بۆچی زۆربەی جووتیار و ئاژەڵدارانی ئەمەریکا دەنگ بە ترەمپ دەدەن؟

ئەندامێکی فیدراسیۆنی جووتیارانی ئالاباما: ھیچ سەرۆکێک ھێندەی ترەمپ لە خەمی ئێمەدا نەبووە

K24 - هەولێر

بەشێکی زۆری جووتیار و ئاژەڵدارانی ئەمەریکا پێشوەختە دەنگیان بە ترەمپ داوە. ئەو جووتیارە ئەمەریکییانە دەڵێن: ترەمپ سیاسی نییە و بازرگانە، ھەمووکات بیرکردنەوە و سیاسەت و بڕیاری بازرگانێک لە هی سیاسییەک باشترە بۆ ئەوان.

جەیمس ھاسکۆ، جووتیارێکە و ئەندامی یەکێتیی جووتیارانی ویلایەتی تێنێسیە لە ئەمەریکا، نایشارێتەوە پێشوەختە دەنگی بە ترەمپ داوە.

جووتیارە ئەمەریکییەکە باس لەوە دەکات "من، دەنگم بەم سەرۆکەی ئێستا داوە. پێموایە سەرۆک ترەمپ کارێکی باشی کردووە. پێموایە (ئیدارەکەی) یەکێکە لەو ئیدارانەی زۆر بە باشی مامەڵەی لەگەڵ کەرتی کشتوکاڵ و بازرگانیدا کردووە. ترەمپ سیاسی نییە و بازرگانە، بۆیە وەکو بازرگانێک کار دەکات ئەوەش بۆ ئێمە باشە. کشتوکاڵ و ئاژەڵداری ژێرخانێکی گرنگی ئابووری وڵاتە و، سەرۆک ترەمپیش کاری باشی بۆ کردووین".

بەشێکی جووتیارانی ئەمەریکا شێوازی قسەکردن و توویتەکانی ترەمپیان پێ خۆش نییە و، نایانەوێت دەنگی ببیستن و تویتەکانیشی بخوێننەوە، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن: ھیچ سەرۆکێک ھێندەی ترەمپ کاری بۆ جووتیاران نەکردووە.

جیمی وایت، ئەندامی فیدراسیۆنی جووتیارانی ئالاباما باس لەوە دەکات "پێویسە شەڕی بازرگانی بکرێت. من، پێموایە باشترین کەس کە دەتوانێ ئەو شەڕەمان بۆ بکات سەرۆک ترەمپە. باشکردنی کەرتی کشتوکاڵ پرۆسەیەکی ھێواشە و کاتی دەوێت. لە دەیان ساڵی رابردوو نەمانبینیوە ھیچ سەرۆکێک ھێندەی سەرۆک ترەمپ لە خەمی ئێمەدا بووبێت. دەنگیشم بە ترەمپ داوە. ھەرچەندە من حەزم لە توویت و قسەکانیشی نییە".

شەڕی بازرگانیی ترەمپ لەگەڵ چین، لە بەرژەوەندیی جووتیارانی ئەمەریکادا بووە. زیاتر لە 28 ملیار دۆلاری بۆ جووتیاران گەڕاندووەتەوە.

 

هـ.ر.