راپۆرتێكی ئیسرائیلی ئاشكرایكردووە پەیوەندیكردن لەگەڵ 10 دەوڵەتی ئیسلامی ھەیە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتەكەیان

سعوودیە لەگەڵ ئیدارەی سەرۆكی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ كار دەكات بۆ ئەوەی زۆر لە وڵاتانی دیكە هانبدات بەرەو واژووكردنی رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل
ئاڵای ئەمەریكا و ئیسرائیل و بەشێك لەو وڵاتانەی پەیوەندییەكانیان ئاساییكردووەتەوە لەگەڵ ئیسرائیل
ئاڵای ئەمەریكا و ئیسرائیل و بەشێك لەو وڵاتانەی پەیوەندییەكانیان ئاساییكردووەتەوە لەگەڵ ئیسرائیل

K24 – ھەولێر:

دەستەی پەخشی ئیسرائیلی، ئەمڕۆ یەكشەممە، رایگەیاند، لەگەڵ 10 دەوڵەتی دیكەی ئیسلامی پەیوەندیكردن لە ئارادا ھەن بۆ ئاسیكردنەوەی په‌یوه‌ندییه‌كانیان لەگەڵ ئیسرائیل. ئەمەش دوای رۆژێك دێت لە مەزندەكردنی كەناڵی 13 ئیسرائیلی بەوەی دەوڵەتی داھاتوو سه‌ڵته‌نه‌ی عومان دەبێت لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل.

دەستەی پەخش لە بەرپرسێكی باڵای ئیسرائیلی گواستووەتەوە، ئیسرائیل لە پەیوەندیكردن دایە لەگەڵ ھەر یەك لە پاكستان، ئەندەنووسیا، نەیجەر، مالی، جیبۆتی، دورگەكانی قەمەر، برۆنای، بەنگلادێش و مالدیف.

ئەو راپۆرتەی كەناڵی 13ی ئیسرائیلی گوتبووی، سعوودیە لەگەڵ ئیدارەی سەرۆكی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ كار دەكات بۆ ئەوەی زۆر لە وڵاتانی دیكە هانبدات بەرەو واژووكردنی رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل، كە لەوانەیە پێش ئەوەی ئیدارەی سەرۆكی ھەڵبژێردراو، جۆ بایدن لە مانگی داھاتوودا دەست بەكاربێت ئەو رێككەوتنانە واژوو بكرێن.

راپۆرتەكە گوتی: جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان لە نزیكەوە چاودێری رێككەوتنەكەی دەكرد، وەك ھەوڵێك بۆ رێگا خۆشكردن لە رێككەوتنێكی كۆتایی لە نێوان ئیسرائیل و سعوودییە. ھەروەھا راپۆرتەكە مەزندەیكردووە سەڵتەنەی عومان وڵاتی داھاتوو دەبێت لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل، بە تایبەتی دوای ئەوەی پەسنی رێككەوتنی مەغریب و ئیسرائیلی كرد.

ھەروەھا راپۆرتەكە گوتی: ئەندەنۆسیا، كە گەورەترین دەوڵەتی ئیسلامییە لە جیھان لە رووی دانیشتوانەوە، دەیەوێت پەیوەندییە گشتییەكان لەگەڵ ئیسرائیل درووستبكات.

كەناڵی 13ی ئیسرائیل گوتیشی: مەزندە ناكرێت لەمیانی چەند ھەفتەی داھاتوودا لەگەڵ سعوودیە بگەن بە رێككەوتنێكی ئاساییكردنەوەی تەواو، بەڵام دەكرێت ریاز قایل بكرێت بەوەی ھەندێك ھەنگاوی بچووك بەرەو ئاساییكردنەوە بگرێتەبەر.

دوای راگەیاندنی رێككەوتنی ئاساییكردنەوە لە نێوان ئیمارات و ئیسرائیل، ریاز قبووڵیكرد ئاسمانی سعوودییە بەكار بھێنرێت بۆ گەشتە ئاسمانیەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە.

ھەر لەو چوارچێوەیەدا، رۆژی ھەینی رابردوو، چەند سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی بۆ كەناڵی 12 ئیسرائلی جەختیانكردبووە لەوەی سعوودییە رۆڵی گێڕابوو لە رێككەوتنی ئاساییكردنەوە، كە ترەمپ نێوانگیری لە نێوان ئیسرائیل و مەغریبدا كرد.

چەند سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی ئیسرائیلی، كە ناوی خۆیان بە كەناڵە تەلەڤزیۆنییەكە نەدابوو، ئاماژەیانكردبوو بەوەی "ئەگەری زۆرە" ریازیش لەم نزیكانە ئامادەبێت بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل، وێڕای توڕەبوونی سعوودییە لە بڵاوكردنەوەی ھەواڵی ئەو دیدارەی مانگی رابردوو لە نێوان سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتنیاھۆ و بن سەلمان لە ھاوینەھەواری نیۆمی سعوودیە ئەنجامدرابوو.

ھەر یەك لە ئیمارات، بەحرەین، سوودان و مەغریب رێككەوتنی ئاسییكردنەوەیان لەگەڵ ئیسرائیل ئەنجامدا وەك ھەوڵێكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ پێكھێنانی بەرەیەكی یەكگرتوو لە رووبەڕووبوونەی ئێران و كەمكردنەوەی ھەژموونی ئێران لە ناوچەكەدا.