شەل بەبەرگی کۆرەوە مەلیکە.. جارێک بەعسی دووجار شیوعی ئینجا ئیسلامی

Kurd24

مێژوو باشترین مامۆستایە، بەڵام خراپترین قوتابیشی ھەیە، بەدرێژایی مێژووش مرۆڤی کۆمەڵگه‌ی عێراقی ھەمیشە ھەڵگری دەروونێکی شەکەتی دووسەرە بووە، گەشە و پێشووەچوونی کەسایەتی تاکەکانیشی زۆر گرێی دەروونی لەخۆ گرتوە بەشێوەیەک کەسەکان بەردەوام بەدووفاقی لەنێوان داب و نەریتە ئاڵۆز و خێڵەکیەکەی بیابان و ژیانی پێشکەوتووی مەدەنیەت ھەڵپە ھەڵپ دەکەن، ھەر بۆیەش ئەگەر دیقەت بدەینە مێژووی چەند ھەزار ساڵەی ژیانی پێش زایینی دۆڵی میزۆپۆتامیا تاوەکو سەدەی بیستەم، دەبینین جارێک بەھیمەتەوە شارستانیەتیان بنیاتناوە و دەمانێکیش خەریکی شەڕ و کۆچکردن و کۆچپێکردن و راگواستن بووینە، ئێستاش دوای 1400 ساڵ وردەکاری شەڕەکانی «سەففین کە لەسەر سنووری عێراق - سووریا روویداوە لەنێوان عەلی و موعاویە و شەڕی تەف»  کە بە شەڕی کەربەلا دەناسرێت، لەساڵی 61 کۆچی لەنێوان یەزید بن موعاویە و ئیمام حوسەینی نەوەی پێغەمبەر روویداوە و شانۆی ئەو تراژیدیایە خاکی عێراق بووە بە یەکێک لە گەورەترین کارەسات و ھۆکاری پەرتەوازەبوون لەمێژووی ئیسلام دادەنرێت و ئاکامەکانی ئەو شەڕە خوێناوییەش کە خۆڵی بەخوێن سوور کردووە و منداڵی شیرەخۆریشی لەبنەماڵەی پێغەمبەر تێدا کوژراوە، تاوەکو ئەمڕۆ جیھانی ئیسلامی باجەکەی دەدات و تاوەکو ئەمڕۆش لاپەڕەکە بەکراوەیی ماوەتەوە و مێژووێکی زۆر ھەستیار و پڕاوپڕ پرسیارە و زۆر بۆچوون و رای جیاواز لەخۆ ھەڵدەگرێت ھەروەک راگری ئەدەبی عەرەبی تەھا حوسێن بەکوشتنی ئیمامی عوسمان دەڵێت «الفتنة الاولى» تاوەکو دەگاتە «الفتنة الكبرى» ناونیشانی کتێبەکەی تەھا حوسێن کە مشتومڕێکی زۆر و کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە، بۆ کۆی شەڕ و رووداوەکانی ئەوکاتە کەپێشەکی و ھۆکاری راستەوخۆ بوون بۆ پاکتاوکردنی بنەماڵەی پێغەمبەر لەسەر دەستی یەزید بن موعاویە، ھەر بۆیەش تاوەکو ئێستاش شیعە و سووننە بەقەناعەتێکی کامیلەوە یەکتر قەبوڵ ناکەن و بەئاسانی دەستیان دەچێتە خوێنی یەکتری و 1400 ساڵە زانا و مێژوونووس و ئیمام و شێخەکانی ئەو دوو بەرەیە بەشێوەیەکی جیاواز دەستنووسیان کردووە و پاساو بۆ  کۆی گشتی کردار و پەرچەکرداری ئەو رۆژگارە دەھێننەوە. 

1400 ساڵە ناکۆکی لە سەرچاوە و دەقە ئایینی و ئیجتیھادەکانی ھەردوولا زۆر بەزەقی دیارە و تەنانەت لەسەر خودی فەرموودەکانی پێغەمبەریش جیاوازی زۆریان ھەیە و رێکناکەون، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بەمەسەلەی ئیمامەتی «أهل البيت»ـه‌وە ھەیە لەدوای کۆچی دوایی پێغەمبەر «د.خ»، بەڵام دەبێت ئەوەش بگوترێت کە دیاردەی جیاوازی مەزھەبی لەئایینەکانی تریش ھەیە، زۆرجار زیاتر لەئەنجامی پێشکەوتنی قۆناغی مێژووییەوە دروست دەبێت، ھاوشێوەی جیاوازییە مەزھەبیەکانی نێوان پڕۆتستانت و کاسۆلیک و ئەرسەدۆکس لەئایینی مەسیحی و ئەشکەناز و سەفاردینی ئایینی یەھوودی. 

کۆمەڵناسیگەورەی عێراقی دکتۆر عەلی وەردی دەڵێت: "کەسایەتی عێراقی بەجیاوازی ئینتیمایەوە تاکێکە لەنێوان دوو نرخ و کۆمەڵێک بەھای جیاواز و دژبەیەکی کۆمەڵایەتیەوە دەژیت، داب و نەریتی ڕەسەنی شارو بەھا و ئارەزووی گوزەرانێکی پڕ مەدەنیەت، سەرکردەی عێراقی سیاسی بێت یان مەرجەعی ئایینی مەزھەب و تیرەیەک کەسێکە ھەمیشە لەسەر مینبەر بۆ جەماوەر باسی بیروباوەڕ و کۆڵنەدان و مێژووی خەبات و جیھاد دەکات بەتایبەت لە نووسین وتارە سیاسی و ئایینییەکانیدا کەچی بەکردار و قەناعەتەوەش ملکەچی بیرێکی پێچەوانەیە، واش ڕێکدەکەوێت زۆر کەسێکی مەزھەبیە و ھەندێ جاریش مولحیدە!! . ئەو بە بەرچاوی خەڵکەوە زۆر دیندارە و لەناخەوەش زۆر کەمتر ئیماندارە، لەنێوان دیندار و ئیمانداریشدا کۆمەڵێک پرسیار و بابەتی زۆر قووڵ ھەن، ئەزموونی پڕنەھامەتی گەلانی عێراق پێمان دەڵێت مرۆڤی عێراقی کەسێکی ریایی نییە، بەڵکو سرووشتی ئاسایی خۆی وایە ھەڵگری دوو کەسایەتیە لەیەک رووحدا. شەرعیەت بەعەقیدەی «توقیە» دەدات و لەناخی دڵەوە باوەڕی پێیەتی، ڕەوانبێژە بۆ ھەموو قسەکانی بەڵام لەکرداریدا پێچەوانە دەبینرێت".

عێراق لەدەقه‌ ئایینییه‌كانشدا ھەر مەیدانی شەڕە؛

تایبەت بە فەرموودەکانی پێغەمبەر محەمەد «دخ» کە باس لەسەرەتای نیشانەکانی کۆتایی ژیان دەکات لەسەر زەوی ئەوا لەعێراقەوە ئاماژەکان دەست پێدەکەن کەبەفەرموودەی «حديث إنحسار نهر الفرات» ناسراوە و باس لە کەمبوونی سەرچاوەکانی ئاوی دیجلە و فوڕات و  شەڕی عێراق و وڵاتانی ئیقلیمی لەسەر ئاو کە ئێستا زۆر بەزەقی دیارە بەھۆی ئەو بەنداوانەی کە تورکیا و ئێران لەسەر سەرچاوەکانی دیجلە و فوڕات دروستیان کردووە.

عادل عەبدولمەھدی؛ رۆژگارێک بەعسی و دووجار شیوعی و دواجاریش ئیسلامییەکی شیعی

جاران لەعورف و کاری حزبایەتی بەتایبەت لەساڵانی چل و پەنجاو شەست و تاوەکو سەرەتای نەوەتەکانیش جۆرە بیروباوەڕێکی کۆنکریتی و ئەساڵەتێکی پیرۆز لە پەیڕەوکردنی کاری حزبدا  بەدیدەکرا ئەویش؛ عەیبەیەکی گەورەبوو کاتێک کادیرێکی حزب لە زیندان یان لەژێر ئازار و ئەشکەنجەی نەیارانی وڵات و حزبەکەی بەئاسانی ئیعتیراف لەسەر ھەڤاڵانی خۆی بکات و نھێنییەکان بدرکێنێت و ھەموو شتێکیان تەسلیم بکات، یان لەپێناو ئازادکردنیدا خۆی لەخەبات و مێژووی حزبەکەی بێبەری بکات، بۆیە شیوعییەکان مافی خۆیانە کە شانازی بەخەبات و خۆڕاگری سەلام عادل دەکەن ناوبراو لە کۆشکی نیھایە لە سەر دەستی بەعسی و حەرەس قەومییەکان بەمشار دەست و قاچیان پارچە پارچە بڕیەوە بەجگەرە ھەموو گیانیان سووتاند جگەلە ئازاری کێبڵ و کارەبا و دواتر خستیانە ناو تێزاب و زۆر بەشێوازێکی وەحشیگەرانە ئەشکەنجەدرا، بەڵام تاوەکو گیانیشی لەدەستدا یەک وشەی نەدرکاند و تەنازولیشی بۆ بەعسییەکان نەکرد، بێگومان نموونەی ئەم قارەمانێتییە لەمێژووی حزبەکانی تریش ھەن بەجیاوازی کەسایەتی و رادەی خۆڕاگری کەسەکانەوە.

 لەعێراق چەند ساڵێک پێش ئێستا لەپەیجەکانی سۆشیال میدیا وێنەیەک لەدەست لەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق عادل عەبدولمەھدی لەڕیزەکانی حزبی بەعسی عەرەبی ئیشتیراکی بڵاوکرایەوە کەمێژووی دۆکیۆمێنتەکە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی دەی ساڵی 1964 کاتێک ھەوڵێک بۆ کودەتایەکی بەعسییەکان لەسەردەمی عەبدولسەلام عارف بەر لەوەی لەدایک ببێت شکستی پێھێنرا و ئەنجامدەرانی ھەوڵەکەش زۆربەی دەستگیرکران، لەوانەش سەدام حوسێن کە ئەوکات بەرپرسی باڵی سەربازی حزبی بەعس و بەرپرسی دەزگای حونەین بوو، کە دەزگایەکی ئەمنی بوو کاری ڕاستەوخۆی پاکتاوکردنی نەیارانی بەعس بوو، دواتر سەدام بەھاوکاری سەعدون شاکر لە چێشتخانەی جەندول توانی لە زیندان رابکات، بەڵام جگە لە سەدام عەبدولکەریم شێخلی و سەعدون شاکر و عەبدولخالق سامەڕائی و زۆری تریش دەستگیرکران و یەکێک لەوانەی کە ئەوکات بەتۆمەتی بەعسی بوون و پەیوەندی بەحەرەس قەومیەوە دەستگیرکرا عادل عەبدولمەھدی بوو، ئەو کاتەش بەڕێوبەرەی ئەمنی عامەی عێراق ڕەشید موحسین بوو. دیارە مەرجی ئازادکردنی زیندانییەکانیش ئەودەمە یەک لەسێ شت بووە یان ئەوەتا ھیچ بەڵگەیەکی ئیدانەکردن لەسەر تاوانبارە سیاسییەکە نەبێت یان بەکەفالەت ئازاد بکرێت یان زیندانە سیاسییەکە بێبەریبوونی خۆی لە ریزی حزبی بەعس بنووسێت، کە ئەوەی دواییان عەیبەیەکی زۆر گەورە بووە بۆ کادیرانی حزب.

سەرچاوەکان باسی ئەوە دەکەن کە عەبدولمەھدی لەبەر ئەوەی بەرگەی نەھامەتییەکانی رۆژانی زیندانی نەگرتووە ڕێگای سێیەمی ھەڵبژاردووە و بەدەستنووسی خۆی بێبەریبوونی لە ریزەکانی بەعس پێشکەش بە رەشید موحسین دەکات و لەنووسراوەکەشیدا ھێرشێکی زۆر توند دەکاتە سەر ئامانجەکانی حزبی بەعسی عەرەبی ئیشتیراکی و ھەڤاڵانی نزیکی خۆی. یەکێک لە شایەتحاڵەکانی ئەم راستییە کەسایەتی ناسراوی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی عەونی قەلەمچی بووە کە ئێستا لە دانیمارک دەژیت و ئەوکات پلەی مولازم ئەوەل ئەمن بووە و بەرپرسی زیندانەکەی مەھدی بووە و شایەتی ھەموو وردەکارییەکانی ھەڵوێستە لاوازەکەی عەبدولمەھدییە و ناوبراو لەیادەوەرییەکانی دەڵێت: "عادل دۆستم بوو کاتێک گیرا زۆر ھەوڵم بۆی داو پێم گوت بەڵێنت پێ دەدەم لەماوەی سێ ڕۆژیتر ئازاد دەبیت بەس نووسراوی بەرائەت لەڕیزەکانی بەعس مەنووسە بۆ کەسایەتی تۆ جوان نییە وەکو پەڵەیەکی ڕەش بۆت دەمینێتەوە، بەڵام پاش سێ ڕۆژ نووسراوی بێبەریبوونی خۆی پێشکەش بە بەڕێوبەری ئەمنی عامکرد. مەعلومیشە لەمێژووی کاری حزبایەتی لە ھەموو وڵاتێک زۆرجار روودەدات و ئاساییشە ئەندامێک یان کادیرێک یان سەرکردەیەکی حزب دەست لەکاردەکێشتەوە یان لەحزبەکەی جیادەبێتەوە، بەڵام نووسینی بێبەریبوون لەمێژووی حزب و سووکایەتیکردن بە رۆژانی رابردووی  خەباتی ناو حزب بەعەیبە و کەلێنێکی گەورە و خاڵێکی رەش دادەنرێت لە رێڕەوی تەمەنی سیاسی ئەو کەسەدا بەتایبەت کاتێک زەمی ھەڤاڵ و ھاوخەباتانی خۆی دەکات و ھەموو کەموکورتی و شکستەکان دەداتە پاڵ ئەوان .

گرنگ دوای ئازادبوونی عادل عەبدولمەھدی بۆ خوێندن ڕوو لەفەڕەنسا دەکات و لەوێ دەبێتە شیوعی ودواتر دەچێتە سووریا، دوای چەند ساڵێک لە سووریا ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی لەساڵی حەفتاکان لە دیمەشق بەرەیەک بەناوی «التجمع الوطني العراقي» گردبوونەوەی نیشتمانی عێراقی دادەمەزرێنن کە ھەندێک لە حزبەکانی عێراقی لەخۆ دەگرت ئەوانەی دژی رژێمی سەدام بوون وەک بەعسییەکانی سەر بە سووریا و حزبی شیوعی - قیادەی مەرکەزی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەڕابەرایەتی مام جەلال و ئەوکات مەھدی دەچێتە ریزەکانی حزبی شیوعی عێراق - قیادەی مەرکەزی کە سکرتێرەکەی ئیبراھیم عەلاوی بوو. لەو رۆژگارەدا وارێک دەکەوێت عادل عەبدولمەھدی زیاتر ئاشنای ناسینی مام جەلال و شاعیری ناوداری عێراق موزەفەر نواب دەبێت کە ئەوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی بوو قیادەی مەرکەزی و بەھۆی کاریگەریی کەسایەتی و بیروڕای مام جەلال لەسەر بیر و کەسایەتی عادل عەبدولمەھدی ناوبراو دەکەوێتە ژێر کاریگەریی بیری چەپی «ماوی» کە مام جەلال تەبەنی دەکرد و کاری بۆ دەکرد. 

بەپێی ریوایەتی عەونی قەڵەمچی و قسەکانی دکتۆر حەمید عەبدوڵلا، وەک ئەوان دەیگێڕنەوە نەک من «والعهدة على الراوي» جارێکیان لەکاتی کۆبوونەوەی ئەندامانی گردبوونەوەی نیشتمانی عێراقی لەھۆڵی سەرکردایەتی ھەرێمایەتی حزبی بەعسی سووریا لە دیمەشق، لەناو کۆبوونەوەکە مام جەلال و ئیبراھیم عەلاوی لەسەر وشەیەک، دەبێتە شەڕیان مام جەلال دەمانچە لەعەلاوی رادەکێشێت و وەزعی ناو کۆبوونەوەکە دەشێوێت و ئامادەبووان نێوەندگیری ھەردوولا دەکەن و لێکیان دەکەنەوە، مام جەلالیش یەکسەر ھۆڵی کۆبوونەوەکە بەجێدێڵێت و قسەکەی عەلاویش لەپارووێکی گەرمەوە ھەڵدەگرێت.

ئەوەبوو لەماوەیەکی کەمدا فیتی مەھدی دەدات و ئەو قەناعەتەی بۆ دروست دەکات کەوا باشترە لە ئیبراھیم عەلاوی جیابێتەوە ھاوڕێ عادلیش بێ یەک و دوو وەک باڵێکی جیای حزبی شیوعی جیابوونەوەی خۆی ڕادەگەینێت و «وحدة القاعدة» دادەمەزرێنێت و نزیکەی لەسەدا دەی کادیرانی قیادەی مەرکەزی دوای دەکەون، سروشتی مرۆڤی میزاجیش وایە ھەمیشە ھەوڵدەدات سەرنجی بەرامبەر بۆ کاردانەوەکانی خۆی رابکێشێت.

دوای ماوەیەکی کەم ئەمجارە عەبدولمەھدی لەبەردەم گۆڕانکاریەکی گەورەوە خۆی عەرز دەکات: لەکەسێکی شیوعی ماوی چەپی عیلمانی سەنگەر دەگوازێتەوە بۆ رۆشنبیرێکی دیندار و ئیماندارێکی ئیسلامی و سەرکردە لەئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی عێراق «سبحان مغير الاحوال من حزب الى حزب الى حزب»!

لەم ساڵانەی دواییدا ڕۆژێکیان وا رێکدەکەوێت لەدانیشتنێکدا عەونی قەڵەمچی و عادل عەبدولمەھدی، چاویان بەیەکتری دەکەوێتەوە، بەحزوری کەسایەتی ناسراوی عێراقی عەبدولجەبار کوبەیسی، کە لەمەھدی دەپرسێت: "عادل تۆ تاوەکو ئێستا چەند حزبێكت کردووە ھەرچۆنێک بێت ھەندێک لەو حزبانە چوارچێوەیەکی ئایدیۆلۆژیان ھەبووە، نموونە بەعس ھەرچۆنێک بێت، بەڵام ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەت بەخۆی ھەیە، بەھەمان شێوەش حزبی شیوعی، بەڵام پێمناڵێی تۆ لەدوای حزبی بەعس و  حزبی شیوعیەوە بۆ چوویتە ریزەکانی ئەنجومەنی شۆڕشی ئیسلامی، بەڵام نەچوویتە ناو حزبی دەعوەوە؟".

وەڵامی مەھدی: "بۆمن فەرقیان نییە، ھەردووکیان یەکە کوبەیسیش پێی دەڵێت: نەخێر زۆر فەرقیان ھەیە، لەبەر ئەوەی حزبی دەعوە چوارچێوەیەکی فکری ھەیە و پڕە لەدکتۆر و ئەندازیار و مامۆستا و ئەدیب و شاعیر و نووسەر، تۆ لەناو ئەو توێژ و پێکھاتەیە ون دەبوویت و وەک سەرکردە کە زۆر حەزت لێیەتی، قەت نەتدەتوانی دەربکەویت، بەڵام لەناو ئەنجومەنی باڵا ئەو فسەیفوسائە بەم شێوەیە نییە بۆیە توانیت بەئاسانی وەکو سەرکردە دەربکەویت و خۆت دەربخەیت وایە یان نا؟ مەھدی بێ وەڵام سەیری دەکات وبەنەرمی پێدەکەنێت، کەواتە ڕاستیان گووتووە : شەل بەبەرگی کۆرەوە مەلیکە؟