ئه‌رمینیا ره‌خنه له ئیسرائیل ده‌گرێت
K24 – هه‌ولێر:
حكومه‌تی ئه‌رمینیا، رایگه‌یاند، باڵیۆزی وڵاته‌كه‌ی له ئیسرائیل، "ئارمین سمباتیان"ی بانگكردووه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له باره‌ی هه‌ڵوێستی ئیسرائیل و ناردنی چه‌ك بۆ ئازه‌ربیجان راوێژی له‌گه‌ڵ بكات.
گوته‌بێژ به ناوی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌رمینیا، "ئانا نگدالیا" رایگه‌یاند، "ئێمه ئێستا له ره‌وشێكداین، كه رووبه‌ڕووی دوژمندارێتی سه‌ربازیانه‌ی ئازه‌ربیجان بووینه‌ته‌وه. توركیا پشتیوانی سه‌ربازیی ئازه‌ربیجان ده‌كات. له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا فرۆشتنی چه‌كی ئیسرائیلی به ئازه‌ربیجان مایه‌ی نیگه‌رانییه و جێی قبوڵكردن نییه".
گوتیشی: "ئه‌رمینیا چه‌ندین جار هه‌ڵوێستیا خۆی له باره‌ی ئه‌و پرسه‌وه له رێگه‌ی كه‌ناڵه دیپلۆماتییه‌كانه‌وه گه‌یاندووه‌ته ئیسرائیل. هه‌ربۆیه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه، باڵیۆزی خۆی له‌و وڵاته بانگكردووه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی راوێژی له‌گه‌ڵ بكات".
رۆژی یه‌كشه‌ممه (27ی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری 2020)، جارێكیدیكه شه‌ڕ له نێوان هه‌ریه‌ك له ئازه‌ربیجان و ئه‌رمینیا له‌سه‌ر هه‌رێمی "ناگۆڕنۆ قه‌ره‌باغ" روویدا. ئه‌م خوله‌ی شه‌ڕی نێوان ئه‌و دوو وڵاته له ماوه‌ی (20) ساڵی رابردوودا به مه‌ترسیدارترین ره‌وشی ئاڵۆزی ناوچه‌كه هه‌ژمار ده‌كرێت.
ئه‌رمینیا، رایگه‌یاندووه، ئازه‌ربیجان ده‌ستپێشخه‌ربووه و به پشتیوانی و كۆمه‌كی سه‌ربازی توركیا هێرشیكردووه‌ته سه‌ر هێڵه‌كانی پێشه‌وه‌ی سوپای ئه‌رمینیا له هه‌رێمی "ناگۆڕنۆ قه‌ره‌باغ"، له به‌رامبه‌ردا حكومه‌تی "باكۆ" رایگه‌یاندووه، هێزه‌كانی ئه‌رمینیا ته‌قه‌یان له خه‌ڵكی ئازه‌ربیجانی كردووه.
سه‌رچاوه: RT
و:ئ.ر