ترەمپ، ماكرۆن و پوتن داوا دەكەن شەڕ لە قەرەباخ راوەستێ و دەستبەجێ دانوستان دەستپێبكات

داوایان لە ئەرمینیا و ئازەربایجان كرد دەستەجێ ئەو شەڕە راگرن

K24 – ھەولێر:

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا، ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فه‌رەنسا و ڤلادیمێر پوتن سەرۆكی رووسیا شەڕی ناوچەی "قەرەباخ"یان شەرمەزاركرد و داوایان لە ئەرمینیا و ئازەربایجان كرد دەستەجێ ئەو شەڕە راگرن.

ھەر سێ سەرۆك لە بەیاننامەیەكی ھاوبەشدا كە لە سەر پێگەی سەرۆكایەتی رووسیا "كرملین" ئەمڕۆ بڵاوكراوەتەوە، بە توندترین دەستەواژە زیادبوونی پێكدادانەكانیان لە بەرەكانی شەڕ لە ناوچەی قەرەباخ شەرمەزار كرد".

ھەرسێكیان خەمباری خۆیان دەربڕی بۆ گیانی قوربانییانی گەڕی ئه‌مجاره‌ی شەڕ لە قەرەباخ و سەرەخۆشی خۆیان ئاراستەی خانەوادەی كوژراوان و بریندارانیان كرد.

لە بەیاننامەكەشدا ھاتووە: "داوا لە ھێزی لایەنەكانی شەڕكەر دەكەین دەستبەجێ كردەوە كۆشتارییەكان رابگرن و ھانی سەركردایەتی ئەرمینیا و ئازەربایجان دەدەین دەستبەجێ پابەند بن و دەست بە دانوستان بكەن، بە نیاز پاكی و بەبێ دانانی مەرجی پێشوەختە و بەھاوكاری و پشیتوانی سەرۆكەكانی بەشدار لە "كۆمەڵەی مینسك"ی تایبەت بە قەرەباخ، كە سەر بە رێكخراوی ئاسایش و ھاریكارییە لە ئەوروپا" (ئەوانیش ھەر یەك لە رووسیا، ئەمەریكا و فه‌رەنسانە).