ئەگەری راسپاردنی حەریری بۆ پێکهێنانی حکومەتی لوبنان، خەڵکی هێناوەتەوە سەر شەقامەکان

لە بەیرووت رووبەڕووبوونەوە لەنێوان لایەنگرانی ئەو و رەوتی نیشتمانی ئازاد دروستبوو

 

K24 - هەولێر

دوای یەک ساڵ لە ئازار و ناخۆشی لە لوبنان، دووبارە ناوی رووخسارێکی ئاشنا دێتەوە نێو سیاسەت و، بەشێکی خەڵکیش کە داوای گۆڕانی ریشەیی دەکەن، لەدژی هاتوونەتەوە سەر شەقامەکان.

ساڵێک بەسەر خۆپیشاندانەکانی لوبنان تێپەڕی، کە تێیدا داوایان کرد گۆڕانی ریشەیی لە حکومەتی لوبنان بێتە کایەوە و سەعد حەریری، سەرۆکوەزیرانی لوبنانیش بەو هۆیەوە دەستی لەکارکێشایەوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت دووبارە سەعد حەریری بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی لوبنان رابسپێردرێتەوە.

ئەگەری راسپاردنی سەعد حەریری، کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و بەشێک لە خەڵکی لوبنان، بە گەڕانەوە بۆ خاڵی سەرەتا لێکیدەدەنەوە.

لە بەیرووتی پایتەخت، پێکداهەڵپژان و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان لایەنگرانی حەریری و رەوتی نیشتمانی ئازاد، بە سەرۆکایەتی جوبران باسیل دروستبوو، هێزە ئەمنی و سەربازییەکانیش کەوتنە نێوانیانەوە و هەوڵیاندا لەیەکتر جیایان بکەنەوە و بڵاوەیان پێبکەن.

لایەنگرانی حەریری دەڵێن، "بۆ تەنیا هەموو شتێک دەخرێتە ئەستۆی ئەو، لەکاتێکدا هەمووان گەندەڵن!"، بۆیە بەگوتەی خۆیان ئیتر ئەوانیش قبوڵ ناکەن.

ئەحمەد حەریری، یەکێکە لە خۆپیشاندەرەکان و باس لەوە دەکات "درۆیان لەگەڵدا کردین، گوتیان هەموویان کەچی تەنیا دژی سەعد حەریرین، چیدی رێگەنادەین هەموو شتێک بخەنە ئەستۆی سەعد حەریری".

لایەنگرانی رەوتی نیشتمانی ئازادیش، جەخت لەسەر مانەوەیان لە شەقام و بەردەوامیدان بە خۆپیشاندان دەکەنەوە، ئەگەر سەعد حەریری بۆ پێکهێنانی حکومەت رابسپێردرێت.

جانیت خووری، خۆپیشاندەر دەڵێ "ئەگەر (حەریری) کاندید بکرێت، ئێمە لە شەقام دەمێنینەوە، ئێمە دژی هەموو سیاسییەکانین، ئەوانەی دزی دەکەن، دەسووتێنن، ناتوانن وڵات بنیاتبنێنەوە".

هەرچەندە بە فەرمی میشال عۆن، سەرۆک کۆماری لوبنان، سەعد حەریری بۆ پێکهێنانی حکومەت رانەسپاردووە، بەڵام باس لە راسپاردنی دەکرێت، بۆیە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و بەشێک لە خەڵکی لوبنان پێیانوایە، ئەمە گەڕانەوەیە بۆ چوارگۆشەی یەکەم.

 

هـ.ر.