تورکیا خاڵەکانی چاودێری لە ئیدلب چۆڵدەکات

"پەیوەندییەکانی تورکیا و رووسیا لە سووریا بەرەو خراپی دەچن"
kurdistan24.net

 

K24 - ئەنقەرە

تورکیا بەردەوامە لە چۆڵکردنی خاڵەکانی چاودێری لە ئیدلب، چۆڵکردنی ئەو خاڵانەش لەلایەن سوپای تورکیاوە، بە خراپبوونی پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و تورکیا لە سووریا لێکدانەوەی بۆ دەکرێت.

کۆتایی هەفتە هێزەکانی سوپای تورکیا لە ئیدلب کاروباری جێهێشتنی خاڵی چاودێریی مۆرەکیان تەواوکرد، کە گەورەترین خاڵی چاودێریی تورکیا بوو لە ئیدلب. ئەو خاڵانەی لەلایەن سوپای تورکیاوە جێدەهێڵرێن سوپای حکومەتی سووریا ئاڵای وڵاتی لێ بەرزدەکەنەوە.

جێهێشتنی خاڵەکانی چاودێری لەلایەن سوپای تورکیاوە لە ئیدلب، وەک ئاماژەیەک بۆ گەورەبوونی ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا و رووسیا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت.

هەفتەی رابردوو، جارێکی دیکە رووسیا ئەو خاڵانەی گرووپە چەکدارەکانی بۆردوومان کرد، کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن، چاودێران بە تێبینیکردنی ئەو گەشەسەندنانەی دوایی، چاوەڕوانی خراپبوونی پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و تورکیا دەکەن.

پرۆفیسۆر حوسێن باغچی، پسپۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێ "رووسیا دەخوازێت تورکیا لە (سووریا) گرووپە جیهادییەکان کۆنترۆڵ بکات و بیانوەستێنێت، بەڵام ئێمە هەمیشە دەمانگوت ئەمە زەحمەتە، پەرەسەندنی رەوشی ئەم رۆژانەی دوایی لە ئیدلب نیشانی دەدەن؛ رووسیا ناخوازێت ئیدی تورکیا لە سووریا رۆڵێکی چالاکی هەبێت، تورکیاش ئەمە دەبینێت و لەو چوارچێوەیەشدا هێدی هێدی خۆی نزیکدەکاتەوە لە ئەمەریکا، هەروەها هەوڵدەدات لەنێوان رووسیا و ئەمەریکا باڵانسێک بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی رابگرێت".

لەلایەکی دیکەوە بەشێکی شارەزایان باس لەوە دەکەن، پاشەکشەی هێزەکانی تورکیا بەو مانایە نییە تورکیا ئیدی لە سووریا دەچێتەدەرەوە.

ئۆیتوون ئۆرهان، شیکەرەوە سیاسەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێ "پاشەکشەی تورکیا لەلایەک گۆڕانکارییەکی گەورە دروستناکات. ژمارەی سەربازانی تورکیا لە ئیدلیب هیچ نەگۆڕاوە، بەعەکسەوە هەمان ژمارەی سەربازان لە ناوچەیەکی بچووکترن و کۆنترۆڵکردنی دەڤەرەکە بۆ تورکیا ئاسانترە. چاوەڕێ نیم تورکیا هێزی زیاتری خۆی بکشێنێتەوە".

بەگوتەی چاودێران دوای ماوەیەکی کورت لە چۆڵکردنی خاڵەکانی چاودێری، ئاڵای سووریایان لێ بەرزدەکرێتەوە. خاڵەکانی چاودێری لە چوارچێوەی پەیماننامەی نێوان تورکیا و رووسیا بە ئامانجی جێبەجێکردنی ئاگربەست لە دەڤەرەکە دروستکرابوون، تورکیاش بەرپرسیارییەتی کۆنترۆڵکردنی گرووپەکانی جیهادیی هەڵگرتبوو و 10 بۆ 15 هەزار سەربازی لە چوارچێوەی ئەو پەیماننامانەدا لە ئیدلیب هەبوون.

 

هـ.ر.