مەسرور بارزانی سەردانی ماڵی فرسەت سۆفی پارێزگاری كۆچكردووی ھەولێر دەکات

رەفتار و هەڵوێستە جوانەکانی د.فرسەت هەمیشە بە زیندوویی لە یادەوەریماندا دەمێننەوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ یەکشەممە 2020/12/27 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی ماڵی پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر د.فرسەت سۆفی کرد و لە نزیکەوە هاوخەمی خۆی بە بنەماڵەکەی راگەیاند.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان زیانێکی زۆری بەرکەوت بەهۆی لە دەستدانی کەسایەتییەکی لێهاتوو و برایەکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری وەک د.فرسەت سۆفی. بەڵام بێگومان رەفتار و هەڵوێستە جوانەکانی د.فرسەت سۆفی، هەمیشە بە زیندوویی لە یادەوەریماندا دەمێننەوە.

فرسەت سۆفی لە 21ی ئایاری 1978 لە گوندی گەزنەی سەر بە قەزای چۆمان لەدایکبووە. خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەییی لە سۆران تەواو کردووە. بۆ خوێندنی زانکۆ چووەتە ھەولێر. لە 2003 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە یاسا لە زانکۆی سەڵاحەدین وەرگرتووە، و ھەر لەو زانکۆیە بڕوانامەی ماستەری لە یاسای گشتی لە 2009 و بڕوانامەی دکتۆرای لە 2012 بەدەستھێناوە. لە 2009 تا 2013 لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر وانەبێژ بووە.

فرسەت سۆفی، لە 12/9/2019 به‌ ده‌نگی 27 ئەندام له‌ كۆی 28 ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هەولێر وه‌ك پارێزگار هه‌ڵبژێردرا. رۆژی 16/9/2019 وەک 41مین پارێزگاری هەولێر لەبەردەم نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوێندی یاسایی خوارد و رۆژی 17/9/2019 دەستبەکاربوو. ھەرچەندە ماوەی كاركردنی وەك پارێزگا كەم بوو، بەڵام كار و چالاكییەكانی لەناو خەڵك و دامەزراوەكانی دەنگدانەوەی زۆری ھەبوو، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا فرسەت سۆفی وەك پارێزگارێكی خەمخۆر شەو و رۆژ بۆ ھۆشیاركردنەوە و پاراستنی خەڵكی ھەولێر لەسەر لەناو ھاووڵاتییان و نەخۆشخانەكان بوو، دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا رۆژی 18/11/2020 لە ئەنقەرە گیانی لەدەستدا.