(11ی سێپتەمبەر) وەرچەرخانێکی مێژوویی!

Kurd24

لە سەرەتای سەدەی (21) و لە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە (11/9/2001) ئەمریکا رووبەڕووی گەورەترین و دڕندانەترین و بەناوبانگترین هێرشی تیرۆریستی بوویەوە، لەڕێگای چوار فڕۆکەی سڤیلی نەفەرهەڵگر، چەند پێگەیەکی ستراتیژی ئەمه‌ریکا کرانە ئامانج، لە ناویاندا هەردوو تاوەری بازرگانی جیهانی لە نیویورک و بارەگانی پەنتاگۆن لە واشنتن، بە هۆیەوە (2977) کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی (25000) کەس بریندار بوون.

کاردانەوەی ئەمه‌ریکا بۆ ئەم هێرشانە وەرچەرخانێکی مێژووی دروستکرد، بە جۆرێک مێژووی مرۆڤایەتی پێش و دوای هێرشەکانی (11ی سێپتەمبەر) لە هەموو رووەکانەوە گۆڕانکاری زۆری بەدوای خۆیەوە هێنا، لە یەکەم گوتاریدا سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمه‌ریکا (جۆرج W بۆش )جیهانی دابەشکرد بەسەر دوو بەرەی دژ بەیەکدا (بەرەی تیرۆر و بەرەی ئەمه‌ریکا).

لەسەرەتای هێرشەکانەوە، ئەمه‌ریکا رێکخراوی تیرۆریستی  قاعیدەی تۆمەتبار کرد، دواتر ئەم رێکخراوە بەرپرسیاریەتی هێرشەکانی لەئەستۆی خۆی گرت.

پەرچەکرداری ئەمه‌ریکا بریتی بوو لە راگەیاندنی شەڕێکی سەرتاسەری هەمەجۆر (سەربازی، ئابووری، ئایدۆلۆژی.....هتد) بەرامبەر بە تیرۆریستان لەسەر ئاستی جیهان، لە دەرەنجامی ئەم هیرشانەدا ئەمه‌ریکا هەردوو رژێمی ئەفغانسان و عێراقی رووخاند و کۆمەڵێک بنکە و پێگەی سەربازی نوێی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروستکرد، لە ئێستادا ئه‌مه‌ریكا زیاتر لە (160) هەزار سەربازی لە (150) وڵاتدا بەسەر (865) بنکەدا دابەشکردووە، کە  لە (80) وڵاتدا دژایەتی تیرۆر دەکەن.

ئەم هێرشانە پرسی پاراستنی ئاسایشی کردە پرایۆرتی (ئەولەویەت) و گرنگی ئەم پرسەشی خستە پێش پرسەکانی تری وەک ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ، واتە بە هۆی ئەم هێرشانەوە ئازادی تاکەکان سنوردار کران و لە رێگای ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانەوە مرۆڤەکان خرانە ژێر چاودێریەوە.

شەڕی تیرۆر تاکو ئێستاش بەردەوامە، ئەگەرچی رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە لاواز بووە، بەڵام گروپی تیروریستی تر لە فۆڕمی تردا دروست بوون، وەک لە چەند ساڵی رابردوودا (داعش) سەری هەڵدا و بووە مەترسییەکی ڕاستەقینە لەسەر ئاستی جیهان بەگشتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی، لەو کاتەدا ئەمریکا بۆ لە ناوبردنی ئەم مەترسیە هاوپەیمانیەتێکی لە (70) وڵات پێکهێنا و بە هاوکاری و قوربانیدانی هێزەکانی پێشمەرگە و شەڕڤانان، توانرا ئوستوڕەی داعش تێکبشکێنرێت.

دوای نزیکەی دوو دەیە لە شەڕی تیرۆر، ئەمریکا ستراتیژیەتێکی نوێی گرتووه‌تەبەر، کە بریتیە لە میکانیزمی پشت بەستن بە هاوپەیمانەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکانیان، واتە ئەمریکا چیتر بەشدار نابێت لە شەڕە بێکۆتاکان و پێویستە وڵاتانی ناوچەکە خۆیان ئاسایشی خۆیان بپارێزن، لەم چوار چێوەیەدا ئەمریکا بڕیاریداوە هێزەکانی لە عێڕاق و ئەفغانستان بەڕێژەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە، هەروەها گفتوگۆشی دەست پێکردووە لەگەڵ بزوتنەوەی تاڵیبان.

یەکێک لە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ستراتیژە نوێیەکەی ئەمریکا بریتیە لە ئاسایکردنەوە پەیوەندی (عەڕەب-ئیسرائیل) و بەرقەرارکردنی ئاشتی لەژێر چەتری (گرێبەستی سەدە) بە مەبەستی دروستکردنی بەرەیەک لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی هەژموونی (چین و روسیا و ئێران) و دەستەبەرکردنی ئاسایش و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەگەرچی ئەمریکا قوربانی زۆری داوە لە شەڕی تیرۆردا، بە جۆرێک مەزەندە دەکرێت زیاتر لە (7) هەزار سەربازی کوژرا بن و نزیکەی (7) ترلیۆن دۆلاریشی خەرج کردبێت، بەڵام تاکو ئێستاش دەرهاویشتە و لێکەوتەکانی هێرشەکانی (11)ی سێپتەمبەر بەردەوامن و هەڕشەی گروپە تیرۆرستیەکانیش هەر بەردەوامن.