سه‌وزترین ماڵی كوردستان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌یه‌

"ئامانجی پڕۆژەكە ھاندانە بۆ زیادكردنی رێژەی سەوزایی"
kurdistan24.net

K24 - ھەڵەبجە

ماڵێك لە ھەڵەبجە وەک سەوزترین ماڵ لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان دیاری کرا و خەڵاتی رێزلێنان پێ بەخشرا، ئەم ھەڵسەنگاندن و پێشبڕکێیه‌ لەلایەن رێكخراوی ژینگە دۆستی سویدی كراوە، کە ساڵانە ئەم چالاکییە ئەنجام دەدەن و ئامانجیان لێی زیادکردنی رووبەری سەوزایی و پاراستنی ژینگەی کوردستانە.

روخۆش ساڵح، خاوەن سەوزترین ماڵی كوردستان، رۆژانە چەندین کاتژمێری بۆ خزمەتکردنی گوڵ و درەختەکانی باخچەی ماڵەکەی تەرخان کردووەو دەڵیت "من ھەمیشە ئامۆژگاری ئەوانە دەکەم کەتازە دەبنە خاوەن ماڵی خۆیان بەشێک لەماڵەکەیان بۆ سەوزایی تەرخان بکەن ئەگەر گوڵدانێک گوڵیش بێت".

دەشڵێت: "ھەمیشە ھانی دەوروبەرم دەدەم دەڵێم لەجیاتی ھێندە ماڵ سڕینەوە گوڵ لە ماڵەكانتان دانێن، ئەگەر لە ژوورەش جێگە نییە لە بەردەرگا داینێن".

رێكخراوی ژینگەدۆستی سویدی ساڵانە ئاگاداری سەجەم ھاووڵاتیانی کوردستان دەکاتەوە کە وێنەی ماڵەکانیان و رووبەری سەوزایی لە ماڵەکانیان بەوێنە بنێرن بۆیان، تاوەکو ھەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت و سەوزترین ماڵ دیاری بکرێت، بۆ ئەمساڵیش ماڵیک لە ھەڵەبجە وەك سەوزترین ماڵی كوردستان دیاریکراوە.

ئه‌حمه‌د خالید، ئەندامی رێكخراوی ژینگەدۆستی سویدی بە كوردستان24ی گوت: "پڕۆژەی سەوزترین ماڵی كوردستان، پڕۆژەیەكە ھاندانە بۆ زیادكردنی رێژەی سەوزایی، بیرۆكەكە لە بەرامبەر دروستكردنی ئەو ھەموو بینایە ھاتووە، چونكە تا خانوو دروست بكرێت رێژەی سەوزایی كەم دەبێتەوە".