ترەمپ داوای پشكنینی بایدن دەكات

جۆبایدن: ترەمپ ھیچ لە سیاسەت نازانێت

K24 - ھەولێر

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا داوا دەکات پێش دیبەیتەکەی رۆژی سێ شەممە پشکنینی ماددەی وزەبەخش بۆ جۆبایدن بکرێت.

ترەمپ رایگەیاند "جۆبایدن بەردەوام خەوی دێت و کەسێکی بێئاگایە و پێشنیار دەکەم رۆژی سێ شەممە پێش دیبەیتەکە یان دوای دیبەیتە رووبەڕووەکە پشکنینی بۆ بکرێت بزانین ماددەی وزەبەخش ناخوات؟".

دەشڵێ "تەنیا ماددەی وزەبەخش دەتوانێ جیاوازی دروست بکات، لەنێوان ئاستی دیبەتەکانی پێشتر و رۆژی سێ شەممەی جۆبایدن".

دۆناڵد ترەمپ، راشیگەیاند "منیش ئامادەم پشکنینم بۆ بکرێت".

بڕیارە سبەی سێشەممە 28/9/2020، یەکەم دیبەیتی رووبەڕووی نێوان ھەردوو کاندیدی سەرۆکایەتی ئەمەریکا دۆناڵ ترەمپ و جۆبایدن لە ویلایەتی ئۆھایۆ بەڕێوەبچێت.

لەوبارەوە جۆبایدن دەڵێ: "ێشبینی دەکەم ترەمپ ھێرش بکاتە سەرم، چونکە کەسێکی ناشارەزایە لە سیاسەت، وەك جۆزێف گۆبێڵت، وەزیری پروپاگەنده‌ی نازییەکانە، تەنیا پروپاگەندە و درۆ و ھێرش دەزانێت".

بایدن باسی لەوەشكردووە: "ترەمپ ھیچ لەبارەی سیاسەتی دەرەوە نازانێت و سیاسەتی ناوخۆش نازانێت، پێشبینی دەکەم دیبەیتێکی سەخت بێت و ترەمپ شتی کەسی و تایبەتی باس بکات، چونکە ترەمپ ھەر ئەو شتانە دەزانێت".