ئه‌نقه‌ره: له چوار ویلایه‌تی "باشووری خۆرهه‌ڵاتی توركیا" ئۆپراسیۆن دژی په‌كه‌كه ئه‌نجامدرا
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا، رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ له چوار ویلایه‌تی باشووری خۆرهه‌ڵاتی توركیا (باكووری كوردستان)، ئۆپراسیۆنێكی ئه‌منیی به‌ڕێوه‌بردووه.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا، وه‌زاره‌ته‌كه روونیكردووه‌ته‌وه، ئه‌و ئۆپراسیۆنه ئه‌منییه ئامانج لێی ده‌ستگیركردن و نه‌هێشتنی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستانه كه له‌و ناوچانه جموجووڵ و چالاكییان له دژی هێزه ئه‌منییه‌كانی توركیا ئه‌نجامداوه.
به گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه، له هه‌ریه‌ك له ویلایه‌ته‌كانی (شه‌رناخ، سیعرد، وان و هه‌كاری) ئۆپراسیۆنه‌كه ئه‌نجامدراوه.
له به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه: (2512) ئه‌ندامی هێزه ئه‌منییه‌كان به تایبه‌تی هێزی ئه‌منیی "د‌رك" و پۆلیس، به‌شداریان له‌و ئۆپراسیۆنه كردووه و ئامانج لێی كۆتایهێنانه به بوونی چه‌كدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان له سنووری ئه‌و ویلایه‌تانه.
ئه‌مه جاری سێزده‌هه‌مینه هێزه ئه‌منییه‌كانی توركیا ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی له‌و سنووره ئه‌نجام ده‌ده‌ن و له كۆی گشتیی ئۆپراسیۆنه‌كاندا (124) كه‌س كوژراوون، كه توركیا به "تیرۆریست" وه‌سفیان ده‌كات و (53) كه‌سی دیكه ده‌ستگیركراوون و (190) كۆگا و حه‌شارگه‌ی چه‌ك و په‌ناگه‌ی چه‌كدارانی په‌كه‌كه تێكدراوون.