ئاكار: كرده‌ی "ئێرنی" لە دەریای ناوەڕاستدا ھەر لە سەرتاوە بە ئفلیجی لە دایك بووە

ئێرنی پشتی بەھیچ بنەمایەكی چەسپاوی یاسای نێودەوڵەتی نەبەستووە.

K24 – ھەولێر:

وەزیری بەرگری توركیا، خەلووسی ئاكار، ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، كردەی "ئێرنی"ی ئەوروپایی لە دەریای ناوەڕاستدا ھەر لە سەره‌تاوە بە ئیفلیجی لە دایك بووە و و پشت بە بنەما چەسپاوەكانی یاسای نێودەوڵەتی نابەستێت.

وەزیری بەرگری توركیا جەختیشیكردەوە لەوەی پشكنینی "ئێرنی" بۆ كەشتییە بازرگانییەكەی توركیا بەتەواوی سەرپێچیكردنە لە یاسای نێودەوڵەتی.

ئاكار گوتیشی: لێدوانی ھاوپەیمانانی توركیا لەم بارەوە شێوێندراون و گوتی: "بەداخەوە لێدوانەكانی ھاوپەیمانانمان رەنگدانەوەی راستییەكان نین و ھەندێكیان شێوێندراون.

قسەكانی ئاكار لە دوای جەختكردنەوەی وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، ئەنگرێت كرامپ كارینباوەر دێت، كاتێك گوتبووی: تۆمەتەكانی توركیا دژ بەو سەربازانەی ئەڵمانیا، ئەوانەی لە جیاتی نێردەی سەربازی یەكێتی ئەوروپا "ئێرنی" رەفتار دەكەن ھیچ پاساوێكی نییە.

دوێنێ وەزارەتی دەرەوەی توركیا، باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا و ئیتاڵیا و كاربەڕێكەری كارووبارەكانی ئەڵمانیای بانگھێشت كردبوون و یاداشتنامەیەكی ناڕازیبوونی رادەست كردبوون لە بارەی ھەوڵی پشكنینی كەشتییەكی توركی لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست و بەدوای ئەو چەكانە دەگەڕان كە بەرەو لیبیا دەنێردرێن.

سوپای ئەڵمانیا جەختیكردبووە لەوەی توركیا رێگریی لەو ھێزانەی ئەڵمانیا كردووە، ئەوانەی لە ئەركێكی سەربازی یەكێتی ئەوروپا بوون لە پشكنینی كەشتییەكی بارھەڵگری توركیا، كە "مەزندەدەكرێت چەكی دەگواستەوە و بۆ لیبیا".

سەرچاوە "ئەنادۆڵ"