ئافرەتێكی ئوردنی لە شیری ماكەر سابوونێك درووستدەكات و سیمای پیری دوادەخات

"ئەو ڤیتامینانەی لە شیری ماكەردا ھەیە؛ بەقەد ئەوەیە كە لە شیری دایكدا ھەیە"

K24 - ھەولێر:

سەلما زوغبی ئافرەتێكی ئوردنییە سابوونێكی لە شیری ماكەر درووستكردووە و یەكێك لە خسڵەتەكانی ئەو سابوونە پێست دەپارێزێت و رەونەقی پێده‌بەخشێت.

زوغبی خاوەنی دەزگای پرۆژەی "سابوونی ئەتان" گوتی: دوای ئەوەی زۆری خوێندەوە دەربارەی خسڵەتەكانی شیری ماكەر؛ بڕیاریدا لە ناو بەرھەمەكەی خۆیدا بەكاری بھێنێت.

زوغبی بە ئاژانسی "رۆیتەرز"ی گوت:" بۆچی ئێمە بە تایبەت شیری ماكەرمان ھەڵبژارد؟ شیری ماكەر بە بەھایە لە رووی ڤیتامینەكانەوە، ئەمه‌ جگە لەوەی ھەندێك مادەی تێدایە كە خۆراك بە پێست دەبەخشێت. ئەم قسە من لە لای خۆم نەمھێناوە، ئەم قسە لە ھەموو كۆمەڵگای جیھانی ھەیە و ئەو ڤیتامینانەی لە شیری ماكەردا ھەیە؛ بەقەد ئەوەیە كە لە شیری دایكدا ھەیە".

بێجگە لە شیری ماكەر، سەلما زەیتی زەیتوون، زەیتی گوێزی ھیندی و كەرەی گوێزی شیا دەخاتە ناو سابوونەكەوە.

گوتیشی: دوای تاقیكردنەوەكە، دەرچوو بەڕاستی ئەو شیرە نایابە و ئێمەی بەو ئەنجامانە گەیاند كە دەمانویست پێیبگەین.. كە ئەویش دواخستنی سیماكانی پیرییە و یارمەتی چاكبوونەوەش دەدات لە ھەندێك نەخۆشی پێستی وەك ئەكزیما، سەد لەسەد چاك ناكاتەوە بەڵام یارمەتی چاكبوونەوە دەدات".

ھەرچەندە ئەو كۆمپانیایەی سەلما دایمەزراندووە لە شوباتی رابردووەوه‌ تاكو ئێستا لە سەرەتاكانیدایە و ھێشتا بەرھەمەكانی بەھێزەوە نەخستووەتە بازاڕەوە، بەڵام كۆمپانیایەكە ئەو سابوونەی بەسەر سەدان كەس دابەشكردووە لەوانەی ئامادەن ئەم بەرھەمە ناوازەیە تاقیبكەنەوە.

بەپێی ھەندێك لە ئەفسانەكان كیلیۆپاترا گەرماوی بەشیری ماكەر دەكرد بۆ پاراستنی گەنجییەتیی.

لەم ماوەی دواییدا، بەكارھێنانی شیری ماكەر لە درووستكرنی بەرھەمەكانی جوانكاریدا زیادیكردووە، دوای ئەوەی زۆر لە بەكارھێنەران لە كڕینی بەرھەمەكاندا بەدوای پێكھاتە ئەندامی و سروشتی دەگەڕێن.