ئیسرائیل خۆی بۆ ئهگهری گورزێكی سهربازی ئهمهریكا له دژی ئێران ئاماده دهكات
K24 – ھەولێر:
سەركردایەتی سیاسی ئیسرائیل لە ھەفتەكانی ئەم دواییەدا رێنمایی داوهته سوپای وڵاتهكهی، بۆ خۆ ئامادەكردن بۆ سیناریۆی كردەیەكی سهربازیی ئەمەریكی دژ بە ئێران، بهر لهوهی سەرۆكی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ كۆشكی سپی بەجێبهێڵێت.
بهگوێرهی پێگەی "والاە"ی ئێسرائیلی كه لە بەرپرسانی باڵای وڵاتهكهی گواستووەتەوە، وەزیری بەرگری ئەو ئیسرائیل، بینی گانتس، لە دوو ھەفتەی رابردوودا دوو جار لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەمەریكا بەوەكالەت، كریستۆڤەر میللەر قسەی كردووە و دۆسییەی ئێران، رەوشی سووریا و یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی ئەمنی لە نێوان ئیسرائیل و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكای لەگەڵ باسكردووە.
ھەندێك لە بەرپرسانی ئیسرائیلی گوتییان: ئەگەر ئیدارەی ترەمپ جوڵەیەكی دژ بە ئێرانی كرد، مەزندە دەكرێت پێشوەختە ئیسرائیل ئاگادار بكرێتەوە و ھۆشداری وەرگرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھەر رێنمایی بە سوپا دراوە بۆ خۆئامادەكردنی تەواو.
پێگەكە گوتیشی: ترسی ئیسرائیل لەوەیە، لە حاڵەتی ئەنجامدانی ھێڕشی ئەمەریكی، لەوانەیە ئێرانییەكان راستەوخۆ لەڕێگهی گرووپەكانی سەر بە ئێران لە سووریا یان حزبوڵڵا وهڵامی سەربازیی ئیسرائیل بدەنەوە".
رۆژنامەی "نیۆرك تایمز" ھەفتەی رابردوو رایگەیاندبوو، ترەمپ لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەكەی خۆی باسی ئەگەری ھێڕشكردنە سەر دەزگای ناوەندی ئێرانی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە نەتەنز كردووە.
بەپێی راپۆرتەكە، جێگری سەرۆكی ئەمەریكا، مایك پێنس، وەزیری دەرەوە، مایك پۆمپێیۆ و بەرپرسانی حكومەت بە "ترەمپ"یان گوتووە، ئەو كارە دەبێتە مایە ھەڵچوون لە ناوچەكەدا.
دوای چەند رۆژێك لە دەرچوونی راپۆرتەكە لە رۆژنامەی "نیۆیۆك تایمز"، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، مایك پۆمپێیو سەردانی ئیسرائیل و وڵاتانی كەنداوی كردووه، لە میانهی سەردانەكەیدا بەپرسانی ئەمەریكی كە یاوەری شاندەكەیان دەكرد، گوتیان: بەو ئاستەی كە ئیدارەی ترەمپ ھەست بە نیگەرانی دەكات، "ھێشتا ھەموو بژاردەیەك لهبارهی ئێرانهوه لەسەر مێزن".
لە میانهی سەردانەكەیدا پۆمپێیۆ لە كەنداو، سەركردایەتی ناوەندی سوپای ئەمەریكا، بەرپرسی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، راھێنانێكی لهناكاوی راگەیاند لەمیانهی ھەڵدانی مووشەكی B- 52ی ستراتیجی. ئهو مووشەكانە توانای ھەڵگرتنی بۆمبی گەورەی ھەیە و دەتوانێت ئەو پەناگە و حەشارگانە ببڕێت، كە بۆ سیناریۆی بۆردومانی دەزگاكانی ئەتۆمی ئیرانی لە ژێر زەوی درووستكراون.
راگەیاندراوێكی سەركردایەتی ناوەندی سوپای ئەمەریكاش لەم بارەیهوە گوتی: ئامانج لەو راھێنانە، بەرپەرچدانەوەی لایەنە دوژمنكارەكانە و پشتیوانیكردنە لە ھاوپەیمانانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە رۆژەھەڵاتی ناوەڕاست.