گرنگیدانی وڵاتان به‌ هه‌رێمی كوردستان پێگه‌ به‌هێزه‌كه‌ی هه‌رێم ده‌رده‌خات

چاودێران: هه‌رێمی كوردستان پێگه‌یه‌كی ده‌ستووری و سیاسییه‌
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

كاردانه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا و توركیا به‌رده‌وامن، چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوة دەكەن، ویستێكی نێودەوڵەتی ھەیە كە ھەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی دەستووری بەھێز بمێنێتەوە، ئەمەش كاریگەری لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا دەبێت.

له‌و باره‌يه‌وه‌ رێبوار بابكه‌یی، سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە پەرلەمانی كوردستان جه‌ختی كرده‌وه‌، كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌م دواییه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا ده‌رخه‌ری ئه‌و راستییه‌ن كه‌ ھەرێمی كوردستان پێگەیەكی گرنگی دەستووری و سیاسییە لە ناوچەكەدا و رۆڵی لە چارەسەركردنی كێشەكان ھەیە.

هاوكات دڵشاد مسته‌فا وه‌سانی، چاودێری سیاسیش له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: گرنگیدانی وڵاتان بە ھەرێمی كوردستان، كاریگەری لەسەر پەیوەندییەكانی ھەولێر و بەغداش دەبێت، بەوپێیەی بەغدا باشتر درك بەوە دەكات كە ھەرێمی كوردستان قەوارەیەكی دەستوورییە و ویستێكی نێودەوڵەتی ھەیە بۆ مانەوەی ئەو قەوارەیە وەكو خۆی.

رۆژی ھەینی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دوای دوو رۆژ لە سەردانەكەی بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی فەرەنسا و بەرپرسە باڵاكانی عێراق، گەیشتە ئەنقەرە و لەگەڵ سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە كۆبووەوە، پرسی ئابووری، په‌تای كۆرۆنا و ھاوكاریكردنی ھەرێمی كوردستان گرنگترین تەوەری سەرەكی گفتوگۆكانی ھەردوولابوون.

H.B