مەغریب.. بەهۆی وشکەساڵییەوە قوربانیکردن قەدەغەکرا

ئەو تایبەتمەندییەی جەژنی قوربانی پیرۆز کە لە هەموو بۆنەکانی دیکە جیای دەکاتەوە، قوربانیکردنە، بەڵام ئەمساڵ لە مەغریب بە فەرمانی شای ئەو وڵاتە قوربانیکردنی مەڕوماڵات بۆ جەژنی ئەمساڵ قەدەغەکراوە، هۆکارەکەشی وشکەساڵییە، بەهۆی وشکەساڵییەوە ڕێژەی مەڕوماڵات لە مەغریب زیاتر لە %30 کەمیی کردووە، هەر بۆیە خەڵكی مەغریب ئەمساڵ ناتوانن قوربانی بکەن.

فاتیمە کە هاووڵاتیەکی مەغریبیە و دەڵێت: "بڕیارەکە دانایانەیە، وێڕای ئەوەی جەژنی قوربان بێ قوربانیکردن تایبەتمەندییەکەی لەدەستدەدات، هەست بە کەشی پێش جەژن ناکەین، بۆ جەژن بەجۆش و خرۆش نین، پێشتر کەرستەی ناو چێشتخانەمان دەکڕی، بەڵام ئەمساڵ هیچ ناکڕین."

حەوتەمین ساڵە بەدوای یەکەوە مەغریب بەدەست وشکەساڵییەوە گیرۆدە بووە، بەهۆیەوە ژمارەی مەڕوماڵات بەڕێژەی زیاتر لە 30% کەمیی کردووە، قەدەغەکردنی قوربانیکردنی ئاژەڵانیش زیانێکی زۆری بە ئاژەڵداران گەیاندووە.

مەڕوان ئاژەڵدارە و لەوبارەوە گوتی: "لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان، ڕۆژانە خەرجیمان بۆ هەر مەڕێك 14 بۆ 15 درهەمە، واتا تەواوی ماوەی خەرجەییەکان دەگاتە 600 بۆ 700 درهەم، مێگەلێك مەڕمان بۆ فرۆشتن ئامادە کردبوو، بەڵام کاتێك قوربانیکردن قەدەغەکرا نرخی مەڕ بۆ نیوە دابەزی، بۆ نموونە ئەگەر نرخی مەڕێك بە پێنج هەزار درهەم بوایە، ئێستا بە دوو هەزار و 500 درهەم دەیفرۆشین."

پێشتر لە مەغریب لە رۆژانی جەژنی قورباندا شەش ملیۆن مەڕ دەکرایە قوربانی، نزیکەی 30 ساڵ دەبێت لە مەغریب بەهۆی وشکەساڵی و مەترسی کەمبوونەوەی مەڕوماڵات قوربانی قەدەغە نەکراوە، بەڵام ئەمساڵ لەبڕی قوربانی، مەغریبییەکان بڕێکی کەم گۆشتیان کڕیوە، تا لەسەر مێزی نانخواردن کەشی جەژنی قوربان دروست بکەن.

 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment