ترەمپ و کۆرۆنـــــا!
روون و ئاشکرایە کە ڤایرۆسی كۆرۆنا کاریگەرییەکی تەواوی کردۆتە سەر هەموو سێکتەر و کایەکانی ژیان (بە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتەوە) لە نێویشیاندا سێکتەر و کایەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵاتی و تەندروستی و پەروەردەیی و گواستنەوە و تەکنەلۆژیا و....هتد، بە جۆرێک کە زۆربەی بابەتەکانی تر پەراوێزخراون و فۆکەسی هەموو چاوەکان خراوەتە سەر دۆزینەوەی ڤاکسین و چۆنیەتی خۆپارێزی و شێوازی رووبەڕووبۆنەوەی كۆرۆنا، کاریگەرییەکە بە جۆرێکە کە دەکرێت زەمەن دابەش بکرێت بەسەر زەمەنی پێش كۆرۆنا و زەمەنی دوای كۆرۆنا، هەروەها ئەگەرێکی بەهێز هەیە کە پەتای كۆرۆنا بە کاریگەرترین پەتای مێژووی مرۆڤایەتی بناسێنرێت.
لە کاتێکدا کەمپەینی هەڵبژاردنی هەردوو کاندیدی سەرۆکایەتی ئەمهریکا لە گەرمەی هەڵمەتی هەڵبژاردندا بوون کە بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوو لە رۆژی سێ شەممە (3/11/2020) ئەنجام بدرێت، ڤایرۆسی كۆرۆنا خۆی گەیاندە جەستەی ترهمپ و رێڕەوی گرنگی پێدانی خەڵک و میدیای ئهمهریكا و جیهانی گۆڕی لە گرنگیدان بە هەڵبژاردنەکانەوە بۆ گرنگیدان بە تەندروستی ترهمپ، بە جۆرێک کە تەندروستی ترهمپ وەک تەندروستی سەرۆکی جیهان گرنگی پێدرا، ئەویش بە هۆی پێگە و کاریگەریی و لێکەوتەکانی تێکچوونی تەندروستی ترهمپ (وەک سەرۆکی تاک جەمسەری دونیا) بەسەر بازاڕ و بۆڕسە و ئابووری هەموو جیهان.
دوای مانەوەی بۆ ماوەی چوار رۆژ لە نەخۆشخانەی (واڵتەر ڕید) لە مێریلاند، ئێستا (دۆناڵد ترهمپ) تەندروستی جێگیرە و گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی و لەژێر چاودێری پزیشکیدایە، پێموایە نەخۆشکەوتنی ترهمپ لەلایەک بە خێر بۆ ترهمپ شکایەوە، چونکە خەڵکی یار و نەیار هاوسۆزیان بۆ دەربڕی، لەلایەکی تر تاقیکردنەوەیەکی قورس بوو بۆ سیستەمی هەڵبژاردن و سیستەمی سیاسی و ئابووری ئهمهریكا، چونکە لە ئەگەری مردنی ترهمپ هەڵبژاردنی ئهمهریكا رووبەڕووی ئاڵۆزی و شڵەژانێکی بێوێنە دەبووەوە، بەڵام زاڵبوونی ترهمپ بەسەر كۆرۆنادا ئهمهریكای لە قەیرانێکی دەستووری بێوێنەدا دەربازکرد.
پێموایە وەک (سەپڕایزی ئۆکتۆبەر) ئەگەر ترهمپ لەگەڵ زڵبوونی بەسەر كۆرۆنادا، بتوانێت لە ماوەی ئەم مانگەدا ڤاکسینی كۆرۆنا بەرهەم بێنێت، ئەوا دەتوانێت لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا بۆ خولی دووەم سەربکەوێت، واتە سەرکەوتنی ترهمپ بەسەر كۆرۆنادا یەکسانە بە سەرکەوتنی ترهمپ بەسەر جۆ بایدن، چونکە هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەر ڕێگا لەم ڤایرۆسە نەگیرێت ئەوا مەترسی هەیە (160 تاکو 214) ملیۆن هاووڵاتی ئەمهریکی تووشی كۆرۆنا بن، واتە زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی ئهمهریكا، بۆیە سەرکەوتنی ترهمپ بەسەر كۆرۆنادا و دۆزینەوەی (ڤاکسین) پێش هەڵبژاردن واتە دەستەبهرکردنی خولی دووەمی کورسی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.