(رێكکەوتنی سەدە) وەک هەنگاوێکی چارەنوسساز!

Kurd24

دوای (72) ساڵ لە هەڕەشە و گوڕەشە و ململانێ و شەڕ، دواجار وڵاتانی عەرەبی (یەک لەدوای یەک) سەرەیان گرتووە تاکو پەیمانی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا واژوو بکەن، چونکە بۆیان دەرکەوت کە ناتوانن بە شەڕ ئیسرائیل لە ناوبەرن، بۆیە ناچار بوون بە ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەڵبکەن، ئاشتیەک کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و لە چوار چێوەی نەخشە ڕێگای (رێکكەوتنی سەدە) بەرنامەی بۆ داڕێژرابێت.

پڕۆژەی رێکكەوتنی سەدە (صفقة القرن ـــ Deal of the Century) نەخشە رێگایەکە بۆ چارەسەرکردن و کۆتایهێنان بە کێشەی (فەڵەستین-ئیسڕائیل).

ئیدارەی ترەمپ لە سەرەتای دەست بەکاربوونیەوە، بەسەرپەرشتی جارید کۆشنێر (زاوا و راوێژکاری تره‌مپ) ئامادەکاری کردووە بۆ کۆکردنەوەی پشتگیری بۆ پڕۆژەی (گرێبەستی سەدە) لەو چوارچێوەیەشدا لە (25 و 26ی حوزەیرانی 2019) لە مەنامەی پایتەختی بەحرێن کۆنفرانسێکی ئابووری بەڕێوەچوو بۆ پشتیوانیکردن و زەمینەسازی (ئابووری) بۆ پڕۆژەکە.

دوێنێ لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکادا هەنگاوێکی تری چارەنوسساز لە ژێر چەتری (ڕێکەوتنی سەدە) بەڕێوەچوو، بەسەرپەرشتی و چاودێری و بەشداری ڕاستەوخۆی ئەمه‌ریکا، هەر سێ وڵاتی ئیسڕائیل و ئیماڕات و بەحرێن، رێکكەوتنی ئاشتیان واژوو کرد، رێکكەوتنەکە وەرچەرخانێکی مێژوویی گشتگیرە، بوارەکانی سیاسی و ئابووری و زانستی و سەربازی و ئەمنی و کولتووری و وزە دەگرێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ هەوڵدەدات (گرێبەستی سەدە) وەک رێکلام بۆ هەڵبژاردنی مانگی (11) بەکار بهێنێت بۆ راکێشانی سەرنجی شەقامی ئەمه‌ریکی و بەرزکردنەوەی لیڤڵی دەنگەکانی، بە مەبەستی هەڵبژاردنەوەی بۆ خولی دووهەم و مانەوە لە کۆشکی سپی بۆ چوار ساڵی داهاتوو.

چاوەڕوان دەکرێت بە هۆی ئەم پڕۆژیەوە نەخشەی چەند وڵاتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕانکاری بەسەردا بێت لەوانە: ئیسڕائیل، فەڵەستین، ئوردن، میسڕ.

پرۆژەكە ئامانجی زۆری هەیە و ئەركی زۆری لەخۆ گرتووە، لەوانە سنوورداركردنی هەژموون و هێزی هەر سێ وڵاتی نەیاری ئەمه‌ریکا (چین و رووسیا و ئێران) هەروەها رێگری لە هیلالی شیعی و دابینكردنی ئاسایش بۆ ناوچەكە و شوێنگرتنەوەی ئەو بۆشاییەی کە  ئەمەریكا دروستی دەكات لە کاتی کشاندنەوەی هێزەکانی لە ناوچەکە.

تاکو ئێستا هەڵوێستی "ئاشکرا"ی فەڵەستینییەکان و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی دژی گرێبەستی سەدەن، چونکە پێیانوایە ئەم پڕۆژەیە زیاتر خزمەت بە ئیسرائیل دەکات، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە ئەم هەڵوێستەی بەشێک لە سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی تەنها لە ترسی رای گشتی عەرەبی و ئیسلامی بێت، دەنا لە ژێرەوە لەگەڵ ئەمه‌ریکا و ئیسرائیلدا رێککەوتوون و ئامادەباشیان کردووە بۆ جێبەجێکردنی نەخشە ڕێگای گرێبەستی سەدە، لەم چوارچێوەیەشدا ملیارەها دۆلاریان تەرخان کردووە بۆ بنیاتنانی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ ئاوارە فەڵەستینییەکان لە هەریەك لە وڵاتانی فەڵەستین و میسر و ئوردن.