وه‌زیری به‌رگری توركیا و هاوتا عێراقییه‌كه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی داخراویان ئه‌نجامدا

عێراق و توركیا دۆخی سنووریان تاوتوێ كرد
خڵوسی ئاكار، وه‌زیری به‌رگری توركیا و جومعه‌ عیناد، هاوتا عێراقییه‌كه‌ی
خڵوسی ئاكار، وه‌زیری به‌رگری توركیا و جومعه‌ عیناد، هاوتا عێراقییه‌كه‌ی

K24- هه‌ولێر:

ئاژانسی ئه‌نادۆڵی توركی بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ خڵوسی ئاكار، وه‌زیری به‌رگری توركیا و جومعه‌ عیناد، هاوتا عێراقییه‌كه‌ی له‌ ئه‌نقه‌ره‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی داخراویان ئه‌نجامدا.

دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش وه‌زاره‌تی به‌رگری توركیا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، به‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌ی نێوان شاندی هه‌ردوو لا، هه‌ریه‌ك له‌ ئاكار و عیناد كۆبوونه‌وه‌یه‌كی داخراویان ئه‌نجامدا.

وه‌زاره‌تی به‌رگری توركیا ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، هه‌ردوو وه‌زیره‌كان له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌یاندا گفتوگۆیان له‌باره‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و پرسه‌ هه‌رێمییه‌كانی تایبه‌ت به‌ هه‌ردوو وڵات كرد.

هه‌روه‌ها گوتی: وه‌زیری به‌رگری توركیا بۆ هاوتا عێراقییه‌كه‌ی جه‌ختی له‌سه‌ر پرسه‌ ئه‌منییه‌كان و پارێزگاریكردن له‌ سنووره‌كان و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر كردووه‌ته‌وه‌.

‌هه‌روه‌ك دووپاتیكرده‌وه‌، ئه‌نقه‌ره‌ رێز له‌ یه‌كپارچه‌یی خاكی هه‌موو وڵاتانی هاوسنوور له‌گه‌ڵ توركیا ده‌گرێت، له‌وانه‌ش عێراق.

وه‌ك ئه‌نادۆڵ ئاماژه‌ی پێدا، ئاكار خواستی وڵاته‌كه‌ی بۆ هه‌ماهه‌نگی زیاتر و به‌رده‌وام له‌ نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و به‌غدا له‌ پرسه‌ جیاوازه‌كاندا كرده‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: ئه‌نادۆڵ

H.B