چۆن دەچیتە بەغدا عەرەبیش نازانی!؟ قەیچیەکا ئەوانیش کوردی نازانن!!

Kurd24

زمانی فەرمی دەوڵەت ئەو زمانەیە کە خاوەن ئیعتیبارێکی یاسایی تایبەتە و نەریتیشە زمانی ئەو نووسراوانە بێت کە لە دەزگا فەرمیەکانی ناو حکومەتدا بەکاردێت ئەگەر زمانی بەشێکی گەلەکەش نەبێت.

لە جیھاندا 178 دەوڵەت خاوەنی یەک زمانی فەرمین لەکاتێکدا 101 وڵاتی جیھان زیاتر لەزمانێکی فەرمیان ھەیە و لە زۆر وڵاتیش زمانی فەرمی بەزمانی نیشتیمانی وەسف دەکرێت و وەسیلەیەکی بەھێزیشە بۆ پاڵپشتیکردنی پێکھاتە سەرەکییەکەی وڵات، زمانی ئینگلیزی بەربڵاوترین زمانی جیھانە کە لە 51 وڵاتدا موعتەرەفە و لەدوای ئەویش عەرەبی و فەرەنسی و ئیسپانی دێن. لە ریزبەندی پۆلێنی گرووپی زمانەکانی سامیشدا لە رووی قسەپێکردنەوە عەرەبی بە یەکەم و دەوڵەمەندترین زمان دادەنرێت کە لە 12 ملیۆن وشە پێکدێت و لەجیھان 467 ملیۆن کەس قسەی پێدەکات، وەک پۆلینیش بەچوارەم زمانی جیھان دادەنرێت لە رووی به‌کارھێنان و بەکارھێنەرانی تۆڕی ئینتەرنێتەوە، ھۆکاری سەرەکی و بەھێز مانەوەی زمانی عەرەبی وەک گرنگیەکی تایبەت ئەوەیە کە زمانی قورئانی پیرۆزە، جگە لەوەش زۆر لە سەرچاوەکانی ئایینی مەسیحی و یەھودی لە سەدەی ناوەڕاستەوە تاوەکو ئەمڕۆش بە عەرەبی نووسراوەتەوە بەتایبەت چاپەکانی کتێبی پیرۆز ئینجیل و تەوڕات «العهد الجديد والعهد القديم» لەبەرامبەردا ئەو بۆچوونانەی کە دەڵێن گوایە عەرەبی زمانی ئاخاوتنی ئەھلیبەھەشتە، بەپشت بەستن بەم فەرموودەیە «أحبوا العرب لثلاث: لأنني عربي والقرآن عربي وكلام أهل الجنة عربي»، ئەسڵ و ئەساسی نییە و دوورە لەڕاستی و  سەرچاوەی ئەم بۆچوونەش فەرموودەیەکی سەحیح نییە..

بە بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام لە نیمچە دوورگەی عەرەبی و تادەگاتە ئیسپانیا و شکانی موسڵمانەکان لە شەڕی «بلاط الشهداء» ساڵی 732 زایینی لە باشووری فەرەنسا و راوەستانی «فتوحاتی ئیسلامی» زمانی عەرەبی پێگەیەکی تایبەتی درەوشاوەی وەبەرکەوت، بەوەی بووە زمانی سیاسەت و زانست و ئەدەب و فکر و فەلسەفە و شیعر بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە کەوتنە ژێر رکێفی حوکمی موسڵمانان و بەشێوەیەک زمانی عەرەبی کاریگەرییەکی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر کۆمەڵێک زمانی زیندوو دروست کردووە وەکو کوردی و فارسی و تورکی و ئەمازیغی و مالیزی و ئەندەنووسی و ھەندێک زمانی ئەفریقی وەک ھاوسا و ئەمھوری، جگە لە ھەندێک زمانی ئەوروپی وەک ئیسپانی و پورتوگالی. لەدوای 2003 و بەتایبەت لەکاتی نووسینەوەی دەستووری عێراق زمانی کوردی حاڵی عەرەبی کرایە زمانێکی فەرمی دەوڵەتی عێراق و لە دەستوور جێگیرکرا، بەڵام تاوەکو ئێستاش لە نووسراوە فەرمییەکانی حکومەتی عێراق بەکارنایەت جگە لە لەچەند ناونیشان و رستەیەکی کوردی سنووردار نەبێت کە لەسەر پاسپۆرت و کارتی نیشتمانی و تابلۆی سەرەکی پەرلەمانی عێراق بەکارھاتووە، لە کەرکووکیش زمانی کوردی لەدوای 16 ئۆکتۆبەر لەپاشەکشەی بەردەوام دایە و تێبینی ئەوەش کراوە ئەو عەرەبانەی دانیشتووی ھەرێمی کوردستانن کاتێک چێشتخانەیەکیان ھەر شوێنێکی بازرگانی دەکەنەوە تابلۆی ناوی شوێنەکە و ناونیشانەکە بە عەرەبی دەنووسن نەک کوردی دیارە بۆیان لواوە!

لە ساڵانی حەفتا و تاوەکو ناوەڕاستی ھەشتاکانیش لەقوتابخانە عەرەبییەکانی عێراق وانەیەکی کوردی دەخوێنرا بەناوی «اللغةالكردية للناطقين بالعربية» بەجۆرێک لەگرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە کەناڵی ئەلعەرەبیە بڵاوی کردەوە، بینیمان چۆن سەدام حوسێن دانیشتووە و خۆی فێری زمانی کوردی دەکات، ئێستا بۆچوونی دەسەڵاتدارانی بەغدا ھەرچیەک بێت لەسەر زمانی کوردی و رادەی بەکارھێنانی ئەم زمانە لە فەرمانگە حکومییەکانی عێراق، بەڵام بۆ کورد باش نییە «نەیارانی» فێری زمانی کوردی ببن و چاودێری و بەدواداچوون بۆ نووسین و رۆژنامە و رادیۆ و کەناڵە کوردییەکان و ھەندێ بابەتیحەساس بکەن،  بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییش گەلێک لەگەلانی زیندووی دونیا ھەڵگری ئەم بۆچوونەن، لەبەرامبەردا بۆ کورد زۆر گرنگە سه‌رنج بخاته‌ سه‌ر فێربوونی عەرەبی و زمانەکانی تری دەورووبەری، پێغەمبەر «د. خ.» دەفەرمووێت «من تعلم لغة قوم أمن مكرهم» لەکاتێکدابەداخەوە لەدوای راپەڕین بەو نیەتەی ئەم ھەنگاوە خزمەتی کوردایەتی دەکات کە واش نییە و بە ئەزموون دەرکەوت بۆچوونێکی ھەڵەبوو، زمانی عەرەبی پێچەوانەی ئینگلیزی پشتگوێخرا، بەجۆرێک لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندن رۆژبەڕۆژ ڕێزمان و ئەدەبی عەرەبی لە پڕۆگرامەکانی خوێندن کەمکرایەوە تاوەکو بەم وەزعەی ئێستا گەیشت، جاران بەدەگمەن کوردێکت دەدیت عەرەبی نەزانێت، ئێستا بەدەگمەن کوردێک دەبینیت عەرەبی بزانێت!! مەبەستیشم لەزمان زانی نووسین و قسەکردنێکی پاراوە، نەک قسەکردنێکی شڕووپڕی پڕ دووکەڵ! 

ئێستا وایلێھاتووە ئەگەر لایەنێکی کوردی بیەوێت رۆژنامەیەک یان ماڵپەڕ و کەناڵێکی عەرەبی یان ئەنستیوتێکی دیراساتی عەرەبی دابمەزرێنێت دەبێت بەناچاری پەنا بۆ کارمەندی عەرەب ببەن بۆبەڕێوەبردنی ئەم ئۆرگان و سەنتەرە، چونکە بڕی پێویست کادیری کوردمان نییە کە عەرەبیزانی باش بن و بتوانن ئەو ئەرکە جێبەجێ بکەن، حاڵی حازر بەداخەوە زۆربەی دەرچووانی بەشی عەرەبی لەپەیمانگا و کۆلیژەکان ناتوانن داڕشتنێک بەعەرەبی بنووسن! ئەی ئەوانەی ھەڵگری ماجستێرو دکتۆرای ئەم چەندساڵەی دوایین؟ جورئەتی ئاخاوتنی دوو رستەی عەرەبیان نییە لەبەردەم کەناڵێکی عەرەبی و ھەندێکیشیان پۆستی موعتەبەریان ھەیە لەناو حزب و حکومەت و خۆشیان بەکەس نادەن، لەگەڵ ئەوپەڕی رێزم بۆ خەڵکی موستەحەق و خاوەن مستەوا، بەڵام دەبێت ئەوەش بگوترێت هەتا حەدێک گلەیی زۆر لەوانە ناکرێت کە عەرەبی نازانن لەبەر ئەوەی پێش راپەڕین لەبارودۆخێکی نائاساییدا ساڵانێک لەحەفتاکانەوە لە دەرەوەی کوردستان ژیاون، بەتایبەت ئەوانەی ئاوارەی ئێران بووینە، بەڵێ لەدوای راپەڕین گرنگیدانی زیاتر بە ئینگلیزی کارێکی زۆر باشبوو، بەڵام ھەردووکیان ئینگلیزی و عەرەبی دوو زمانی جیھانین دەبووایە ھەمان گرنگی بەعەرەبیش بدرێت؟ بوونی رۆژنامە و ماڵپەر و کەناڵی عەرەبی سەر بە کورد دەبێتە پەنجەرەی زیاتری کورد بەڕووی جیھانی دەرەوەدا وەکو بەراوردێکیش، لەوانەیە کورد زیاتر مامەڵە لەگەڵ ناوەندە عەرەبیەکان بکات وەکو بەغدا و ھەندێ وڵاتی عەرەبی، بەحوکمی سیاسەت و سنووری جوگرافی و زۆر ھۆکاری تر، لەکاتێکدا بوونی ئەو ھەموو کەناڵ و ماڵپەڕ و رادیۆ و رۆژنامە و گۆڤارە بەکوردی وەکو ئەوە وایە کەکورد: لەگەڵ خۆی قسە دەکات ؟! وەکو عەرەب دەڵێن "للاستهلاك المحلي".

ئەگەر ڕاشکاوانەتریش قسە بکەین ئەوا ھەموومان دەزانین ئێستا زۆرینەی خەڵکی کوردستان  بینەری دووسێ کەناڵی ئاسمانی و رۆژنامە و ماڵپەڕ و رادیۆن کە ئەوانیش زۆر بە روونی دیارە کامانەن، کەواتە ئەویتر ئەو ھەموو زۆری و بۆرییە و زیادە مەسرەفیە لەپێناوچی؟ جێگای تێبینییە وڵاتانی ئێران و تورکیا و ئەمه‌ریکا و چین و زۆربەی وڵاتە ئەوروپییەکان کەناڵ و ماڵپەر و رادیۆی عەرەبیان ھەیە، بۆیە بۆ ئێمەش زەروورە جگە لەکەناڵی عەرەبی کەناڵی تورکی و فارسیشمان ھەبێت، یان چەند سەعاتێکیان لەپەخشی کەناڵە کوردییە سەرەکییەکان بۆ تەرخان بکەین بەمەرجی ستافێکی شارەزاو پرۆفیشناڵ.

 ئەوەی جێگای تێبینیە ئەوەیە بەتایبەت لەدوای 2003 سەرکردایەتی سیاسی حزبەکانی کوردستان بەئیزدیواجیەت و بە پێوەری بانێکی دووھەوا، تەعامولیان لەگەڵ کاندیدانی کورد کرد بۆ بەغدا، بۆ نموونە ئەگەر کەسێک عەرەبی زان نەبووایە نەیاندەناردە بەغدا ببێتە وەزیر یان بریکار یان سەرۆک کۆمار یان بۆ ھەر پۆستێکی دیكه‌ی حکومی، بەڵام کەسانێک ئەگەر عەرەبی زانیشنەبوونایە کەچی رەوانەی بەغدا کراون بۆ کاری ئەندام پەرلەمانیەتی لەکاتێکدا ناو ھۆڵی پەرلەمان جێگای دەسەڵاتی یاسادانانە و جێگایەکی زۆر گرنگ و حەساسە و شەڕی کورد زیاتر لەناو پەرلەمانی عێراقە نەک حکومەت، بۆیە ئەو شەخسەی دەنێردرێتە پەرلەمانی عێراق نەک دەبێت عەرەبی بزانێت، بەڵکو مێژووی عەرەب و مەزاھیب و دابونەریتیشیان بزانێت تاوەکو بزانێت بەچ زمان و مەنتیقێک مامەڵەیان لەگەڵ بکات و لەمەکریان تێبگات.

یەعنی چی؟؟ ئەندام پەرلەمانی کورد ھەبووە لەماوەی چوار ساڵی کاری پەرلەمانتاریدا لەبەغدا بۆ بەرگریکردن لەمافی گەلەکەی لەناو ھۆڵی پەرلەمان و لەبەردەم کەناڵەکانی راگەیاندنی عێراقی و عەرەبی جورئەتی ئەوەی نەبووە بەدوو رستەی عەرەبی نقەی لێوە بێت و دەنگ ھەڵبڕێت وشڕۆڤەیەکی مەعقول بکات؟! . عەرەب دەڵێن «شر البلية مايضحك» تەنانەت کاندیدێکی کوردستان بۆ پەرلەمانی عێراق کە چوار ساڵی لەبەغدا بەبێدەنگی و بەکەڕوڵاڵی بە رێکرد «أطرش بالزفة!» کاتێک لێیان پرسیبوو : چۆن دەچیتە پەرلەمانی عێراق جوملەیەک عەرەبینازانی قسەبکەی؟ گووتبووی ئەوجا چیە ئەوانیش کوردی نازانن! بەڕاستی ئەوە جگە لەوەی کارەساتە مەھزەلەشە، والله دڵنیام ئەو چەند ساڵەی لەبەغدا  ئەگەر بەوجۆرە ئەندام پەرلەمانانە بەڕێ نەکرابا، ئەگەر بەستافێکی زۆر شیاوتر و بەتواناتربووایە لە قەدەر ئاستی بەرپرسیارەتی، زۆر شت کەئێستا روویداوە روویاننەدەدا و ھەرێمی کوردستانباجەکەی نەدەدا.

«لەگەڵ رێزم بۆ پەرلەمانتاری خاوەن کەفائەت » لەکۆتاییدا دەڵێین: تاکەی خه‌ڵکانێکی وا رەوانەی بەغدا بکرێت عەرەبەکانی عێراق بەشیعە و سوننەوە گاڵتەمان پێبکەن و بڵێن: «صدگ  كردي؟!».