سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان جه‌خت له‌ پێكه‌وه‌ ژيان و لێبورده‌يى ده‌كاته‌وه‌

نێچيرڤان بارزانى: هه‌رێمى كوردستان به‌ نيشتمان و لانكه‌ى ئارامى هه‌مووان ده‌مێنێته‌وه‌

K24 - ھەولێر:

پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 28/9/2020 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ ئايدن مه‌عرووف، وه‌زيرى هه‌رێم بۆ كاروبارى پێكهاته‌كان كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى پێكهاته‌كان به‌تايبه‌تى پێكهاته‌ى توركمان تاوتوێكرا و تيشك خرايه‌ سه‌ر هاوبه‌شى و رۆڵ و به‌شدارييان له‌ پرۆسه‌ى سياسى و به‌ڕێوه‌بردن و كايه‌كانى ديكه‌ى ژياندا له‌ هه‌رێمى كوردستان. له‌مباره‌يه‌وه‌ سەرۆكی ھەرێم دووپاتیكرده‌وه‌، كه‌ توركمان پێكهاته‌يه‌كى ره‌سه‌نى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستانن و رۆڵى ديار و به‌رچاويان له‌ بنيانتان و به‌ره‌وپێشبردنى هه‌موو كايه‌كانى ژياندا له‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌يه‌.

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وه‌زيرى هه‌رێم بۆ كاروبارى پێكهاته‌كان، پوخته‌يه‌كى ده‌رباره‌ى دۆخى پێكهاته ئايينى و نه‌ته‌وه‌ييه‌كانى ديكه‌ى كوردستان و كاروبار و پێداويستييه‌كانيان خسته‌ڕوو، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌ خوێندنى توركمانى و سريانى و چالاكييه‌ كولتوورى و رۆشنبیرییه‌کان كرد.

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان جه‌ختى له‌ سياسه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ پاراستن و قووڵكردنه‌وه‌ى كولتوورى ده‌وڵه‌مه‌ندی پێكه‌وه‌ژيان و یه‌کترقبووڵکردن و لێبورده‌يى له‌نێوان هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌يى و ئايينييه‌كاندا له‌ هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ به‌ شێوه‌يه‌ك كه‌ توركمان، مه‌سيحى، ئێزدى، كاكه‌يى، ئه‌رمه‌ن، شه‌به‌ك، عه‌ره‌ب و كورد هه‌موو پێكه‌وه‌ يه‌كسان بن و دووپاتیكرده‌وه،‌ كه‌ وه‌ك هه‌ميشه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ نيشتمان و لانكه‌ى ئارامى هه‌مووان ده‌مێنێته‌وه‌.