"تەییبی ئازیز": ئەردۆغان و ماکرۆن نامە دەگۆڕنەوە

ماكرۆن و ئەرۆغان چەند نامەیەكیان ئاڵوگۆڕ كردووە و رازی بوون دەست بە گفتوگۆ بکەنەوە و پەیوەندییەکانیان پتەو بکەنەوە.
ماکرۆن و ئەردۆغان
ماکرۆن و ئەردۆغان

K24 - هەولێر

ماكرۆن و ئەرۆغان چەند نامەیەكیان ئاڵوگۆڕ كردووە و رازی بوون دەست بە گفتوگۆ بکەنەوە و پەیوەندییەکانیان پتەو بکەنەوە.

رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا نامەیەکی بەبۆنەی سەری ساڵی 2021 بۆ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا نووسیوە، تێیدا سەرەخۆشی لێ کردووە بەهۆی ئەو هێرشانەی ساڵی رابردوو لە فەرەنسا ئەنجامدران، بەگوتەی مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا کە هەینی (15-1-2021) بۆ میدیا ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی قسەی کردووە.

چاوشئۆغڵو دەڵێ ماکرۆن ئەم هەفتەیە "زۆر بە ئەرێنی" وەڵامی داوەتەوە و لە سەرەتای نامەکەی نووسیویەتی "تەییبی ئازیز" هەروەها گوتوویەتی ئامادەیە بۆ کۆبوونەوە.

چاوشئۆغڵو هەر لە باسی ناوەڕۆکی نامەکەی ماکرۆندا دەڵێ "سەرۆک ماکرۆن باسی لە گرنگیی تورکیا بۆ ئەوروپا کرد، هەروەها ئاماژەی بەوە دا پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا پەرەپێدەدات و دەیەوێت لە قۆناغی داهاتوودا چاوی بە سەرۆک ئەردۆغان بکەوێت".

سەرۆکایەتیی فەرەنسا، بەبێ روونکردنەوەی ناوەڕۆکی نامەکان، پشتڕاستی کردەوە نامە لەنێوان هەردوو سەرۆکدا ئاڵوگۆڕکراون.

ئەمە لەکاتێکدایە؛ ئێستا یەکێتیی ئەوروپا خەریکی ئامادەکردنی لیستێکە بۆ ئەوەی سزایان بخاتە سەر، بەهۆی ئەوەی ئەنقەرە بڕیاریداوە بەدوای گازی سرووشتیدا بگەڕێت لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لە نزیک قوبرس.

ساڵی رابردوو، ئەنقەرە و پاریس لەسەر کۆمەڵێک بابەتی نێودەوڵەتی بووە دەمەقاڵەیان، لەوانە: شەڕی سووریا، لیبیا و ناگۆرنۆ قەرەباغ.

جگە لە کێشە دیپلۆماسییەکان، هەردوو سەرۆک بە تووندی هێرشیان دەکردە سەر یەکتر لە میدیاکانەوە. لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ سەرۆکەکانی یەکێتیی ئەوروپا، ماکرۆن گوتبووی "تورک، شایەنی شتێکی ترن کە باشتر بێت لە سیاسەتەکانی ئەردۆغان".

لە مانگی ئۆکتۆبەری رابردووشدا کاتێک ماکرۆن گوتی "ئیسلام ئایینێکە کەوتووەتە نێو قەیرانەوە"، لە هەموو جیهانی ئیسلامی رەخنە لەو قسەیەی گیرا، تەنانەت لە زۆر وڵات بایکۆتی بەرهەمە فەرەنسییەکان کرا، ئەردۆغان ئەمەی "بە هەل قۆستەوە" و لە دوو شوێنی جیاوازدا گوتی "ماکرۆن پێویستی بە پشکنینی دەروونییە"، هەروەها ماکرۆنی بە "ئیسلامۆفۆبیا" تۆمەتبار کرد و داوای لە دەنگەدەرانی فەرەنسی کرد "تاوەکو زووە ماکرۆن لەکۆڵ خۆیان بکەنەوە".