دەوڵەتی نەتەوەیی و مێژووی خوێن و کودەتا

Kurd24

دەوڵەتی نەتەوەیی رووبەرێکی جوگرافیە، شەرعیەتی سیاسی لە نەتەوەیەک، یان ئومەتێکی سەربەخۆی خاوەن سەروەری وەردەگرێت. دەوڵەت کیانێکی سیاسی و جیۆسیاسییە، بەڵام دەوڵەتی نەتەوەیی رۆشنبیری و ئیتنیە. کەواتە لە رێگای تەوافوقی جیۆسیاسی، بەلایەنی ئیتنی و رۆشنبیریەوە، دەکرێت دەوڵەتی نەتەوەیی درووست بکرێت وەکو پۆڵەندا و ئیسرائیل و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا، مەرجیشە زۆرینە پاڵپشتی رژێمی سیاسی بکات.  

بەڵام بۆچی لە وڵاتە عەرەبییەکان دوای ئەزموونێکی دوور و درێژ دەوڵەتی نەتەوەیی سەرکەوتوو نەبوو؟ ئایا ھەمان نموونە بۆ کوردستان سەرکەوتوو دەبێت؟. ھەندێک لە سەرکردە عەرەبەکان لە روانگەی نەتەوەییەوە، وڵاتەکەیان بە پارێزەری ئومەی عەرەبی دەزانی و بە دروشمیش دژی ئیمپریالیزم و ئیسرائیل، خاوەن ھوتاف و وتاری سیاسی بوون؟ سەرەنجام برینەکانی نیشتمانیان لە بیرکرد و بەشێک لە نەتەوە و خاک و نیشتمانیان دۆڕاند. مێژوو بریتیە لەو رابردووەی کە لە دیکۆمێنتە نووسراوەکان بۆمان بەجێماوە؟ بۆیە مێژووی رووداو و راستیەکان زۆر گرنگە وەک خۆی پەسند بکرێت؟ نەک بازدان بێت بەسەر نیوەی راستیەکان و بێدەنگیش لە بەرامبەر نیوەکەی تر؟! وەک ئەوەی لە ھەندێ وڵاتدا، شێوە مێژووێک دەنووسرێتەوە، کە بەقەد بیرکردنەوەی ئەو رژێمانەیە، کە سیستەمی سیاسی لەم وڵاتانە بەڕێوە دەبەن، وەکو عێراق و سووریا و میسر و لیبیا و چەند وڵاتێکی تر. 

لە میسر دەوڵەتی نەتەوەیی، کە جەمال عەبدولناسر مەشخەڵی بوو، وەکو زەعیمێکی گەورەی عەرەب بانگەشەی بۆ دەکرا. بەڵام بەھاتنی سادات کە رووی لە ئەمریکا و ئیسرائیل کرد، ھەڵگرانی بیری ناسری، تەنھا وێنەکانی ئەو رۆژگارەیان لە دەست مایەوە و دروشمەکانی عەبدولناسر ئابووریەکی رووخا و خاکێکی دۆڕاو و چەند دۆسیەیەکی نوقستانی بۆ جێھێشتن، بەتایبەت دوای نەکسەی حوزەیرانی 1967 بەڵام مێژووی گۆڕانکاری لە عێراق و میسر، دوو رووداوی سیاسی زۆر جیاوازن، بەوەی ھەمیشە کودەتا و شۆڕش لە میسر سپیانە و دوور لە خوێن و کوشتن رووماڵکرایە، نموونەش شۆڕشی ئەفسەرانی ئازاد لە یۆلیۆی 1952 بە رێبەرایەتی محەمەد نەجیب و جەمال عەبدولناسر و عەبدولحەکیم عامر و ئەنوەر سادات، کە بووە  ھۆی رووخانی مەلیک فاروق لە میسر. لەو شۆڕشە سپیەدا ئەفسەران بە سڵاوی سەربازی و بەڕێزەوە مەلیک فاروقیان بە رێکرد بۆ مەنفاکەی لە ئیتاڵیا، وەکو کودەتاش ئەوەی عەبدولفەتاح سیسی لە دژی محەمەد مورسی ئەنجامیدا، کودەتایەکی سپی بوو، خوێن و کوشتنی تێدا نەبوو ھەرئەم خاڵە جەوھەریەش لە ناخی گەلی میسردا، بۆتە فاکتەرێکی بەھێز و وەچەرخانێک بۆ پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی لە ناو کۆمەڵگەی میسریدا، بۆیە کاتێک پێغەمبەر«دخ» وەسفی میسریەکان دەکات، دەفەرمێت «أهلها في رباط الى يوم القيامة» پێچەوانەی عێراقیەکان کە لەپاڵ شارستانیەت، خاوەن مێژوێکی دوور و درێژی خوێنڕشتنن؟! بۆیە ھەر لە سەردەمی پاشایەتیەوە، گۆڕانکاریەکان ھەر بەخوێن بووە، بگرە لەکوشتنی مەلیک غازیەوە تا رووخانی پاشایەتی لە 14ی تەممووزی 1958 و کوشتنی مەلیک فەیسەڵی دووەم لە تەمەنی 23 ساڵیدا کە رۆژێک پێش کوشتنی ئامادەکاری بۆ ئاھەنگی بووکگواستنەوە دەکرد، فەیسەڵی دووەم تاقە کوڕی مەلیک غازی بوو، بە قورسی نەخۆشی رەبوی ھەبوو، گەنجێکی ھێمن و شەرمن بووە، زۆر دژی سیاسەتی ئینگلیز بووە، بۆیە بە ھیچ پێوەرێک شایانی کوشتن نەبوو، بەڵام عەدالەتی ئیلاھیش وایکرد عەقید عەبدولسەتار عەبووسی ئەو ئەفسەرەی کە مەلیک و کەسوکارەکەی دڕندانە گوللەباران کرد، لە ساڵی 1970 بەھۆی پەشیمانی و ئازاری ویژدان خۆی کوشت. کەواتە تا دەگاتە 2003 زۆربەی رووداوە سیاسیەکان، تەنھا بە ئاراستەی کوشتن و کاولکاری و پیلانگێڕی بووە. زۆر بەداخەوە گۆڕانکاری 2003 سەرەتایەکی باشی پڕھیوای بۆ عێراقێکی نوێ لێچاوەڕوان دەکرا، بەڵام وەکو سەرەتای قۆناغێکی زۆرگرنگ ھەر لە دەستپێكەوە بە فەرھوود و تۆڵە و رفاندن و سەربڕین و ئیعدام دەستیپێکرد؟ مێژووش بەفۆنتێکی گەورە پێمان دەڵێت و  وەک ئەزموونی گەلانیش ئیسپات بووە: لە ھەر وڵاتێک سەرەتای گۆڕانکاری سیاسی بە تیرۆر و لەسێدارەدان دەست پێبکات، ھەرگیز ئەوسیستەمە سەقامگیر و سەرکەوتوو نابێت، لە ئەگەری ھەر تۆڵەسەندنەوەیەکیش، تاوانی کوشتن و تۆڵەی زیاتر، وەکو کاردانەوەیەک لە رێچکەی خۆی بەردەوام دەبێت، قەت ئاشتی کۆمەڵایەتیش بەرقرار نابێت؟ کەواتە ئەم چوارچێوە نەتەوەییەی کە لە جەزائیر و لیبیا و سووریا و عێراق، ھاوشێوەی میسر خۆی دووبارە کردەوە، بەفۆرمێکی جیاوازتر و پڕ لە توندوتیژی، ھەمان چارەنووسی شکستیان ھەبوو، ھەواری بۆمیدیەن کە خۆی بە رەمزێکی عەرەبی گەورە دادەنا، بینیمان دەوڵەتەکەی لە سەردەمی بوتەفلیقە، گەیشتە ئەو ئاستەی سەرۆکێکی ئیفلیج لەسەر کورسیەکەوە، دەستبەرداری دەسەڵات نابێت!؟ بینیشمان چارەنووسی سیاسەتەکانی قەزافی لیبیای بەکوێ گەیاند؟ ھەرچەندە وەک کوردێک دەبێت زۆر بەڕێزەوە باسی  قەزافی بکەین بەرامبەر کورد، ئەو لە رۆژە رەشەکان یارمەتی کوردی داوە، سەرۆک بارزانی و مام جەلال زۆر ئاماژەیان بە ھەڵوێستەکانی کردووە، بۆیە کاتێک کە رووخا، قەت قەت نەدەبا و جوانيش نەبوو بۆ سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی ھەرێمی کوردستان بەڕێز بەرھەم ساڵح بروسکەی پیرۆزبایی بۆ بکوژانی قەزافی بنێرێت؟!

لە سووریاش حافیز ئەسەد لەتشرینی دووەمی 1970 دوای کودەتایەک بەسەر ھەڤاڵانی خۆی  بانگەشەی دەوڵەتێکی نەتەوەیی عیلمانی لەسەر بناغەی وەحدەی عەرەبی دەکرد و لە سیستەمێکی کۆماریشدا دەسەڵاتی بۆ کوڕەکەی جێھێشت؟ ئێستا بەشێکی خاکی سووریا لە دەرەوەی دەسەڵاتی دیمەشقە و سووریا بەو بارودۆخەی ئێستای بۆتە پاشماوەی دەوڵەتێک، نەک دەوڵەتێکی سەربەخۆی خاوەن سەروەری تەواو.. زیاد لەوەی باسکرا ھۆکارێکی تری سەرەکی شکستھێنانی ھەندێک لە رژێمە عەرەبیەکان ململانێی وڵاتە عەرەبیەکان بوو لەسەردوو تەوەر یەکەم: کام وڵاتی عەرەبی دەوڵەتی سەرکردەیەو گەورەی عەرەبە بەتایبەت عێراق ومیسرو سووریا ؟ تاوەکو عەبدولناسر لەژیان بوو میسر سەرکردەی عەرەب بوو بەڵام عێراق بەھۆی کەسایەتی سەدامەوە زیاتر ئەم  رۆڵەی بینیوە و سووریاش قەت نەیتوانیوە ببێتەدەوڵەتی سەرکردە. دووەم: ململانێی شەخسی لەنێوان سەرکردە عەرەبەکان بەتایبەت ململانێی جەمال عەبدولناسر و عەبدولکەریم قاسم و ناکۆکیەکانی سەدام و حافیز ئەسەدوسەدام و قەزافی! بێگومان ململانێی سەرکردەکانیش لەگەڵ یەکتری لەکۆتاییدا دەبێتە کێشە و ناکۆکی لەسەر ئاستی دەوڵەت و دەوڵەت.

لە عێراق یەکەم ئەزموونی دەوڵەتی نەتەوەیی و پەیامی عروبەت عەبدولسەلام عارف عەررابیبوو حەماسەتی ئەو نەوعێک بوو لاسایی جیڤارەو چەرچل و دیگۆڵ و حوسنی زەعیم و ئەحمەد بن بێلای دەکردەوەو ھەندێ جاریش وتارو  قسەکانی دەبووە مایەی گاڵتەجاری وەکو « جمهوريتنا لاشرقية ولاغربية لاحمد ولاحمود لاجون ولاجون بول » یان جارێک سەردانی سەربازگەیەکی  رانیە دەکات و دەڵێت «شأحجي البامية إنگلبت شيخ محشي». ئەو ھەوڵی جدی دا بۆ دروست کردنی یەکێتی عێراق و میسرو سووریا کەسەری نەگرت تائەوکاتەی خۆی وچەند وەزیرێک لە رووداوێکی گوماناویدا لە نیسانی 1966 لەکەوتنە خوارەوەی فرۆکەکەی لەبەسرە گیانی لەدەستدا. لەدوای عارف حیزبی بەعس بەسەرکردایەتی سەدام حوسێن چەتری ئەو ھێڵە نەتەوەییەی ھەڵدا ھەرلە 1968 وە تاوەکو 2003 و لەماوەی حوکمڕانیدا دوو جەنگی کاولکاری و چەندین ھەڵەی مێژوویی ئەنجامدا. ئێستاش ئەوەی بۆ عێراق بەجێماوە بەرھەمی بارانێکی  رەشە کەلەھەورێکی  رەشی 35 ساڵەی حوکمی بەعسدا پەنگی خواردبوو؟ لێرەدادەپرسین: ئایا سەدام دەیتوانی عێراق بە دوور بگرێت لەو دوو جەنگە؟ بەڵێ بە کۆی ھۆکارو پاساو و تێبینیەکانی لەسەر ئێران و کوێت، دەیتوانی. دەوڵەتی بەعسیەکان لە عێراق بنەماکەی دروشمی: ئێمە بەکودەتا و خوێن ھاتین و بەھێز و خوێنیش دەڕۆین! ئەگەر گەلەکۆمەی ئەمریکا و 33 دەوڵەت نەبوایە، قوەت نەبوو بە تەنیا بتوانێت نە بەھێز، نە بە کودەتا سەدام بڕوخێنێت؟ بەڵام ئایا مێژووی بەعس و سەدام تەنھا مێژووی خوێن و کوشتن بووە، دوور لە بنیاتنان و دەستکەوت؟ ئەی مێژووی ئەوانەی پێش 2003 لە باڕ و یانەکانی پاریس و لەندەن ولاسفیگاس بوون و لە 2003 لەسەر پشتی دەبابەکانی ئەمریکا ھاتنە دەسەڵات و ئێستاش داوای دەرکردنی ئەمریکا دەکەن؟! ئەوانە چیان بنیات نا؟ ئەوانەی لەدوای 2003 ەوە خۆیان وەکو نوخبەی سیاسی عێراق نیشان دا و ریمۆت کۆنتڕۆڵەکەیان لە قوم و تارانە؟ لە راستیدا وشەی نوخبە، تەنھا بەوانە دەگوترێت کە گۆڕانکاری فیعلی لە کەرتە جیاوازەکانی ژیانی ئابووری و رۆشنبیری و پەروەردە و تەندروستی دەخوڵقێنن. ئەوانەی لە 2003 ھاتن، یەکسەر بەشکست دەستیان پێکرد بە کۆپیکردنی ئەزموونی لوبنان لە عێراق: سەرۆک کۆمار بۆ کورد، سەرۆک وەزیران بۆ شیعە، سەرۆكی  پەرلەمانیش بۆ سوننە، کە رۆژگار ئیسپاتی کرد ھەڵبژاردەیەکی سەرکەوتوو نەبووە، دەمێکە لە لوبنان شکستی ھێناوە، تاوەکو ئێستاش؟ لەوانەیە عێراق لە سیستەمێکی تردا، لە بارودۆخێکی باشتر دەبوو لەوەی ئێستا؟! لە ماوەی 17 ساڵدا حکومەتی عێراق تاوەکو ئێستاش نەیتوانیوە، یەک پڕۆژەی ستراتیژی دروست بکات، لە وڵاتێک پێنجەمین یەدەگی نەوتی جیھانی ھەیە و ئێستا بۆتە زبڵخانەیەکی گەورە! بەڵێ عێراق لە سەردەمی سەدام، لە رووی ئازادی سیاسیەوە، وڵاتێکی داخراوی خنکاو بوو، فرەحیزبی نەبوو، وشەی ئازاد سانسۆر و کوشتنی لەسەربوو، دەسەڵاتێکی پۆلیسی تۆقێنەر حوکمی دەکرد، ترس گەیشتبووە ئەو ئاستەی دەیانگوت: دیوار گوێچکەی ھەیە! بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بەعسیەکان لە زۆر رووەوە عێراقیان دروست کرد. لە ساڵانی حەفتا و ھەشتاکان عێراق پێشکەوتووترین، سیستەمی پەروەردە و تەندروستی ھەبووە، ھاوشێوەی وڵاتانی ئەسکەندەنافی بەشایەدی رێکخراوی یۆنیسکۆ و تەندروستی جیھانی. عێراق خاوەن سەروەری بوو، جیاوازی چینایەتی کەم بوو، لە٩٠٪‏ی خەڵک لە یەک ئاست دەژیان، نرخ لە بازاڕ کۆنترۆڵ کرابوو، خواردن و دەرمانی ئێکسپایەر نەبوو، سەدام دەیگوت: «نظامنا ليس رأسماليا وإشتراكيتنا بعثية وليست شيوعية» ئێستاش زۆربەی ئەو کارگەو باڵاخانە حکومی و زانکۆ و نەخۆشخانە و بەنداو و پڕۆژە ستراتیژیانەی لە عێراق ماون، ھی ئەو کاتەن. بەڵام ئەوانەی لە 2003وە حوکمی عێراقیان کرد، تەنھا دزی و کاولکاریی و وێرانکردنی ژێرخانی ئابووریان ئەنجامدا، لەبەر یەک ھۆ: ئامانجیان خزمەتکردن نییە، چونکە ریمۆت کۆنترۆڵەکە لەدەست خۆیان نیە بۆیە ھەرگیز باوەڕیان بەدامەزراندنی دەوڵەتێکی نیشتیمانی نەبووەو ناشبێت کەھەموو پێکھاتەکان تێیدا شەریک بن لەدەسەڵات، ئەوان باوەڕیان بە « دولة العدل الالهي » ھەیە کەدەبێت مەرجەعەکەی وڵاتێکی دراوسێی عێراق بێت !؟کەواتە ئەوانە نوخبەیەکی فاشیل بوون لەشەقامەکانی  رۆژئاواو وڵاتانی دەورووبەر کۆکرابوونەوە بۆ کاولکردنی عێراق «وهو المطلوب»؟؟...

شیاوی گوتنە ئەو شرۆڤە کردنەی دەوڵەتی نەتەوەیی عەرەب بەھیچ پێوەرێک لەسەر کوردجێبەجێ نابێت لەبەرئەوەی عەرەب 22 دەوڵەتی ھەیەو قەبارەو پانتایی ھەڕەشە لەسەریان کەمترە بەبەراورد بە کورد؟ بۆیە بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی کورد ھاوشێوەی ئیسرائیل، ھەرکاتێک کیانێکی کوردی سەربەخۆ دابمەزرێت، ھیچ رێگای تری نییە، دەبێت لەژێر چەتری یاسا دەوڵەتێکی نەتەوەیی ئیتنی بێت، بەومەرجەی نەک مافی پێکھاتە و کەمینەکان بدات، بەڵکو رۆڵی کارایان پێ بسپێرێت؟ ئەو کات دەوڵەتی کوردی لە ھەموو رووێکەوە «سالم غانم مسلح» دەبێت، لەبەرامبەر ھەموو ھەڕەشەیەکی ناوخۆیی و دەرەکی؟