مەسرور بارزانی لە پەرلەمان پوختەیەك لەبارەی ھەنگاوەكانی چاكسازی و چەند پرسێكی دیكە دەخاتەڕوو

بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، پەرلەمان كۆدەبێتەوە

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ دووشەممە 2020/10/5 کاتژمێر 10ی بەیانی، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، راپۆرتێکی گرنگ و پڕ وردەکاری لە پەرلەمانی کوردستان دەخاتەڕوو.

لەو راپۆرتەدا کە پوختەیەکی راپۆرتێکی بەرفراوانتری حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە ماوەی یەک ساڵی دەستبەکاربوونیدا و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا بڵاوبکرێتەوە. سەرۆکی حکومەت، تیشک دەخاتە سەر چەند تەوەرێکی گرنگ و جێی بایەخی ڕای گشتی کوردستان ، لەوانە (پڕۆسەی چاکسازی لە بواری دارایی و کارگێڕی ، یاسای چاکسازی، پلانەکانی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی و پەتای کۆرۆنا، پڕۆژە خزمەتگوزاریی و ستراتیجییەکان لە بوارەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و ڕیگاوبان و کارەبا .پرۆسەی گفتوگۆ و دانوستان لە گەڵ بەغدا و دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و دۆسییەکانی نەوت و دارایی و پێشمەرگە)

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، بە پشتبەستن بە ماددەی 66 بڕگەی دووەم لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان لە چەند رۆژی رابردوودا بە نووسراوی فەرمی داوای لە پەرلەمانی كوردستان كرد دانیشتنێكی تایبەت رێكبخات. بۆ ئەوەی لە پەرلەمانەوە وردەكاری لەبارەی پرسە ھەنوكەییەكانی ھەرێمی كوردستان و ناوچەكە بخاتەڕوو.