وەزیری دەرەوەی تورکیا دەچێتە فەرەنسا

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەچێتە پاریس و لەگەڵ هاوتا فەرەنسییەکەی، بارودۆخی سووریا، هەردوو شەڕی ئۆکرانیا و غەززە و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ دەکەن.
ئاژانسی ئەنادۆڵۆ لەسەر زاری ژمارەیەک سەرچاوەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 02-04-2025، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە دەچێتە پاریس و لەگەڵ ژان نۆێل بارۆت، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کۆ دەبێتەوە.
بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، لە دیدارەکەدا، سەرەکیترین تەوەری کۆبوونەوەکان، دۆخی سووریا، شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، ئاسایشی یەکێتیی ئەووروپا و پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتیی ئەورووپا دەبێت.
لە فەرەنسا نزیکەی 800 هەزار تورک دەژین. لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵاتدا "باسی دۆخی ئەو هاووڵاتییە تورکانە لەگەڵ هێرشە ڕەگەزپەرستییەکانی سەریان" دەخرێنە بەرباس.
لەبارەی سووریاشەوە، تورکیا و فەڕەنسا بۆ چوونی جیاوازیان هەیە، تورکیا هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە رێکخراوی "تیرۆریستی" پێناسە دەکات، بەڵام فەرەنسا بە هاوپەیمانی خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش دەبینێت.