دوو گەنجی راپەڕین لە رێگەی چوونیان بۆ ئەوروپا كەوتنە ژێر شەمەندەفەر

كەسوكاری ئەو دوو گەنجە سوپاسی حكومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەن كە ھاوكاربووە لە گەڕاندنەوەی تەرمەكان
مەرگ رێگەی نەدا راستی و بەھرۆز بگەن بە ئاواتەكەیان
مەرگ رێگەی نەدا راستی و بەھرۆز بگەن بە ئاواتەكەیان

K24 – ھەولێر:

راستی و بەهرۆز دوو گەنجی دەڤەری راپەڕینن لە کۆتایی ساڵی 2020 بڕیاریاندا بەرەو ئەوروپا کۆچ بکەن. شەوی 22/23ی مانگی ڕابردوو لەکاتی پەڕینەوە لە هێڵی شەمەندەفەری لیگۆریا لەسەر سنوری ئیتاڵیا و فەرەنسا کەوتنە ژێر شەمەندەفەر و گیانیان لەدەستدا.

کەسوکاری راستی و بەهرۆز سوپاسی حکومەتی هەرێم و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا دەکەن، کە هاوکاری تەواویان کردوون تا بتوانن تەرمی رۆڵه‌كانیان بهێننەوە و لە زێدی خۆیان بەخاک بسپێردرێن.

کات درەنگانی شەوی 22/23ی مانگی دیسەمبەری 2020ە، لەکاتی دابەزین و رۆیشتن بەسەرهێڵە ئاسنینەکانی شەمەندەفەر پێش ئەوەی بتوانن بپەڕنەوە ژماره‌یه‌ك گه‌نجی كورد دەکەونە بەر شەمەندەفەر و دووان لەوانە، کە خەڵکی سنووری راپەڕینن گیانیان له‌ده‌ستدا.

راستی تەمەنی 23 ساڵ بوو و بەهرۆزیش تەمەنی 21 ساڵ بوو و پێشتر لە کوردستان کاری ئازادیان ده‌کرد و دواتر بڕیاری کۆچیان بەرەو ئەوروپا داوە.

دوای سێ هەفتە لە رووداوەکە، لەڕێگای نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم له ئیتاڵیا و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم، تەرمی راستی و بەهرۆز گەڕێندرایەوە هەرێمی کوردستان و لەحاجیاوا بەخاک سپێردران.

ساڵی 2020 بەبەراورد بە حەوت ساڵی رابردوو، بەپێی ئاماری رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، جیهان کەمترین رێژەی کۆچی بەخۆیەوە بینیوە، لەو ساڵەدا 35 کۆچبەری کورد لەڕێگای گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە.

لەو ژمارەیە ته‌رمی 18یان گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان و لەڕێگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە ئەوروپا و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کارئاسانی تەواویان بۆ کراوە. هێنانەوەی تەرمی راستی و بەهرۆز دواهەمینیان بوون.