
کارزان سەباح هەورامی
نووسەر
كوردستان 24، میدیا سه‌نگینه‌كه‌ی كوردستان

یه‌كێك لەو گیروگرفتانه‌ی ڕووبه‌ڕووی وه‌رگری په‌یامی میدیایی بووه‌ته‌وه له كوردستان، بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی ناڕاسته، یان ترشوخوێ كردنه به هه‌ندێك بابه‌ته‌وه، له‌پێناوی كۆكردنه‌وه‌ی لایك و كۆمێنتی سۆشیال‌میدیا كه دواجار هه‌واڵ، یان بابەتەكە په‌یامی خۆی له ده‌ست ده‌دات. به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی ئێستا به‌شێك له میدیای كوردستان تێی كه‌وتوون، خه‌ریكه له په‌یامی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان لاده‌ده‌ن و ئامانجیان له‌جیاتی گه‌یاندنی زانیاری، كه‌وتوونه‌ته ڕاوی كۆكردنه‌وه‌ی لایك و كۆمێنت.
له دوایین به‌یاننامه‌ی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستان، به‌وردی باس له‌م مه‌ترسییه كراوه و داواش كراوه هه‌مواری یاسای ژماره‌ی 35ی ساڵی 2007ی یاسای ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی بكرێته‌وه، هه‌ندێك له دامه‌زراوه‌كانیش خه‌ریكه ده‌كه‌ونه هه‌ڵه‌ی زۆر گه‌ورەوە كه دواجار هه‌م كاریگه‌ریی خراپی سیاسی ده‌بێت، هه‌میش ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی تێك ده‌دات.
له‌نێو ئه‌م فه‌وزا گه‌وره‌ی ڕاگه‌یاندنی كوردی، به‌داخه‌وه جۆرێك له ده‌سته‌وه‌ستان و به‌دیار دانیشتنی دۆخه‌كه‌وه هه‌یه و هیچ هه‌نگاوێك بۆ رێكخستنه‌وه‌ی كاری میدیا له كوردستان نانرێت.
له‌ماوه‌ی ڕابردوودا شێوازی كاركردن و ستایلی "كوردستان 24" ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌رنجی بده‌ین و به‌ویژدانانه هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بكه‌ین، یه‌كێك له به‌هێزترین ئه‌و میدیایانه‌یه كه سه‌نگینانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كان كردووه. ئه‌م كه‌ناڵه نه‌بووه‌ته مینبه‌ری ونكردنی په‌یامه‌كه‌ی خۆی و به‌كارهێنانی سۆشیال‌میدیا بۆ مه‌رامی لایك و كۆمێنت. ئه‌م كه‌ناڵه ڕه‌نگه له‌پێناو ڕاگرتنی متمانه و دروستكردنی هاوسەنگی بۆ بینه‌ران و خوێنه‌ران و بیسه‌رانی، ڕه‌نگه زۆر شتی كردبێته قوربانی، كه ده‌كرا وه‌ك هه‌ندێك ده‌زگای میدیایی دیكه وه‌ك ڕاوه لایك به‌كاری بهێنێت. دواجار ته‌واوی هه‌واڵ و زانیارییه‌كانیشی له سه‌رچاوه‌ی نادیار و وروژاندنی بینه‌ر نییه، زۆربه‌ی به لێدوان و قسه‌كردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كان توانیویه‌تی زانیاریی گرنگه بۆ بینه‌رانی بگوازێته‌وه.
هه‌ر ده‌زگایه‌كی ڕاگه‌یاندن پشتی به بیركردنه‌وه‌ی عه‌قڵی لایك و كۆمێنت و وروژاندنی هه‌واڵی ناڕاست به‌ست، دواجار ته‌مه‌نی بینه‌ری زۆر نابێت و متمانه له‌ده‌ست ده‌دات. "كوردستان 24" له‌م خاڵه‌وه هه‌نگاوی گرنگی بڕیوه، جیا له‌وه‌ش، له‌ماوەی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا سپۆنسه‌ری گه‌وره‌ترین فێستیڤاڵ و ئاهه‌نگ و كۆڕ و سیمیناری زانستیی كردووه، ئه‌مه‌ش بۆ خودی ئه‌و میدیایه گرنگه، كه جگه له به‌رهه‌می هه‌واڵ و بابه‌تی ناوخۆیی، كه‌ناڵه‌کە بتوانێت سپۆنسه‌ری ئه‌و بابه‌تانه بكات و سوودی گشتیی هه‌یه.
به‌شێكی دیكه‌ی هه‌ڵه‌ی میدیایی له ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌كانی دیكه، به‌كارهێنانی میوانه له دژی یه‌كتری و دروستكردنی گفتوگۆی توند و به لاڕێدرابراو له‌پێناو سه‌رنجڕاكێشانی بینه‌ران، له‌كاتێكدا "كوردستان 24" به‌وریاییه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه كردووه و خۆی نه‌كردووه‌ته مینبه‌ری خاڵیكردنه‌وه‌ی هیچ ئایدۆلۆجیایه‌كی حزبی و توندوتیژیی ئایینی و سیاسی، هه‌روەها هاوسه‌نگیی سیاسی یه‌كێك له بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی میدیای متمانه‌پێكراوه، كه خۆشبه‌خانه ئه‌م كه‌ناڵه ڕۆژانه هه‌موو حزبه سیاسییه‌كان په‌یامی خۆیانیان تێیدا ده‌ده‌ن و په‌یامه‌كانیش شوێنی خۆیان گرتووه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه كۆمه‌ڵێك به‌رنامه‌ی گرنگی هه‌یه، كه ئاستی كۆمه‌ڵگا له تاوانه‌كان و سه‌رپێچییه یاساییه‌كان هۆشیار ده‌كاته‌وه، به‌تایبه‌ت به‌رنامه‌ی (شوێنپه‌نجه) و دروستكردنی هۆشیاریی گرنگ لای تاكی كۆمه‌ڵگا كه دواجار یاساشكێنان ناتوانن خۆیان ده‌رباز بكه‌ن. هه‌روه‌ها بایه‌خدان به كردنه‌وه‌ی كه‌ناڵێكی دۆكیومێنتاری كه ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌یری ئه‌و كه‌ناڵه بكرێت، زۆر گرنگه، چونكه ڕوویەكی جوان و شارستانیی كوردستان پیشانی جیهانی ده‌ره‌وه ده‌دات و كۆمه‌ڵێك فیلمی دۆكیومێنتاریی هه‌یه، كه له‌داهاتوودا نه‌وه‌ی نوێ ده‌توانن زۆر سوودی لێ وه‌ربگرن، هه‌رچه‌نده ده‌كرا به‌شێكی زۆری ئه‌و به‌رهه‌مانه وه‌ربگێڕدرایه‌ته سه‌ر زمانه جیاوازه‌كان.
ده‌بێت عه‌قڵی میدیای كوردستان له‌وه تێبگات، كه مه‌رج نییه ده‌زگای پڕ لایك و كۆمێنت باشترین ده‌زگا بێت، ڕاسته سۆسیالمیدیا ڕوویەکی كاریگه‌ر و به‌هێزی میدیای ئێستایه، به‌ڵام ناكرێت كۆكردنه‌وەی لایك ببێته گۆڕینی سیاسه‌تی ده‌زگایه‌ك به ئاراسته‌ی دروستكردنی فه‌وزایه‌كی میدیایی كه دواجار وه‌ك گاڵته‌جاڕیش ناوی بهێنرێت.
ئه‌م شێوه‌كاركردنه‌وه‌ی (كوردستان 24) جێگای ده‌ستخۆشییه و ده‌بێت گرنگیی پێ بدرێت و میدیا نابێت هه‌م ببێته دادوه‌ر و هه‌میش حوكم بدات، ده‌بێت ڕاستگۆیانه و پیشه‌ییانه ڕووماڵی ڕووداوه‌كان بكات و په‌یامی خۆیشی ون نه‌كات.