاسا و رینماییەکانی گومرگی و تەندروستیی پەیوەست بە هەناردەی خۆراک و کەلوپەلی جۆراوجۆر پێشێل دەکەن. بێ پشکنین و رێکاریی یاسایی دروست، چەندین جۆر کەلوپەل و ماددەی خۆراکیی قەدەغەکراویان هاوردەی هەرێمی کوردستان کردووە. بۆ ئەوەی بەرپرسانی ئەو دەڤەرە خۆیان بدزنەوە لەو کارە نایاساییە پشتیوانیی ناڕاستەوخۆ و بە وەرگرتنی بڕێک پارە کارئاسانی بۆ چەندین بازرگان و کۆمپانیا دەکەن.

خۆدزینەوەی بازرگانان و هاوردەکردنی ماددەی قەدەغەکراو

لە بەشێکی دیکەی یاداشتەکەدا هاتووە "لەلایەکی دیکەوە بازرگانان بۆ خۆدزینەوە لە پێدانی باج و گومرگ، کەلوپەلەکانی خۆیان بە رێی دەروازە سنوورییەکانی سلێمانی و هەڵەبجە بە هاوکاریی بەرپرسانی باڵای دەڤەرەکە دەگوازنەوە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی کەلوپەلی خۆراکیی قەدەغەکراوی وەکو دەرمان، گۆشتی سوور، گۆشتی مریشک، نێرگەلە و ... هتد".

بازرگانیی نافەرمی!

بەهجەت عەلی ئاشکرای دەکات لەو دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخان و دەروازە نافەرمییەکان "بەڕێگەی نافەرمی و بە بێ پێدانی باج و بە پێدانی بڕێکی کەم پارە، چەندین کەلوپەلی خۆراکی بازگانییان پێوە دەکرێت وەکو: ماددەی کهوول، جگەرە، کەرەستەی کارەبایی و ئەلیکترۆنی لەلایەن هەندێک کەس و بازرگان، ئەمە زیانێکی زۆری بە حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیاندووە، کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک و هاووڵاتییانی کوردستان کردووە".

بازرگانان روویان کردووەتە دەروازەکانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە

لە لایەکی دیکەوە جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان دەروازەی سنووریی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، لەگەڵ هەولێر و دهۆک، بەهجەت عەلی دەشڵێ "ئەمە رێگەخۆشکەر بووە بۆ بازرگانان تاوەکو کەلوپەل و خۆراک لەرێگەی فڕۆکەخانە و دەروازەکانی ئەو دەڤەرەوە هاوردە بکەن، بەبێ ئەوەی هیچ داهاتێک بێتە سەر گەنجینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان".

چەند نموونەیەکی سەرپێچی کە لەلایەن پەرلەمانتارەکەوە روونکراوەتەوە:

یەکەم: لە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل بارهەڵگری 37 تۆنیی مریشک، رانی مریشک و پشتی مریشک بە رێکاری یاسایی و فەرمی، بە گوژمەی 11000 دۆلار باجی گومرگی لێ وەردەگیرێت، بەڵام لە دەروازەی باشماخ بەبێ پشکنین و بەبێ رێکاری یاسایی و تەندروستی، بە نافەرمی 5000 دۆلار وەردەگیرێت.

دووەم: لە دەروازەی سنووریی باشماخ، لەبەرامبەر هاوردەکردنی هەر بارهەڵگرێک هێلکە بەشێوەیەکی نافەرمی و نایاسایی، گوژمەی 11 هەزار دۆلار وەردەگیرێت، لەکاتێکدا بە بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوردەکردنی هێلکە قەدەغەیە، لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران هاوردەکردنی هێلکە رێگەپێنەدراوە.

سێیەم: لە فڕۆکەخانەی سلێمانی و دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکە لەبەرابەر هاوردەکردنی یەک کارتۆن جگەرە 17 دۆلار وەردەگیرێت، لە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل 48 دۆلار وەردەگیرێت بۆ هەمان بڕ.

چوارەم: لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بارهەڵگری 34 بۆ 37 تۆنی تووتنی نێرگەلە، بەشێوەیەکی فەرمی بڕی 17 هەزار دۆلار وەردەگیرێت، بەڵام لە دەروازەی باشماخ بەشێوەیەکی نافەرمی بڕی شەش هەزار دۆلار وەردەگیرێت.

پێنجەم: لە دەروازەی سنووریی باشماخ لە بەرامبەر هاوردەکردنی یەک بارهەڵگری شووشەی نێرگلە بەشێوەیەکی نافەرمی و نایاسایی بڕی پێنج هەزار دۆلار وەردەگیرێت، لەکاتێکدا بە بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوردەکردنی قەدەغەیە.

شەشەم: بەهۆی ئەو جیاوازییەی لە پێدانی باج هەیە، زۆر بازرگان روودەکەنە خاڵە سنوورییەکانی باشماخ و پەروێزخان، هەروەها خاڵە سنوورییە نافەرمییەکانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، هەر لەبەر هەمان هۆکار داهاتی سنووریی حاجی ئۆمەران و ئیبراهیم خەلیل کەمی کردووە.

حەوتەم: لە سلێمانی دیاردەیەکی ئاشکرا هەیە: نووسینگەکان کارئاسانی بۆ قاچاغچییەکان دەکەن، بەڕێگەی وەرگرتنی گوژمەیەک پارە کارئاسانیی بۆ قاچاچییان دەکرێت بۆ هاوردەکردنی کەلوپەلی بازرگانی، ئەو نموونانەی روونکراونەتەوە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەموکوڕییانەیە لە وەرگرتنی باج لە خاڵە سنوورییەکان، هەروەها یەکخستنی باجە لە هەرێمی کوردستان، رێگرتن لە خۆزدزینەوە لە باج و هێنان و هاوردەکردنی کەلوپەلی قەدەغەکراو و پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە، هەروەها بۆ زیادکردنی داهاتی گەنجینەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە خزمەتی ژیان و گوزەران و تەندروستیی خەڵکی هەرێمی کوردستان.

 

هـ.ر.