پێکدادان لەنێوان عەرەبی هاوردە و جووتیارانی کوردی گوندی پەڵکانە روویدا

"جووتیارانی کورد هەواڵیان پێگەیشتووە سوپای عێراق دێت بۆ بڵاوەپێکردن یاخود دەستگیرکردنیان"

K24 - گوندی پەڵکانە

عەرەبی هاوردە ئەمڕۆ بۆ رووپێویکردنی زەویی جووتیارانی کورد هاتنە گوندی پەڵکانە، بەڵام رووبەڕووبوونەوە لەنێوان ئەوان و جووتیارانی کوردی گوندەکە روویدا.

هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 لە گوندی پەڵکانەوە رایگەیاند "پێشبینی دەکرا ئەو عەرەبە هاوردانە رۆژی دووشەممە بێنە گوندەکە بۆ رووپێویکردن، بەڵام ئەمڕۆ هاتن، بۆیە رووبەڕووبوونەوە روویدا و ئێستا هێزێکی زۆری سەربازی لەنێو گوندی پەڵکانە بڵاوەیان پێکراوە و جووتیارانیش لەسەر ئەو زەوییانەیانن، کە عەرەبی هاوردە دەیانەوێت داگیری بکەن".

یەکێک لە جووتیارانی گوندەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، عەرەبە هاوردەکان بە یاوەریی پۆلیس و بەڕێوەبەرایەتیی کشتووکاڵ هاتوون، "دوو ئۆتۆمبێلی پڕ لە عەرەبی هاوردە بوون، بەڵام کاتێک هاتنەخوارەوە، چونکە بەنیازی داگیرکردنی خاکەکەمانن، خۆمان بۆ رانەگیرا و هێرشمان کردە سەریان و هەڵاتن".

 

دوای ئەوەی هەواڵ بە جووتیارانی گوندەکە گەیشتووە، کە سوپای عێراق دێت بۆ بڵاوەپێکردن یاخود دەستگیرکردنیان، بەشێکی زۆریان بۆ ئەوەی لەو کێشەیە دووربن زەوییەکانیان جێهێشتووە.

ئەم هەوڵەی عەرەبە هاوردەکان لەکاتێکدایە وەزیری دادی عێراق لە 23-9-2020 نووسراوی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی جێبەجێکردنی دادگا کرد و، سەرجەم گرێبسەتە کشتوکاڵییەکانی جووتیارانی عەرەبی هاوردەی هەڵوەشاندەوە، داوای کرد ئیدی کار بەو بڕیارە نەکرێت، بەڵام تائێستا ئەو بڕیارە لە سنووری پارێزگای کەرکووک جێبەجێ دەکرێت.

راکان جبووری، پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک داوای لە بەڕێوەبەری کشتووکاڵی سەرگەڕان و بەڕێوەبەری شارەدێیەکە کردووە پاڵپشتی عەرەبە هاوردەکان بکەن لە لێسەندنەوەی خاوەنداریێتی زەوی جووتیارانی کورد لە سنوورەکە و لە 11-10-2020 دادگای جێبەجێکردن (تەنفیزی)، نووسراوی کردووە کە فەرمانی (راکان جبووری) جێبەجێ دەکات، واتا: هیچ حیسابیان بۆ نووسراوەکەی وەزیری داد نەکرد.

لە گوندی پەڵکانە تائێستا 9 خانوو داگیرکراون، چەند خانوویەکی دیکەش قوفڵدراون و حیجزکراون، دانیشتوویەکی گوندەکە پێشتر بە کوردستان24ـی گوتبوو "موقەدەمێک ماوە ماوە، خانەوادەکەی دەهێنێت و خانووەکەش دەداتە بەدووەکان، ئەگەر بەدووەکان بێن، ئێمە ئامادەین گیانی خۆمان بەخت بکەین و رووبەڕوویان ببینەوە".

لە کۆی 42 گوندی سنووری ناحیەی سەرگەڕان، 40 گوندیان مەترسیی تەعریبیان لەسەرە. جووتیارانی گوندەکە دەڵێن، پەڵکانە یەکەم گوندە، ئەگەر رێگە بە تەعریبکردنەوەی ئەو گوندە بدرێت، تەعریب بەردەوام دەبێت و گوندەکانی دیکەش دەگرێتەوە.

 

هـ.ر.