ڤیان سه‌بری: ده‌بێت عێراق به‌رامبه‌ر 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت و نیوه‌ی داهاتی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان ته‌واوی بودجه‌ بنێرێت

"تا هەولێر و بەغدا رێكنەکەون نازانرێت ئەو بڕەى بۆ مووچە و بودجەی هەرێم دیاری ده‌كرێت چه‌ند ده‌بێت"
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایدەگەیەنێت، سێ هۆكار بوونه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی تا ئێستا حکومەتی عێراق نەیتوانیوە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 بنێرێتە پەرلەمان، ئەمەش کاریگەری لەسەر دۆخی ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەبێت. پسپۆرێکی ئابووریش دەڵیت: پەسەندنەکردنی پرۆژەیاسای بودجە کاریگەری لەسەر دۆخی ئابووری و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش دەبێت.

ڤیان سه‌بری، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان جه‌ختیكرده‌وه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی بودجه‌ی ساڵی 2021 پابه‌ندبوونی خۆی به‌ حكومه‌تی عێراق راگه‌یاندووه‌، به‌وه‌ی كه‌ به‌رامبه‌ر دابینكردنی ته‌واوی پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌، حكومه‌تی هه‌رێم داهاتی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ و نیوه‌ی داهاتی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان راده‌ستی حكومه‌تی فیدراڵ ده‌كات.

له‌كاتێكیشدا دواکەوتنی په‌سه‌ندكردنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 کاریگەری راستەوخۆی لەسەر دۆخی ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەبێت، بە تایبەت لەسەر دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەردوو حکومەت، ئەرشەد تەها، پسپۆری ئابووری جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، تا هەولێر و بەغدا رێكنەکەون، نازانرێت ئەو بڕەى بۆ مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان دیاری ده‌كرێت چه‌ند ده‌بێت.

ئه‌و ئابووریناسه‌ گوتی: بودجه‌ هیچ رۆڵێكی له‌ ئابووری عێراق نه‌ماوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی عێراق به‌ رێژه‌ی 95% پشت به‌ داهاتی نه‌وت ده‌به‌ستێت، له‌كاتێكیشدا نرخی نه‌وت له‌ ده‌ره‌وه‌ی عێراق دیاری ده‌كرێت، بۆیه‌ قه‌باره‌ی كورتهێنانیش له‌ بودجه‌دا گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ و چاوه‌ڕێش ده‌كرێت بۆ ساڵی داهاتووش قه‌باره‌ی كورتهێنان رێژه‌كه‌ی بگاته‌ 40% تا 50%.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، عێراق بۆ مووچەی سێ مانگی کۆتايی ئەمساڵ قەرزی کردووه‌، دوای دابه‌شكردنى مووچەی مانگی 12 بۆ دابەشکردنی مووچەى ساڵی نوێ پێوستی بە یاسای بودجەی 2021 دەبێت، پێشبینیش دەکرێت بودجەی ئەمساڵی عێراق 135 ترلیۆن بێت و کورتهێنانیش سەرووى 40 ترلیۆن بێت، بە دواکەوتنی پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجەی 2021 دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عيراقيش دوادەکەوێت.

H.B