وەزارەتی تەندروستی ھۆشداری دەداتە ھاووڵاتییان
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی: ساردیەك بە ھاووڵاتییانەوە دەبینرێت لە جێبەجێكردنی رێكار و رێنماییە خۆپارێزی
K24 – ھەولێر
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، ساردبوونەوەیەك بە ھاووڵاتییانەوە دەبینرێت لە جێبەجێكردنی رێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا. ھۆشداریش دەدات دەبێ خەڵك پابەندبن بە ھەموو رێكار و رێنماییەكان و لەنێوان ھەرێمی كوردستان و ئەو وڵاتانەی نەوەی نوێی كۆرۆنا تێیاندا بڵاوبووەتەوە ھاتووچۆ ھەبووە.
ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "بەڵگە زانستییەكان پشتڕاستیان كردووەتەوە كە ئەم ڤایرۆسەی ئێستا بڵاوبووەتەوە ڤایرۆسێكی نوێی نییە و ھەر كۆرۆنایە، بەڵام ھەندێك گۆڕانكاری بەسەردا ھاتووە و شێوازی بڵاوبووەنەوەی خێراتر بووە و ھەموو تەمەنێك دەگرێتەوە، لە وڵاتان منداڵانیش وەك تووشبووی ئەو ڤایرۆسە تۆماركراون".
گوتیشی: "ساردبوونەوەیەك بە ھاووڵاتییانەوە دەبینرێت، لە جێبەجێكردنی رێنمایی و رێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەو وڵاتانەی ڤایرۆسەكەیان تێدا بڵاوبووەتەوە رێكارەكانیان توندتر كردووە و حاڵەتی مردن و تووشبوونیان زۆرە، نایشارینەوە ھاتووچۆ لە ھەرێمی كوردستانەوە لەگەڵ زۆربەی ئەو وڵاتانە ھەبووە، ھەم وەكو گەشتوگوزار یان بازرگانی و پەیوەندی كۆمەڵایەتی".
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، راشیگەیاند: "وەك چۆن حكومەتی ھەرێم لە گرتنەبەری رێوشوێن و رێكارەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا دەستپێشخەربوو، ئێستا بە ھەمانشێوە دەستپێشخەر دەبێت بۆ خۆپارێزی ھاووڵاتییان لەو ڤایرۆسە و رێكارەكان وەك خۆی جێبەجێ دەكرێت و لە دەروازە سنوورەكان چاودێری توند ھەیە".
سەبارەت ھێنانی ڤاكسین بۆ عێراق و ھەرێمی كوردستان، ئاسۆ حەوێزی گوتی: "ھێنانی ڤاكسین و ھەڵگرتن و دابەشكردنی بەسەر ئەو چینانەی كە دیاریكراوە، لەلایەن ھەرێمی كوردستان ھەموو ئامادەكارییەك كراوە".