لەسەر کێشەیەکی سەیری کۆمەڵایەتی؛ لە سلێمانی هێرش دەکرێتە سەر پزیشکێک

پزیشکەکە سکاڵای تۆمارکردووە و لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە

 K24 - سلێمانی

بەهۆی کێشەیەکی "سەیری'' کۆمەڵایەتی، لە سلێمانی پزیشکێک هێرش دەکاتە سەر پزیشکێکی دیکە، کە برای هاوژینی پێشوویەتی و برینداری دەکات.

سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند "شەوی رابردوو (یەکشەممە، 22-11-2020) لە گەڕەکی زەرگەتەی شاری سلێمانی، چەند کەسێک ھێرشیان کردووەتە سەر پزیشکێکی ددان بە ناوی مەیسەرە فالح و برینداریان کردووە".

گوتەبێژەکەی پۆلیس راشیگەیاند، ھۆکاری ئەو ھێرشە بۆ سەر پزیشکەکە کێشەیەکی کۆمەڵایەتیە "بەو پێیەی خوشکێکی ئەم پزیشکە لە ھاوسەرەکەی جیابووەتەوە و لەگەڵ منداڵەکانی بێ ئاگاداریی ھاوسەری پێشووی (هێرشکارەکە) گەشتیان بەرەو دوبەی کردووە".

هاوسەری خوشکەکەی دکتۆر مەیسەرە، بەهەمان شێوە پزیشکە. بەگوتەی پۆلیس هۆکاری هێرشەکەشی ئەوە بووە، کە دکتۆر مەیسەرە ئاگاداری نەکردووەتەوە لەوەی خوشکەکەی و منداڵەکانی گەشتیان بەرەوە دەرەوەی وڵات کردووە.

سەرکەوت ئەحمەد لە گوتەکانیدا بۆ کوردستان24، هەروەها دەڵێ "پزیشکەکە لەلایەن دکتۆر مەیسەرە تۆمەتبارکراوە بە ئەنجامدانی هێرش و سکاڵای لە دژی تۆمارکراوە، بۆیە لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی دەستیپێکردووە".

 

هـ.ر.