گه‌نجێك حه‌وت ماری جیاواز به‌خێو ده‌كات

تیمساحیشی بەخێوکردووە
كه‌یوان كامه‌ران، (7) جۆری مار به‌خێوده‌كات
كه‌یوان كامه‌ران، (7) جۆری مار به‌خێوده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

کەیوان کامەران، گەنجێکی دانیشتووی پارێزگای سلێمانییە، خولیایەکی تایبەتی ھەیە، ئەویش بەخێوکردنی مارە، ھەر بۆیە ئێستا لە ماڵەکەیدا شوێنێکی تایبەتی بۆ مارەکانی تەرخان کردووە و حه‌وت ماری جۆراوجۆر بەخێو دەکات، ئەو لە منداڵییەوە خولیای ئەوەی ھەبووە، ئاژەڵە ترسناکەکان بەخێو بکات.

کەیوان رۆژانە چەند کاتژمێرێك لەم ژوورە بچوکەدا بەسەردەبات، لە ساڵی (2013)وە مار بەخێو دەکات، خۆی و خانەوادەکەی ھیچ ترسێکیان لە مار نییە، بۆیە رۆژانە مارەکانی لەچەندین شوێنی ماڵەکەیان بەڕەڵا دەکات و وەکو ھاوڕێیان لێھاتووە.

ئێستا کەیوان ئەو مارانەی بەخێوی دەکات، ژمارەیان (7) دانەیە و ھیچیان لە ھەرێمی کوردستان ناژین، بەڵکو لە وڵاتانی دیکەوە ھێناویه‌تی، ئاماژه‌ی كرد، بەخێوکردنی مار ئاسانە، لە رابردووشدا ھاوشێوەی مار، تیمساحیشی بەخێوکردووە، بەڵام ھاوڕێیەکی بەزۆر لێی ستاندووە.

کەیوان کامەران، گوتی: "مار پێویستی به‌ خواردنی زۆر نییه‌، ده‌توانی له‌ ماوه‌ی مانگێكدا، یه‌ك جار خواردنی پێ بده‌ی، ته‌نیا تۆزێك گۆشت بكه‌یته‌ ناو ئاوی گه‌رمه‌وه‌، ده‌یخوات".

کەیوان شارەزاییەکی زۆری لە بەخێوکردنی ماردا ھەیە و گوتی: "پێویستە مار شوێنەکەی تاریك و سارد نەبێت، لە رابردووشدا بەھۆی سەرما و نەبوونی کارەباوە، (30) مارم مردار بوونەتەوە"، خەونیشی ئەوەیە شوێنێکی گشتی بۆ تەرخان بکرێت، تا مار و چەندین جۆر ئاژەڵی دیکەی تێدا نمایش بکات.

لە جیھاندا نزیکەی (3) ھەزار جۆری مار ھەیە، تا ئێستا لەو رێژەیە، (250) جۆریان دۆزراونەتەوە، کە ژەھریان ھەیە، بەڵام مارەکانی کەیوان ھیچیان ژەھراوی نین و چەند جۆرێکن، وەکو: برمس و بوام، بەڵام ئەو مارانەی لە ھەرێمی کوردستان دەژین، چەند جۆرێکن، وەکو: زەردە مار و کوڵەوەیی مار و چەند جۆرێکی دیکەن.

د.ی