بەرزبوونەوەی دۆلار دۆخی لوبنانیش دەشێوێنێ

K24 - ھەولێر
پارێزگاری بانکی ناوەندی لوبنان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاشکرای دەکات، سهردهمی دوای شەڕی ناوخۆ کۆتاییهات و بە فەرمی سهردهمێكی نوێ دوای داڕمانی ئابووری دەستپێدەکات.
بە درێژایی 30 ساڵ و لە دوای قۆناغی شەڕی ناوخۆ، کە ماوەی 15 ساڵ بەرۆکی وڵاتەکەی گرتبوو، بەیرووت توانی سیاسەتێکی نەختینەیی سەقامگیر دابڕێژێت، لە رێگەیەوە بەهای دۆلارێکی ئەمەریکی لە ئاستی 1507 لیرە جێگیر بکات. بەهۆیەوە لوبنان کەوتە رێگهی گەشانەوەو خۆشگوزەرانی، لوبنانییەکان بە سهردهمی زێڕینی ئابووری ناویان دەبرد، بەڵام لەگەڵ دەستپێکی شەڕی ناوخۆیی سووریا لە 2011 ئەو گەشانەوە و هەڵکشانە ئابوورییەی لوبنان رووی لە لێژی کرد، دەرهاویشتە نەرێنییەکانی ناسەقامگیری ناوچه سنوورییهكانی باکوور و ئاوارەبوونی سوورییەکان بوونە بارگرانی لەسەر هاوسەنگی خەرجییەکانی لوبنان. تەنانەت وەبەرهێنانیش، کە ئێستا وایلێهاتووە چارهنووسێكی رەشی ئابووری و دارایی چاوەڕوانی لوبنانییەکان دەکات.
ئەو کەسانەی ئێستا لە بازاڕەکانی لوبنان بازاڕی دەکەن، بە روونی هەست بەوە دەکەن کە لە هەموو شوێنێکن تەنیا وڵاتی خۆیان نەبێت، زۆرینەی کاڵا کوالێتی بەرزە جیهانییەکان لەسەر رەفەی فرۆشگاکانی لوبنان بوونیان نەماوە، ئەگەر هەشبێت نرخەکانیان چوار هێندە یاخود زیاترە، لە بەرامبەردا بازاڕەکان پڕبوونە لە بەرهەمی کوالێتی خراپ و کە بەشێکی زۆری لە تورکیا و میسر و سووریا هاوردە دەکرێت، هۆکارەکەشی بۆ داکەوتنی بەردەوام و بەرچاوی بەهای لیرە بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکی دەگەڕێتەوە.
لە لایەکی دیکەشەوە، بەهۆی کەمبوونەوەی قەبارەی فرۆشیان، لە چەند مانگی رابردوو ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا بیانییەکان لە بازاڕەکانی لوبنان کشاونەتەوە، هۆکارەکەشی بۆ لاوازبوونی توانای کڕینی لوبنانییەکان دەگەڕێتەوە، بە جۆرێک بە گوێرەی دوایین ئامارهكان 60% دانیشتووانی لوبنان له ژێر هێڵی هەژاری نزیکبوونەتەوە.
لە 80%ی کاڵا خۆراکییەکانی لوبنان لە دەرەوە هاوردە دەکرێن، کە ئەوەش هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی کاڵاکانە. بە تایبەت بەهای هەر دۆلارێک بۆ 8500 لیرە بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا تاوەکو ئێستا نرخی فەرمی لەلایەن بانکی ناوەندی وڵاتەکەوە بە 1500 لیرە دیاریکراوە.