ماڵەکەی "شێخ مەحموود" لە گوندی داریکەلی كراوه‌ته موزەخانە
K24 - هه‌ولێر:
داریکەلی، دوا مەنزڵگای "شێخ مەحموودی حەفید"، ئەو خانووەی لە چلەکانی سەدەی رابردوو تا ئەو کاتەی كۆچی دوایی كرد، کراوە بە مۆزەخانەیەکی بچووك.
گوندی داریکەلی لە سنووری ناحیەی بازیان، ئەو گوندەیە، کە "شێخ مەحموود" ساڵانێکی زۆر تێیدا ژیاوە، تا ئەو کاتەی کۆچی دوایی دەکات، ئێستا ماڵەکەی "شێخ مەحموود" کراوە بە مۆزەخانەیەك و دانیشتوانی گوندەکەش چاودێری دەکەن، تا بەردەوام گەشتیار سەردانی گوندەکەیان و ماڵەکەی شێخ بکەن.
"ئەنوەر" دانیشتووی گوندەکەیە، ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکه سەرپەرشتی مۆزەخانەکە دەکات، بەشەو و رۆژ کەلوپەلەکان دەپارێزێت، تا گەشتیار رووبکه‌نە گوندەکەیان.
ئەنوەر جەوھەر، سەرپەرشتیاری مۆزەخانەی "شیخ مەحموودی حەفید" لە گوندی داریکەلی گوتی: "ماڵه‌ی مه‌لیك مه‌حموود، كه كراوه به مۆزه‌خانه، زۆرمان پێخۆشه، هه‌رچه‌نده هه‌ندێك شتی بۆ كراوه، به‌ڵام وه‌كو پێویست ئاوڕی لێنه‌دراوه‌ته‌وه".
لە رووی تەلارسازییەوە دەستکاری ماڵەکە نەکراوە، لەدیوی ناوەوەشدا کەلوپەلی کۆن و وێنەی "شێخ مەحموودی حەفید" ھەڵواسراوە.
ساڵانە زۆرترین گەشتیار سەردانی ماڵەکە دەکەن، زانیاری لەسەر مانەوەی شێخ لەداریکەلی، بەقەد دیواری ماڵەکەدا ھەڵوەسراوە، تا گەشتیاران زانیاریان لەسەری هه‌بێت.
ئەنوەر جەوھەر، سەرپەرشتیاری مۆزەخانەكه گوتیشی: "خه‌ڵك وه‌ك شوێنی مێژوویی سه‌ردانی ده‌كه‌ن، له هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان سه‌ردانی ماڵه‌كه ده‌كرێت، كورد، عه‌ره‌ب و ئینگلیز، له‌هه‌موو شوێنێكه‌وه خه‌ڵك دێن".
"شێخ مەحموودی حەفید" لە ساڵی (1941)ه‌وه تا ئەو کاتەی نەخۆش دەکەوێت و گیان لە دەست دەدات، لەگەڵ ھاوسەر و منداڵەکانیدا لە داریکەلی ژیاوە، بۆیە دانیشتوانی داریکەلی، وەك وەفایەك ھەمیشە چاویان لەسەر مۆزەخانەکەیە، کە خزمەت بکرێت، تا بەردەوام گوندەکەیان لەسەردانیکردن جمەی بێت.
د.ی