ئەنجامی پشکنینی کۆرۆنا گوماناوییەکەی دهۆک دەرچوو

ئەنجامی پشکنینەکە، کە دەریدەخات پیاوەکە تووشی نەوە نوێیەکەی کۆرۆنا نەبووە
ئەنجامی پشکنینەکە، کە دەریدەخات پیاوەکە تووشی نەوە نوێیەکەی کۆرۆنا نەبووە

K24 - هەولێر

ئەنجامی پشکنینی ئەو پیاوەی گوماندەکرا تووشی نەوە نوێیەکەی کۆرۆنا بووبێت لە دهۆک، دەرچوو.

د. ئەفراسیاب موسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی پارێزگای دهۆک رایگەیاند "ئەو حاڵەتەی گوماندەکرا تووشی زنجیرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووبێت، دەرچوو و دەرکەوت ئەو کەسە تووشی کۆڤید 19 بووە، نەوەک زنجیرە نوێیەکەی کۆرۆنا".

دوێنێ د. ئەفراسیاب لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24، ئاشکرای کردبوو "پیاوێک لە بەریتانیا گەڕاوەتەوە دهۆک و گوماندەکرێت تووشی نەوە نوێیەکەی کۆرۆنا بووبێت، هەموو ئەو کەسانەی بەرکەوتەیان لەگەڵدا هەبووە ئاگادارکراونەتەوە و کەرەنتینە کراون و ئێستا چاوەڕوانی ئەنجامی پشکنینەکەی دەکەین".

ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی كوردستان پێشتر گوتبووی، ساردبوونەوەیەك بە ھاووڵاتییانەوە دەبینرێت لە جێبەجێكردنی رێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا و ئێمە نایشارینەوە ھاتووچۆ لە ھەرێمی كوردستانەوە لەگەڵ زۆربەی ئەو وڵاتانە ھەبووە، کە نەوە نوێیەکەی کۆرۆنایان لێ بڵاوبووەتەوە، ھەم وەكو گەشتوگوزار یان بازرگانی و پەیوەندی كۆمەڵایەتی".

نەوە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، سەرەتا لە بەریتانیا سەریهەڵدا، بەگوتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتەش بەڕێژەی 70٪ خێراتر بڵاودەبێتەوە، بەراورد بە ڤایرۆسی کۆرۆنای ئاسایی کۆڤید19(COVID-19).

بەلایەنی کەمەوە، چوار کۆمپانیای دروستکردنی دەرمان پێیان وایە ڤاکسینی دژەکۆرۆناکانیان لەدژی ئەو نەوە نوێیەی کۆرۆنا کاریگەریی هەیە، ئێستاش خەریکی تاقیکردنەوەن و ئەنجامی تاقیکردنەوەکانیشیان لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەردەکەوێت.

 

هـ.ر.