رێگە بە نانەواخانەكان نادرێت دەستكاری نرخ بكەن

نانەواخەناکانی سلێمانی کێشی نان کەمدەکەنەوە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

نانەواخانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دوای چەند رۆژێک لە ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرامبەر گرانبوونی نرخی پێداویستیەکانیان بەھۆی بەرزی بەھای دۆلار، دواجار قایمقامیەتی ناوەندی سلێمانی رێگەی نەدا ژمارە و نرخی نان دەستکاری بكرێت، بەڵکو بڕیاردرا بە کەمکردنەوەی کێشی نان، تا ھاووڵاتییان زەرەرمەند نەبن.

وەكخۆیان دەڵێن، لەمەودوا نانەواخانەكان ناتوانن بەھەمان کێشەوە نان بە موشتەرییەکانیان بفرۆشن. محەمەد نەوزاد ھەشت ساڵە نانەوایە باس لەوە دەکات، بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار لەلایەک زیانی بە نانەواخانەکان گەیاندووە لەلایەکی دیکەش بە ھاووڵاتییانی كەمدەرامەت. "چیدیکە نان ھەمان کێشی جارانی نابێت، بەڵکو  کێش و قەبارەکەشی کەمدەبێتەوە".

گوتیشی: "پێشتر فەردەی ئارد بە 24 ھەزار دینار بوو، ئێستا بە 33 ھەزار دینارە، بۆیە داوامان لە قایمقامی سلێمانی كرد رێگەمان بدرێت دەستكاری نرخ بكەین".

نوێنەری نانەواخانەکان و لیژنە ھاوبەشەکەی قایمقامیەتی سلێمانی رێكکەوتن لەسەر ئەوەی  کێشی گوتکی ھەویر لە 120 گرامەوە بکرێ بە 110 گرام، بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەش سەرجەم نانەواخانەکان ئاگادارکراونەتەوەو ھەرکەسێك سەرپێچی بکات، سزا دەدرێت.

لەشکر حەمید، سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکەی قایمقامیەتی سلێمانی بە كوردستان24ی گوت: "لەگەڵ نوێنەری نانەواخانەكان و چاودێری بازرگانی كۆبووینەوە و گەیشتینە ئەو ئەنجامەی كە نرخی نان وەكخۆی بمێنێتەوە كە 8 نان بە ھەزار دینارە، بەڵام كەم بكرێتەوە".

نانەواخانەکانی چەند رۆژێکە ناڕەزایی دەردەبڕن لەبەرامبەر زیادبوونی نرخی پێداویستیەکانیان، بەھۆی بەرزی بەھای دۆلار داوایان دەکرد شەش نان بکرێت بەھەزار دینار لە بری ھەشت نان، بەڵام رێگە نەدرا دەستکاری نرخ و ژمارەی نانەکان بکرێت، بەڵکو بۆ لەومەولا بەھەمان نرخەوە نان دەفرۆشن و تەنھا کێشی نانەکان کەمدەکرێنەوە.