"لایه‌نێكی سیاسی به‌ كاری قاچاغچێتی و وه‌رگرتنی سه‌رانه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێت"

گۆڕان: هیچ كۆمپانیایه‌كمان له‌ ده‌روازه‌كان نییه‌

K24 – ھەولێر:

ماوەی 2 ساڵە لەدەروازە سنوورییەکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی گەندەڵی فراوان دەکرێت و بە ناوی چەندین کۆمپانیاوە باج و سەرانە لە ھاووڵاتیان وەردەگیرێت. پێشتریش ئاشکراکراوە، ئەو کارە سەدان ملیۆن دۆلار زیان بە ھەرێمی کوردستان دەگەیەنێت. چەند جارێکیش ناوی بزوتنەوەی گۆڕان بەستراوەتەوە بەوەی کۆمپانیای لە دەروازە سنوورییەکان ھەیە و گوتەبێژی گۆڕانیش بە فەرمی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە.

لەوەڵامی ئەو دەنگۆیانەدا، رزگار محه‌مه‌د، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگه‌یاند، لایەنێکی سیاسی پشتیوانی لە کۆمەڵێک خەڵک دەکات لە خاڵە سنوورییەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ ئەوەی قاچاخچێتی بکەن و باج و سەرانە لە ھاووڵاتیان وەربگرن.

چەند رۆژی رابردووش وەزارەتی دارایی رایگەیاند، لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی گشتیی گومرگ و گومرگی سلێمانی تۆڕێکی قاچاخچێتی و ساختەکاریان ئاشکراکردووە، کە بە بەھای سەدان ملیۆن دۆلار زیانیان بە دارایی گشتیی گەیاندووە.

زیاد رەزا، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی گوتی: کەسانی ئاسایی ناتوانن لە دەروازە سنوورییەکان ئەو کارانە بکەن.

بە پێی ئەو بەڵگەنامانەی دەست کوردستان24 کەوتوون، ماوەی یەک ساڵە مەرزی باشماخ بووە بە ناوەندێکی گەورەی قاچاخچێتی و ئەو کاڵایانەی رێگاپێدانیان قەدەغەیە لەم مەرزەوە دەھێنرێنە ناو ھەرێمی كوردستان، وەک: ئۆتۆمبێلی مۆدێل نزم، ھێلکە، جگەرە، توتنی نێرگەلە، دوگی ئاژه‌ڵ، جگەر و مریشک. نووسینگەی قاچاخی بۆ دانراوە و بازرگانەکان دەچن لە نووسینگەکان بە پێی ئەو نرخەی دانراوە پارە دەدەن، بۆ نموونە دوگی ئاژه‌ڵ 30 ھەزار دۆلار، ھێلکە 12 ھەزار دۆلار و خەیار 4 ھەزار دۆلار، بە ھەمان شێوەش بە پێی بەڵگەنامەکان لە مەرزی پەروێزخانیش لە مانگی 7ی ئەمساڵەوە قاچاخچێتی لەم خاڵە سنوورییە بە شێوەیەکی مەترسیدار دەستیپێکردووە.